رووداو دیجیتاڵ
چەند رۆژێک پێش ئەوەی تەمەنی ببێتە 80 ساڵ، ترەمپ پشکنینی پزیشکیی ساڵانەی کرد و هێشتا ئەنجامەکەی بڵاونەکراوەتەوە. پار دکتۆرەکەی گوتبووی، تەمەنی دڵی ترەمپ 14 ساڵ لە خۆی گەنجترە.
ترەمپی کۆماری، کە بەتەمەنترین سەرۆکە تاوەکو ئێستا دەستبەکاربووبێت، چەندین جار شانازیی بە چالاکیی دەروونی و جەستەیی خۆیەوە کردووە بەراورد بە جۆ بایدن، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا کە دیموکرات بوو.
رۆژی سێشەممە 26-05-2026 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە نەخۆشخانەی سەربازیی (وۆڵتەر رید) پشکنینی پزیشکیی ساڵانی کرد. ئەمەش دوای ئەوەی چەندین گومان و پرسیار هەبوون لەسەر ئەوەی، بۆچی لە کۆبوونەوەکان خەواڵووە و جارێکیش دەستی شین ببۆوە.
بەگوێرەی خشتەی رۆژانەی، بڕیارە ترەمپ دوای پشکنینەکە لە کۆشکی سپی کۆبوونەوەیەک بکات، کە جەنگی ئێران تەوەری سەرەکیی دەبێت.
کۆشکی سپی بە شێوەیەکی ئاسایی لە ماوەی چەند کاژێرێک یان چەند رۆژێکدا پوختەی پشکنینە پزیشکییەکانی سەرۆک بڵاودەکاتەوە، بەڵام رادەی ئەو وردەکارییەی دەیدات بە تەواوی لەژێر بڕیاری خۆیدایە.
ترەمپ لە 14ـی حوزەیراندا دەبێتە 80 ساڵ، بۆنەیەک کە هاوکاتە لەگەڵ یارییەکی شەڕی نێو قەفەزی (UFC) کە بڕیارە لە حەوشەی کۆشکی سپیدا بەڕێوەبچێت و چاوەڕوان دەکرێت هەزاران بینەری هەبێت.
ماوەیەکی درێژە بەهۆی نەبوونی شەفافیەت لەبارەی تەندروستییەوە، ترەمپ رووبەڕووی رەخنە بووەتەوە. پار دوو پشکنینی پزیشکیی کرد، یەکێکیان لە مانگی نیساندا بوو، ئەوەی دیکەیان لە مانگی تشرینی یەکەمدا بووە کە بە سەردانێکی رانەگەیێنراو چووە نەخۆشخانە و لێشاوێک گومانی دروست کرد.
هاوینی رابردوو، کۆشکی سپی رایگەیاند، ترەمپ لەبەر ئاوسانی قاچەکانی، پشکنینی بۆ کراوە و دەستنیشانکراوە کە تووشی (chronic venous insufficiency) بووە، حاڵەتێکی باوە و تێیدا خوێن کۆدەبێتەوە و دەبێتە هۆی ئاوسان.
لەوکاتەوەی لە ساڵی 2025ـەوە گەڕاوەتەوە دەسەڵات، ترەمپ زۆرجار بە شینبوونەوەی دەستی راستییەوە دەرکەوتووە، کە زۆربەی کات بە ماکیاژ داپۆشراوە. کۆشکی سپی هۆکارەکەی بۆ ئەو حەبی ئەسپرینە گەڕاندووەتەوە کە وەک بەشێک لە کۆرسی تەندروستیی دڵ و خوێنبەرەکان وەریدەگرێت.
دوای پشکنینەکەی مانگی تشرینی یەکەمی پار، ترەمپ گوتی پشکنینی تیشکی (MRI) دەریخستووە تەندروستیی دڵ و خوێنبەرەکانی "نایابە." پزیشکەکەشی، شۆن باربابێلا، لە نامەیەکدا نووسیبووی تەمەنی دڵی ترەمپ "نزیکەی 14 ساڵ لەخۆی گەنجترە."
.jpg&w=3840&q=75)