گوڵستان پەروەر: هاوژینی ئۆجەلان بە شڤانی گوتبوو دەست لە گوڵستان بەردە

01-02-2018
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن گوڵستان پەروەر
A+ A-

بەشی هەشتەم
رووداو - هەولێر 

خانمە هونەرمەندی ناوداری كورد گوڵستان پەروەر، هەموو شەوانێكی شەممە، لە رادیۆی رووداوەوە میوانی پێشكەشكاری ناودار هیڤیدار زانایە. دوو كچە كوردی باكووری لەو بەرنامەیەدا گفتوگۆیەكی سەرنجڕاكێش دەكەن. گوڵستان بەبێ سانسۆر ئەزموونی ژیانی تایبەتی و ژیانی هونەری و سیاسیی خۆی و شڤان پەروەر دەگێڕێتەوە. ئێمە لەبەر گرنگیی ئەو گفتوگۆیە، بە باشمان زانی لە هەفتەنامەی رووداوەوە بە زنجیرە دووبارە بڵاویبكەینەوە.


گوڵستان لەم بەشەی هەڤپەیڤینەكەدا باس لەوە دەكات كە لە دووڕیانێكدا بووە: ئایا كوڕەكەی گەورە بكات، یان شەڕی سەلماندنی وجودی خۆی بكات و وەڵامی هەڤاڵەكانی بداتەوە كە ئەو بەهۆی دایكایەتییەوە لە چالاكی نەكەوتووە.

رووداو: لە لوبنان دەگەڕێنەوە ئەڵمانیا، پێشتر باست كرد كە رەوشی ئابووریتان لە ئەڵمانیا زۆر خراپ بوو، شوێنەكەتان زۆر تەنگ بوو. بڕیارتان نەدا شوێنەكەتان بگۆڕن، چونكە ئیدی دەبوون بە سێ‌ كەس؟

گوڵستان: نەخێر. من بیرم لەوە نەدەكردەوە كە دەبم بە دایك و بەرپرسیارێتیم دەكەوێتە ئەستۆ، شڤانیش هەر وابوو. شڤان هەر خەریكی ئەوە بوو چۆن گۆرانییەكی باش بەرهەم بێنێ‌، چۆن كۆنسێرتێكی باش بكات. كوردێك لە كوێ‌ هەبێ‌ ئەو بچێ‌ كۆنسێرتی بۆ بكات. منداڵێك دێت، بەڵام هیچ ئامادەكارییەكی بۆ نەكراوە. كە منداڵەكەی ناوسكم كەمێك گەورە بوو، زۆرتر لە ماڵەوە دەمامەوە، بەڵام شڤان هەر لە دەرەوە بوو.  

رووداو: هەر لە خانووە كۆنەكەتان مانەوە؟

گوڵستان: راستییەكەی كوردێك لەوێ‌ هەبوو پێیگوتم گوڵستان تۆ دەتوانی بچی داوا لە شارەوانی بكەی خانوویەكی گەورەترت بدەنێ، چونكە تۆ منداڵت دەبێ‌. چووینە شارەوانی و داواكارییەكەمان پێشكەشكردن. من لە نەخۆشخانە بووم كە شڤان هات گوتی شارەوانی خانووی نوێی پێداوین. دواتر داوای لە كوڕێكی ماردینی كرد كە وەكو تەكنیككاری دەنگ لە گرووپەكەمان كاری دەكرد، خانووەكەمان بۆ نۆژەن بكاتەوە. دوای هەفتەیەك هاتمەوە ماڵ، ماڵەكە یەك شتی تێدا نەبوو. من نەخۆش و منداڵ ناحەوێتەوە. منێكی منداڵ تەمەنم 17 ساڵە نەمدەزانی چی بكەم. لەو كاتەدا ئەو كوڕە هات كە ناوی خەلیل بوو، پێمگوت كاكە ئەو خانووە تەنانەت تەباخێكی تێدا نییە خواردنێكی پێ‌ ئامادە بكەم، ئاوێكی پێ‌ گەرم بكەم، شیرێك بۆ سەرخۆبوون دروست بكەم. خەلیل چوو فڕنێكی بۆ كڕیم، دواتر شڤان هەندێك شتی هێنا. پاشان كاك خەلیل هەندێك شتی لە دەستی دوو بۆ كڕین. 

رووداو: بۆ تۆ ناخۆش نەبوو ئافرەتێكی پڕ چالاكی، لە ماڵەوە دابنیشی؟

گوڵستان: سەرخۆبوون تەمەنی بووە 40 رۆژ، شڤان لە بۆخوم گەڕایەوە كوێڵن، پێمگوت ناتوانم لە ماڵەوە دابنیشم، چونكە بە تەنیا بووم و كەسیش سەردانی نەدەكردم.  

رووداو: ئەی هەڤاڵەكانت بۆ پشتیان تێكردی؟

گوڵستان: ئەوان وایان بیردەكردەوە كە مادام من بووم بە دایك، ئیدی سوودم بۆ ئەوان نەماوە و بە كەڵكی كاری ئەوان نایەم و رۆڵی من تەواو بوو. ئەوان پێیان سەیر بوو من چۆن منداڵم دروستكردووە، وەكو ئەوەی قەباحەتێكم كردبێ‌. شڤان گوتی ئەگەر دەتەوێ‌ تێكەڵی خەبات ببیتەوە، سەرخۆبوون بدە ماڵێك. شڤان برادەرێكی هەبوو لە فرانكفۆرت، ژنەكەی ئەڵمان بوو. گوتی منداڵەكە بدە ئەوان با بۆمان بەخێوبكەن. ئێستا من بیر لەوە دەكەمەوە بە چ ویژدانێك منداڵێكی 40 رۆژەم تەسلیمی خێزانێك كردووە!! من هەڵەیەكی زۆر گەورەم كرد، قەت لە خۆم خۆشنابم.

رووداو: تۆ ناچاربووی یان ناچاركرای منداڵەكەت تەسلیمی ئەو خێزانە بكەی، چونكە دەڵێی بە چاوێكی كەم سەیریان دەكردم، تۆ دەتویست خۆت بسەلمێنی؟


گوڵستان: بێگومان ئەوە كاریگەری هەبوو. من و شڤان سواری ئۆتۆمبێل بووین، كوڕەكەمان برد تەسلیمی ژنێكی ئەڵمانمان كرد. 

رووداو: ژنەكە بە دڵی بوو؟

گوڵستان: نازانم. كوڕەكەم تەسلیم كرد و گەڕامەوە نێو خەبات. دوای مانگێك تەلەفۆنیان بۆ كردین گوتیان كوڕەكەتان لە نەخۆشخانەیە. كە گوێم لەو قسەیە بوو خۆزگەم دەخواست بمرم. ئەوە چ ژیانێكە من تێیدام. خۆزگە سەرخۆبوونم نەهێنابا سەر دونیا. كە چووم بۆ نەخۆشخانە بینیم هەموو گیانی گول بووە. چۆن لەلای ئەو ژنە داماننابوو قەت پاكی نەكردبووەوە. سەرخۆبوونم هەڵگرت و هێنامەوە ماڵەوە.

رووداو: شڤان ئەوكات چی گوت، هەستی كرد كە بڕیارێكی هەڵەی داوە؟

گوڵستان: (بە گریانەوە) بیرم نایەت.

رووداو: ببوورە بیرەوەرییەكی ناخۆشم بیرخستییەوە.

گوڵستان: هەر كاتێك ئەو شتەم بیردەكەوێتەوە خۆم بە گوناهبار دەزانم. دەبێ‌ سەرخۆبوون لێم ببوورێ‌؟

رووداو: كە سەرخۆبوونتان هەڵگرت، چوونەوە ماڵەكەتان لە كوێڵن، یان چوون بۆ بۆخوم؟

گوڵستان: نەخێر هاتمەوە ماڵەوە. جاروبار دەچووم بۆ بۆخوم سەرخۆبوونیشم لەگەڵ خۆم دەبرد.

رووداو: تۆ لە خەبات و گرووپ و میوزیك دووركەوتیتەوە، پێت ناخۆش نەبوو؟

گوڵستان: من زۆر تەنیا بووم. كوردیش كەم بوون، هیچ دراوسێیەكی كوردم نەبوو، نەمدەزانی ئۆتۆمبێل لێبخوڕم، زمان نازانم.

رووداو: شڤان چەند رۆژ جارێك دەهاتەوە ماڵ؟

گوڵستان: بە باشی بیرم نەماوە، هەفتەی جارێك، 10 رۆژ جارێك.

رووداو: ئەو ژیانەت هەتا كەی بەردەوام بوو؟

گوڵستان: كە سەرخۆبوون بوو بە شەش مانگ جاروبار دەچووم بەشداریی كۆنسێرتەكانم دەكرد. كە دەچوومە سەر ستەیج سەرخۆبوونم لەلای خەڵكەكە دادەنا. نزیكەی سێ‌ ساڵ بەو جۆرە كار و خەباتم كرد.

رووداو: ئەوكات حەزت لەوە بوو كە بەردەوام بی لەسەر كاری هونەری، یان هەستت دەكرد ناچاری؟

گوڵستان: من ئێستا بیر دەكەمەوە، بۆچی ئەوكات لە ماڵ دانەنیشتم و كوڕەكەم گەورە نەكرد! ترسێك هەبوو كە تۆ رەتبكرێیتەوە. وا بیرم دەكردەوە ئەگەر لە ماڵ دابنیشم بە چاوێكی كەم سەیرم دەكەن. بیرمە ئەوكات كەسیرە ئۆجەلان لە ئەڵمانیا بوو، ئەوكات سەرخۆبوون یەك ساڵ بوو، كەسیرە زۆرجار دەهاتە ماڵمان.

بیستمەوە كە بە شڤانی گوتبوو دەست لە گوڵستان بەردە، تازە گوڵستان بە كەڵك نایەت و بووەتە ژنی ماڵ، بووە ژنێكی كلاسیك. من زۆر بەوە تووڕە بووم. چونكە كەسیرە دەیگوت من شۆڕشگێڕم و بەرگری لە مافی ژنانی كورد دەكەم، دەبێ‌ ژن تێكەڵی شۆڕش ببن. بەڵام كاتێك من منداڵم دەبێ‌ ئیدی ژنێكی بێكەڵكم، ناتوانم بچمە سەر شانۆ و گۆرانی بڵێم. ناتوانم هیچ بۆ شۆڕش بكەم، ئیدی ئەوە زۆر ئازاری دام. من لەوە دەترسام پشتم تێبكەن، بۆیە لەسەر كار و خەبات بەردەوام بووم.

رووداو: ئەی نەدەچووی بۆ كۆرسی زمان؟ هیچ كۆرسی زمان نەبوو بۆ كۆچبەران؟

گوڵستان: با هەبوون، هەموو شتێك هەبوو، بەڵام من چۆن لە كوردستان دەژیام، لەوێش هەر بەو جۆرە دەژیام، هیچ گۆڕانكارییەكم بەسەردا نەهاتبوو. من لەنێو شەڕی خۆسەلماندندا بووم.

رووداو: پەیوەندیشت لەگەڵ كەسوكارەكەت نەمابوو؟

گوڵستان: ماڵباتەكەم حاشایان لێكردبووم. دایكم جاروبار كاسێتی بۆ دەناردم. ژنێك لە هۆڵەندا گەڕابووەوە كوردستان، منیش دەنگی خۆم تۆمار كرد و بۆم نارد. نەمدەتوانی تەلەفۆن بۆ ماڵی بابم بكەم، چونكە تەلەفۆنەكەیان لەژێر چاودێریدا بوو.

رووداو: دواتر دەچنە سوێد، بۆچی لە ئەڵمانیا نەمانەوە، ئەو بڕیارە چۆن بوو؟

گوڵستان: بەر لەوەی سەرخۆبوون لەدایك بێ‌ چووبووم بۆ سوێد، مامۆستا جگەرخوین كە من بە هەڵبەستەكانی ئەو بەتەواوی فێری كوردی بووم و بە هەڵبەستەكانی ئەو ناسرام، لە سوێد بوو، لەوێ‌ كۆنسێرتێكی زۆر جوانمان كرد. دواتر مەحموود باكسی كە ئەویش نووسەرێكی كوردە و هاتوچۆی ئێمەی دەكرد لە ئەڵمانیا، پێیگوتم ئیقامەتان هەیە؟ گوتم ناوەڵڵا.. گوتی باشترە بێن بۆ سوێد، لێرە مافی پەنابەران زیاترە، مافی پەنابەریتان بۆ وەردەگرم و دەبنە خاوەنی پاسپۆرتی سوێدی، ئەوكات دەتوانن بە ئارەزووی خۆتان لە وڵاتان بگەڕێن. ئێمە پێشتر چووبووین بۆ سوێد، ئەوێمان بینیوو، رەوشیشمان لە ئەڵمانیا زۆر خراپ بوو، بۆیە بڕیارم دا لەگەڵ سەرخۆبوون بچینە سوێد. چووینە شاری ئۆپسالا و مانگ و نیوێك لەلای خێزانێكی ماردینی مامەوە، هەتا مافی پەنابەرێتیم وەرگرت. كوردی سوێد وەكو كوردی ئەڵمانیا نەبوون، لە زۆربەی فەرمانگەكان هەبوون، بۆیە لەكاتی وەرگرتنی مافی پەنابەری زەحمەتی زۆرم نەبینی. 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە