رووداو - کەرکووک
فێستیڤاڵی شانۆیی کەرکووک خولی جیهاد دڵپاک بە رێکردنی هونەرمەندان لەسەر فەرشی سوور دەستی بە کارەکانی کرد. پێکهاتەکانی کەرکووک لەرێگەی ئەو فێستیڤاڵەی شانۆوە پەیامی پێکەوەژیان دەگەیەنن.
خالید دۆسکی، وەزیری رۆشنبیریی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێ "وەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان گرنگی تایبەت بە کەرکووک و ناوچە دابڕاوەکان دەدەین، سازدانی ئەم فێستیڤاڵە بۆ گەیاندنی پەیامی شانۆکارانی کورد و عەرەبیشە، پەیامەکە پەیامی پێکەوەژیان و ئاشتییە".
زیاتر لە 150 هونەرمەندی شانۆ و درامای کوردی و عێراقی بەشدارییان لە فێستیڤاڵەکەدا کردووە و دوێنێ لە یەکەم رۆژی فێستیڤاڵەکە، بەرهەمی بەغدا و بەسرە و هەر چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان و دوو تیپی کەرکووک نمایشکران.
ناسر حەسەن، دەرهێنەری دراما دەڵێ "جێی شانازییە لە کەرکووک لەم کاتەدا فێستیڤاڵێکی وا بکرێ و خەڵکێ زۆر ئامادەبن".
عەبدولی حەمەجوانی هونەرمەندیش باس لەوە دەکات "بەڕاستی فێستیڤاڵەکە جێگەی گەورەیە بۆ هەموو هونەرمەندان و کوردێک کە شانازی بە کەرکووکەوە دەکات".
هەروەها عەلی کەریم، هونەرمەند لەبارەی فێستیڤاڵەکە دەڵێ لێرە "هونەرمەندان رۆشنبیران یەکدەگرنەوە و، ئاڵوگۆڕی بیر و باوەڕ و بۆچوونەکانیان دەکەن".
خولی یەکەمی فێستیڤاڵی شانۆیی کەرکووک وەکو رێزێک بەناوی هونەرمەندی کۆچکردوو، جیهاد دڵپاک ناونراوە، رووناک دڵپاک، هاوژینی هونەرمەندی کۆچکردوو دەڵێ "ئێمە دڵمان پێی خۆشە و شتێکی جوانیان کرد، سوپاسی هونەرمەندان دەکەم".
رۆژانە دوو شانۆگەری و دوو دیداری رەخنەیی بۆ نمایشەکان و دیدارێکی تایبەتمەند لەسەر پرسە جیاجیاکانی شانۆ لەچوارچێوەی فێستیڤاڵەکە پێشکەش دەکرێن.
پێداچوونەوە: هەڵات رێبوار
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ