حەمە هاشم 'نامەکانی ڤانکۆخ' بە کوردی بڵاودەکاتەوە

02-02-2023
پەسار فایەق
هونەرمەند حەمە هاشم لە کاتی واژووکردنی نوێترین کتێب بۆ خوێنەرێک
هونەرمەند حەمە هاشم لە کاتی واژووکردنی نوێترین کتێب بۆ خوێنەرێک
نیشانەکردن حەمە هاشم 'نامەکانی ڤانکۆخ'
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە رێوڕەسمێکدا لە هەولێر، حەمە هاشم، نووسەر و هونەرمەندی شێوەکاری کورد، کتێبی 'نامەکانی ڤانکۆخ'ـی بە زمانی کوردی بڵاوکردەوە، تێیدا ئەو نامانە لەخۆدەگرێت کە ڤانکۆخ، شێوەکاری هۆڵەندی بۆ هونەرمەند و کەسە نزیکەکانی خۆی نووسیویەتی.
 
رێوڕەسمی واژووکردنی کتێبەکە، بە ئامادەبوونی هونەرمەندان و نووسەران، کاژێر 3:30ـی ئیوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 2ـی شوباتی 2023 لە ناوەندی رۆشنبیری ئاشتی لە هەولێر بەڕێوەچوو.
 
کتێبی 'نامەکانی ڤانکۆخ' لە دووتویێ کتێبێکی 151 لاپەڕەیی چاپی رەنگاوڕەنگدا چاپکراوە و جگە لە نامەکان چەند وێنەیەکی ئەو شێوەکارە جیهانییە و کارە هونەرییەکانی لەخۆدەگرێت. 
 
نووسەر لە پێشەکی کتێبەکەیدا دەڵێت: ئەزموونی ژیانی ڤانکۆخ لە زۆر شوێن و کتێب و بڵاوکراوەی تایبەتدا باسکراوە، بەڵام ئەگەر خوازیاربییت وردتر و چڕتر شیکاری بکەی بۆ باری دەروونی و هەموو ئەو تایبتەمەندییە وردانەی ژیانی خۆرەوشتی، پەیوەندییەکانی، باری دەروونیی و شیرازەی بیرکردنەوەی، قۆناخە جیاجیاکانی پێشکەوتنی هونەرەکەی و جێگە و شوێنی ژیانی، بێگومان لەو نامانەدا باشتر بۆت دەستەبەر دەبن کە لە نێوان خۆی و تیۆی برای هەیە، یان بە گشتی ئەو نامانەی ڤانکۆخ لەگەڵ خوشک و هاوڕێکانی دیکەیدا، تێیاندا بە وردی سەراسیمە و ناواخنی ژوورەوەی کەسایەتی ڤانکۆخ دەردەخەن.
 
حەمە هاشم، لە رێوڕەسمێکەدا تیشکی خستە سەر ئەوەی، کتێبەکە 40 نامەی ڤانکۆخ لەخۆدەگرێت؛ ئەمەش بەشێکن لە نامەکانی و بە زۆربەی زمانەکانی جیهان بڵاوکراونەتەوە و یەکەمجارە لە کتێبێکدا بە کوردی بڵاودەبنەوە، روونیشیکردەوە، لە ئەدەبدا؛ ئەدەبیاتی نامە گۆڕینەوە گرنگی خۆی هەیە.
 
حەمە هاشم، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە ئەدەبیاتی دنیادا؛ نامە ژانرێکی ئەدەبی گرنگە کە وەک کتێب هەبێت، چونکە نامە بەشێکە لە ئەزموونی خەڵکانێک و دەتوانن شتێک بخەنە سەر ژیانی تاک و یەکێکە لە چاوگە هەرە سەرەکییەکانە بۆ ئەوەی سەیری ژیانی ڤانکۆخ بکەیت و کۆمەڵێک تیڕوانینی زۆر گرنگی تێدایە کە چۆن سەیری دنیای کردووە، هەروەها پەیوەندی بەهێزی نێوان خۆی و تیۆی برای دەخاتەڕوو کە پەیوەندییەکی دڵسۆزانە و پتەو بووە. 
 
حەمە هاشم، ساڵی 1973 لە قەزای کۆیەی سنووری پارێزگای هەولێر لەدایکبووە، مامۆستای بەشی شێوەکارییە لە پەیمانگای هونەرە جوانەکانی هەولێر، تاوەکو ئێستا 15 پێشانگەی تایبەتی لە شارەکانی کوردستان کردووەتەوە، جگە لە بەشداربوون لە چەند پێشانگەیەک لە وڵاتانی جیهان، لەوانە ئەمریکا، فەرەنسا، هیندستان، ئەڵمانیا و پۆڵەندا.
 
ئەو شێوەکارە کوردە لە 14ـی ئابی 2022 لە نۆرمبێرگی ئەڵمانیا، پێشانگایەکی تایبەت بە کارە ھونەرییەکانی بەناوی 'ماسییەکانی دیجلە' کردەوە، تێیدا 20 کاری هونەری خرانەڕوو و تابلۆکان بە شێوازی ئەبستراکتی دەربڕینخواز بوون.
 
حەمە هاشم، خاوەنی چوار کتێبی چاپکراوە بە ناوەکانی: 'هونەری پیرۆز'، 'ڤان کۆخ'، 'رۆدا و هونەری ئەبستراکت'.
 
ڤینسێنت ولیەم ڤانکۆخ، لە 30 ئازاری 1853 لە هۆڵەندا لەدایکبووە، لە 29 تەمموزی 1890 کۆچی دواییکردووە، لە 1881 دەستی بە هونەری وێنەکێشان کردووە، لە دوای مردنی ناوبانگی پەیداکردووە و وەک یەکێک لە کەسایەتییە بەناوبانگ و کاریگەرەکانی هونەری رۆژئاوا ناسێندراوە، لە ماوەی دە ساڵدا نزیکەی دوو هەزار و سەت کاری هونەری بەرهەمهێناوە، لەوانە 860 تابلۆی زەیتی، کە زۆربەیان مێژووەکەیان بۆ دوو ساڵی کۆتایی ژیانی دەگەڕێتەوە. 
 
لە دوای چوونی بۆ لەندەن تووشی خەمۆکی بووە، دواتریش چووەتە بەلجیکا، لە 1886 رووی لە پاریس کردووە و نەخۆشی دەروونی هەبووە و بۆ ماوەیەک لە نەخۆشخانە ماوەتەوە.
 
یەکێک لە رووداوە سەیرەکان لە ژیانیدا، کاتێک بەشێک لە گوێی چەپی خۆی بڕیوە و لە 27ـی تەمموزی 1890 بریندار دەبێت، دەگوترێت بە گولـلەی دەمانچە خۆی بریندارکردووە و بەهۆیەوە دوای دوو رۆژ گیان لەدەستدەدات. 
 
 
ئەو هونەرمەندە نەیتوانیوە بەهۆی بەرهەمە هونەرییەکانییەوە بژێوی ژیانی پەیدا بکات و بە شێت و شکستخواردوو ناسێندرابوو، بەڵام دوای مردنی ناوبانگی بەدەستهێنا، ئێستا بەرهەمەکانی لە گرنگرتین مۆزەخانەکانی جیهاندا پارێزراون و نرخیان ملیۆنان دۆلارە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە