رووداو دیجیتاڵ
شەپۆلێکی تووندی گەرما چەندین وڵاتی ئەورووپای گرتووەتەوە و ژیانی رۆژانەی خەڵکی سەخت کردووە. لە شارۆچکەی سوستۆنس لە باشووری رۆژئاوای فەرەنسا، گەرما گەیشتووەتە ئاستێک کە چیدیکە بەرگەی ناگیرێت.
قوتابخانەی سەرەتایی (ئایل ڤێرت) لەو شارۆچکەیە ناچار بوو دوای نیوەڕۆی رۆژانی پێنجشەممە و هەینی دەرگاکانی دابخات. هۆکارەکەش دیزاینی قوتابخانەکەیە؛ سەقفێکی شووشەیی گەورەی هەیە کە لەم گەرمایە دا وەک فڕنی لێ هاتووە، تەنانەت هەندێک لە قوتابییەکان بەهۆی گەرماوە بوورانەوە و رشانەوە.
ئۆدری دۆبۆردیۆ، کە دایکی یەکێک لە قوتابییەکانە، سەبارەت بەو دۆخە دەڵێت: "ئەمە باڵەخانەیەکە کە سەقفێکی شووشەیی گەورەی هەیە و لە زستاندا زۆر باشە. بەڵام لە هاویندا، پلەی گەرما لە ژێر ئەو سەقفە شووشەییەدا دەگاتە دەوروبەری 50 بۆ 52 پلە، و لە ناو پۆلەکاندا دەگاتە 38 پلە."
تەنیا ئەو قوتابخانەیە نییە، بەڵکو فەرەنسا بە گشتی لەژێر کاریگەریی شەپۆلێکی گەرما دایە. لە شاری ئەنگۆلیم پلەی گەرما گەیشتە نزیکەی 38 پلە. لە ئیتاڵیاش بە هەمان شێوە پلەی گەرما بەرز بووەتەوە؛ وەزارەتی تەندروستی لە پێنج شار دا هۆشداریی راگەیاندووە و گەشتیارانیش پەنایان بۆ سێبەر و خواردنەوەی ئاوی زۆر بردووە.
جۆش رێن، کە گەشتیارێکە، باس لە گەرماکە دەکات و دەڵێت: "ئەمجارە زۆر گەرمە، بە تایبەت بۆ کۆتاییەکانی مانگی ئایار. دەبووایە پلەی گەرما لە سەرەتای بیستەکاندا بێت، بەڵام ئێستا لە کۆتاییەکانی سییەکان دایە، ئەمەش بێگومان کەمێک زیاد لە پێویست گەرمە."
هاوکات بەریتانیا گەرمترین رۆژەکانی مانگی ئایاری لە مێژووی خۆی دا تۆمار کرد. لە لەندەنی پایتەخت پلەی گەرما گەیشتە 35 پلە، ئەمەش وای لە خەڵک کرد بۆ خۆفێنککردنەوە پەنا بۆ مەلەکردن لە رووباری تایمز ببەن.
دێک گارڤین، هاووڵاتییەکی بەریتانییە لەبارەی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما دەڵێت: "لە رۆژێکی گەرمی وەک ئەمڕۆدا، پلەی گەرمای لەندەن نزیکەی 35 پلەیە. پێموایە ئەمە گەرمترین رۆژی مانگی ئایارە لە ماوەی سەدەیەکدا... یان تەنانەت لە مێژووشدا. بۆیە مەلەکردن لێرە زۆر باشە بۆ خۆفێنککردنەوە. لەگەڵ باشتربوونی کەشوهەوای لەندەن و پاککردنەوەی رووباری تایمز، ئێرە بووەتە شوێنێکی زۆر خۆش بۆ ئەوەی سەردانی بکەیت."
هاوکات پسپۆڕان و کەشناسان هۆشداری دەدەن، گۆڕانی کەشوهەوا کە بەهۆی چالاکییە مرۆییەکانەوە دروست بووە، وای کردووە ئەم جۆرە شەپۆلانەی گەرما تووندتر و درێژتر بن.