رووداو دیجیتاڵ
دوا لیپا، گۆرانیبێژی ناسراوی بەریتانی، وڵاتینامەی کۆسۆڤۆی پێ بەخشرا و بە فەرمی بووە هاووڵاتیی ئەو وڵاتە. وڵاتینامەکەی لەلایەن ڤیۆسا عوسمانی، سەرۆکی کۆسۆڤۆوە، لە رێوڕەسمێکدا پێشکێشکرا.
دوا لیپا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: "هەر جارێک دەگەڕێمەوە کۆسۆڤۆ، بەردەوام هەست دەکەم گەڕاومەتەوە نیشتمان. وەرگرتنی وڵاتینامە لەلایەن سەرۆک عوسمانییەوە؛ شانازییەکی گەورەیە و هەست دەکەم ئێستا هەردوو لایەکەم بوونەتە یەک. ئەمە ئەو دوولایەنییە تەواو دەکات کە بەردەوام لە ناخمدا هەبووە. من ئەم وڵاتەم خۆشدەوێت و ئەمە مانایەکی زۆری بۆ من و خێزانەکەم هەیە."
ڤیۆسا عوسمانی، سەرۆکی کۆسۆڤۆ لە پۆستێکی فەرمیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" نووسیویەتی: "بەخێربێیتەوە بۆ نیشتمان، دوا".
لە بەیاننامەکەیدا هەروەها دەڵێت: "دوا و کۆسۆڤۆ بەردەوام لێک دانەبڕاون. لە گەورەترین شانۆ جیهانییەکانەوە تا دڵی ملیۆنان کەس، ئەو چیرۆکی ئێمەی بە هێز، شانازی و شکۆمەندییەوە گواستووەتەوە. ئەو سنوورەکانی بەزاندووە، مێژووی دروستکردووە و بیری جیهانی هێناوەتەوە کە گەورەیی بەوە دەستپێدەکات بزانیت تۆ کێیت و خەڵکی کوێیت."
سەرۆکی کۆسۆڤۆ جەختی لەوەش کردەوە، "سوپاسگوزاریی ئێمە بێ کۆتاییە بۆ هەموو ئەو شتانەی دوا کردوویەتی و بەردەوامە لە کردنی بۆ کۆسۆڤۆ."
.jpg)
دوا لیپا لە دایک و باوکێکی ئەلبانیی کۆسۆڤۆ لە لەندەن لەدایکبووە، بەردەوام شانازیی بە رەچەڵەکی خۆیەوە کردووە و پشتگیریی لە رێکخراوە خێرخوازییەکان و دۆزەکانی کۆسۆڤۆ کردووە.
دوکاگین لیپا ژەنیارە و باوکی ئەو گۆرانیبێژە جیهانییەیە و لە رێوڕەسمەکەدا ئامادەبوو.
جگە لە وڵاتینامەی بەریتانی، دوا لیپا وڵاتینامەی ئەلبانیشی هەیە کە لە تشرینی دووەمی 2022ـدا پێی بەخشرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ