رووداو- ئەڵمانیا
دەستی بگاتە هەر ئامێرێكی میوزیك دەتوانێت دەنگێكی واتادار و پڕ سۆزی لێ بەرز بكاتەوە، هەر بە منداڵی لە نیعمەتی بینین بێبەش بووە، بەڵام زۆر دڵخۆشە و دەڵێت نابینایی نەبووەتە رێگر لەبەردەم بەدیهێنانی زۆربەی خەونەكانی. سیپان عەلی، ساڵی 1990 لە قامشلۆ لەدایكبووە، نزیكەی چوار ساڵە پەنابەرە لە ئەڵمانیا.
سیپان باسی ژیانی خۆی دەكات ئەوكاتەی لە رۆژئاوای كوردستان بووە و دەڵێت ژیان بۆ نابینایەكی وەكو ئەو زۆر ناخۆش بووە، هەر بەهۆی ئەوەش تەنیا تاوەكو پۆلی سێی ناوەندی خوێندووە، ئەویش بە زەحمەتێكی زۆر.
ئەو تەمبوورەی لە ماڵی سیپان هەبووە، قەرەبووی زۆر شتی بۆ دەكاتەوە. سیپان دەڵێت: "باوكم تەمبوورێكی لە ماڵەوە هەبوو، زۆر حەزم دەكرد بیژەنم، بەڵام خەونی من ژەنینی كەمان بوو". ئەو خەونەی سیپان لەسەر دەستی مامۆستایەك دەبێتە راستی.
سیپان دەڵێت: "هانام بۆ زۆر كەس برد فێری ژەنینی كەمانم بكەن، بەڵام دەیانگوت ژەنینی كەمان بۆ نابینایەكی وەكو تۆ زۆر زەحمەتە. دواجار مامۆستایەك بەناوی مامۆستا ریاز دەستیگرتم. ئەو مامۆستایە لە زانكۆ ئامێری ڤیۆلۆنی خوێندبوو. مامۆستا ریاز نۆتەكانی لەسەر مۆبایل بۆ تۆمار دەكردم، منیش گوێم لێدەگرتنەوە و پاشان دەمژەنین، ئیدی لەو رێگەیەوە فێری ژەنینی كەمان بووم".
سیپان یەكەمجار لەگەڵ گرووپی ئارتا دەبێتە ژەنیاری كەمان، پاشان لەگەڵ چوار هاوڕێی لە قامشلۆ گرووپێك بەناوی گرووپی میوزیكی زەند دادەمەزرێنن.
سیپان هەر بەوە ناوەستێ، لەو شوێنەی وانەی میوزیكی لێوەرگرتووە دەبێتە مامۆستا و دەرسی میوزیك بە منداڵان دەڵێتەوە. ئەو دەڵێت: "لە پەیمانگای میتزۆ خۆم فێری ژەنینی میوزیك كرد، رۆژگار هات و ئەو مامۆستایەی وانەی ڤیۆلینی پێشكێش دەكرد، چووە باشووری كوردستان، بۆیە داوایان لە من كرد لەگەڵ هاوڕێیەكم وانە بڵێینەوە، ئەركی ئەو نۆتە بوو، منیش سەرپەرشتی لایەنی دیكەم دەكرد".
هونەرمەندی ڤیۆلینژەن و كۆمپۆزەری ناسراوی كورد دڵشاد محەممەد سەعید، كاریگەریی زۆری لەسەر سیپان هەبووە. ئەو دەڵێت: "دڵشاد سەعید زۆر كاری لێكردووم، بە بەردەوامی گوێم لە پارچە میوزیكەكانی دەگرت و دەتوانم بڵێم بەهۆی دڵشاد سەعیدەوە فێری ژەنینی كەمان بووم".
سیپان لە ماوەی ساڵانی نێوان 2011 تاوەكو 2014 و پێش ئەوەی كۆچ بكات بۆ ئەڵمانیا، لەگەڵ زۆر گرووپ كاری كردووە. ئەو دەیویست ببێتە رۆژنامەڤان یاخود میوزیكژەن. دەڵێت "ئەزموونێكی زۆر خۆش بۆ من كاركردن بوو لە رادیۆ. لە منداڵییەوە دەمویست ببمە رۆژنامەڤان یاخود ژەنیاری میوزیك. هەردوو خەونەكەم بوونە راستی".
بەڵام سیپان خەونی بەدینەهاتووشی ماون "حەز دەكەم لەگەڵ گرووپێكی ئۆركێسترا میوزیك بژەنم. بەڵام ئەمە زۆر زەحمەتە و دەبێ بتوانی نۆتە بخوێنی و بژەنی، ئەمە ئەو خەونەیە كە بەدینەهاتووە".
سیپان لە زۆر فێستیڤاڵی گەلان لە شارەكانی ئەڵمانیا و وڵاتانی دراوسێی ئەڵمانیا بەشداریی كردووە، بەڵام دوو ئاهەنگ قەت لە بیری سیپان ناچنەوە، ئاهەنگێك كە بۆ پشتگیری لە ریفراندۆمی باشووری كوردستان لە ئەڵمانیا ساز كرا، لەگەڵ ئاهەنگێك بەبۆنەی ئیدانەكردنی یادی 100 ساڵەی رێككەوتننامەی سایكس پیكۆ.
سیپان میوزیكی بۆ هونەرمەندان برادەر و حەسەن شەریف ژەنیوە، هەروەها لەگەڵ گرووپی ئێرانی و ئەفغانی و ئەڵمانیش میوزیكی ژەنیوە. ئەو دەڵێت: "رۆژانە نزیكەی هەشت كاژێر راهێنانم لەسەر ئامێری كەمان كردووە، بۆ ئەوەی بەباشی فێر ببم".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ