رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوی هیومەن رایتس وۆچ بۆ چاودێریی مافی مرۆڤ لە راپۆرتێکی نوێدا رایگەیاند، ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی ئاسانکاریی کردووە بۆ دامەزراندن و راهێنانی چەکدارانی کۆڵۆمبی بۆ پشتیوانیکردنی گرووپێکی نیمچە سەربازی کە بە کۆمەڵکوژی لە سوودان تۆمەتبار کراوە.
لە ماوەی سێ ساڵ لە شەڕی نێوان سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانیی خێرا (RSF)، نزیکەی 200 هەزار کەس کوژراون و شەڕەکە بووەتە هۆی یەکێک لە خراپترین قەیرانە مرۆییەکانی جیهان.
راپۆرتەکەی هیومەن رایتس وۆچ، کە رۆژی دووشەممە 25-05-2026 بڵاوکرایەوە، بە وردی باسی ئەوە دەکات چۆن سەربازانی پێشووی کۆڵۆمبی، کە لەلایەن کۆمپانیا تایبەتەکانی پەیوەست بە کەسایەتییە نزیکەکان لە حکومەتی ئیماراتەوە بەکرێگیراون، لە پاڵ هێزەکانی پشتیوانیی خێرا لە سوودان شەڕیان کردووە.
ماوسی سیگون، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری بەشی ئەفریقای هیومەن رایتس وۆچ، رایگەیاند: "دامەزراندنی بەکرێگیراوە سەربازییە تایبەتەکانی کۆڵۆمبی، بەڵگەیەکی دیکە دەخاتە سەر ئەو بەڵگە زیادبووانەی کە ئیمارات پشتیوانیی سەربازیی هێزەکانی پشتیوانیی خێرا دەکات، کە چەندین جار کاری دڕندانەی قێزەونیان لە سوودان کردووە."
سەربازانی پێشووی کۆڵۆمبی، کە ئەزموونی شەڕی بەرفراوانیان لە جەنگی چەکداریی 60 ساڵەی وڵاتەکەی خۆیانەوە هەیە، زۆرجار لەلایەن لایەنە شەڕکەرەکانەوە لە جەنگەکانی دیکەدا بەکاردەهێنرێن.
بەگوێرەی راپۆرتەکەی هیومەن رایتس وۆچ، ئەوان لە کاتی هەندێک لە خراپترین رووداوەکانی سووداندا ئامادە بوون، وەک دەستبەسەرداگرتنی دڕندانەی شاری فاشر لە دارفوور لە ساڵی 2025ـدا. هەروەها بەڵگە هەیە لەسەر بەشداریکردنیان لە بەکارهێنانی هاوەن، چەکی قورس و درۆن، هەروەها راهێنانی منداڵانی چەکدار.
لێکۆڵینەوەیەکی ئاژانسی فرانس پرێس لە مانگی کانوونی یەکەمدا وردەکاریی شێوازی دامەزراندنەکەی ئاشکرا کردبوو، لەنێویاندا بەشداریکردنی کۆمپانیای ئیماراتیی (Global Security Services Group - GSSG) لەگەڵ کۆمەڵێک کۆمپانیای دیکە لە کۆڵۆمبیا و پەنەما.
کۆمپانیای GSSG لەلایەن ئەحمەد محەممەد حومەیری، ئەمینداری گشتیی دیوانی سەرۆکایەتیی ئیماراتەوە دامەزراوە.
ئیمارات ئەو تۆمەتانە رەتدەکاتەوە. بەرپرسێکی حکومی رایگەیاند، وڵاتەکەی "رێگە نادات خاکەکەی بۆ دامەزراندن، راهێنان، پارەدارکردن یان گواستنەوەی چەکدارانی بیانی بۆ هیچ ململانێیەک، بە سوودانیشەوە، بەکاربهێنرێت."
پار، کۆڵۆمبیا یاسایەکی لە کۆنگرێسدا دەرکرد کە چالاکیی بەکرێگرتن قەدەخە دەکات، بەڵام دامەزراندنی چەکداران هێشتا بەردەوامە.
نەتەوە یەکگرتووەکان خەمڵاندوویەتی، 10 هەزار کۆڵۆمبی بۆ بەشداریکردن لە ململانێکانی سەرانسەری جیهاندا دامەزراون.
