ئیسلام زاخۆیی: ئەگەر ئیشێكی باشترم دەستبكەوێ، واز لە گۆرانیگوتن دێنم

07-11-2016
پشتیوان جەمال
نیشانەکردن ئیسلام زاخۆیی
A+ A-
رووداو- سلێمانی

رۆژی لەدایكبوونەكەی بۆ ئەو دەبێتە دوو جەژن، لەلایەك یادی لەدایكبوونی دەكاتەوە و لەلایەكیش یادی رۆژی جیهانیی میوزیك دەكاتەوە. بەڵام هونەر لەلای ئەو پیشەی سەرەكی نییە و دەڵێت ئەگەر كارێكی باشتری دەستبكەوێ‌ واز لە گۆرانیگوتن دێنێ‌.

ئیسلام عەبدولڕەحمان ناسراو بە ئیسلام زاخۆیی، لە 1/10/1982 لە شاری زاخۆ لەدایك بووە. برای هونەرمەند عەبدولقەهار زاخۆییە و دەڵێت براكەی پەیمانگەیەك بووە بۆ پێگەیاندنی ئەو.

ئیسلام زاخۆیی تائێستا سێ ئەلبووم و چەندین گۆرانی بەشێوەی تاك بڵاوكردووەتەوە. لەم هەڤپەیڤینەدا لەگەڵ (رووداو) باسی ژیانی تایبەتی و هونەریی خۆی دەكات.

رووداو: پێدەچێ‌ لە بنەماڵەیەكی دیندار بی، كێ‌ ناوی لێنای "ئیسلام"؟

ئیسلام زاخۆیی: سوپاس بۆ خودا بنەماڵەیەكی دیندارین و باوكم ئەو ناوەی لێناوم.

رووداو: هەوڵت نەداوە ناوەكەت بگۆڕی؟

ئیسلام زاخۆیی: نەخێر، ناوەكەم بەلاوە خۆشە.. هەرچەندە لە سەرەتای كاری هونەریمدا ژمارەیەك موزیسیان ویستیان ناوەكەم بۆ ناوێكی هونەری بگۆڕن، بەڵام قبوڵم نەكرد، چونكە بە شەرەفێكی گەورەی دەزانم ناوم ئیسلامە.

رووداو: تۆ بە رێكەوت لە رۆژی جیهانیی موزیك (یەكی ئۆكتۆبەر)دا لەدایك بوویت، ئێستا ئەو رۆژەت بەلاوە چۆنە؟

ئیسلام زاخۆیی: بەلامەوە زۆر خۆشە و زۆر جاریش لەو رۆژەدا بەشداریی رۆژی جیهانیی موزیك دەكەم و ئەو رۆژە بۆ من دەبێتە دوو جەژن.

رووداو: تۆ برای هونەرمەند عەبدولقەهار زاخۆییت، تەنیا تۆ و عەبدولقەهار سەروكارتان لەگەڵ هونەر هەیە؟

ئیسلام زاخۆیی: ئێمە شەش براین و ئەوانی دیكەش دەنگیان خۆشە، بەڵام تەنیا من و كاك عەبدولقەهار گۆرانی دەڵێین. براكانی دیكەمان هاوكاریمان دەكەن و هەندێ جار بەرهەمیشمان بۆ هەڵدەبژێرن، جگە لەوە باوكیشم گۆرانی دەگوت، باپیریشم (باوكی دایكم) گۆرانی گوتووە و بەرهەمی هەیە.

رووداو: لە بادینان ژمارەیەك هونەرمەندی دیار هەن، چۆن توانیت لەنێو ئەواندا بناسرێی؟

ئیسلام زاخۆیی: بەراورد بە هونەرمەندانی زاخۆ، من زوو دەرنەكەوتم، چونكە من لە 1997ەوە گۆرانی دەڵێم، بەڵام لە 2003 بە گۆرانی "ئەڤڕۆ سپێدەیە" ناسرام.

رووداو: عەبدولقەهاری برات هونەرمەندێكی بەئەزموونە، تا چەند سوودت لێ وەرگرتووە؟

ئیسلام زاخۆیی: كاك عەبدولقەهار پەیمانگەیەكی هونەرییە بۆ من. ئەو و زۆربەی میوزیسیانەكانی زاخۆ هاوكارییان كردووم.

رووداو: گۆرانیت بە شێوەزاری سۆرانی هەیە، ئەو ئەزموونە چۆن دەبینی؟

ئیسلام زاخۆیی: حەزم لە گۆرانیگوتنە بە شێوەزاری سۆرانی، چونكە هەموومان كوردین. زۆربەی گۆرانیبێژ و موزیسیان و شاعیرە سۆرانییەكان هاوڕێمن و هاوكارییان كردووم.

رووداو: ئەلبوومی تازەت هەیە؟

ئیسلام زاخۆیی: بەرهەمم بۆ ئەلبووم ئامادەیە، بەڵام بەهۆی دۆخی ئێستاوە كاری تێدا ناكەم و رەنگە گۆرانییەكی نەتەوەیی بەشێوەی تاك بڵاوبكەمەوە، ئەم ماوەیە زیاتر بەشداری لە ئاهەنگەكانی بووكگواستنەوە دەكەم.

رووداو: زۆرجار رەخنەتان لێ دەگیرێت كە نابێت بەشداری ئەو جۆرە ئاهەنگانە بكەن؟

ئیسلام زاخۆیی: بژێوی ژیانمان لەسەر ئاهەنگەكانی بووكگواستنەوەیە، چونكە ئیشی دیكە ناكەین، ئەگەر نەچینە ئەو ئاهەنگانە، ناتوانین بەرهەم تۆمار بكەین.

رووداو: بەنیاز نین لەگەڵ عەبدولقەهار بەرهەمێكی هاوبەش بڵێن؟

ئیسلام زاخۆیی: پێشتر لەگەڵ ئەو و هونەرمەندانی دیكە كاری هاوبەشمان كردووە، بۆ كاری دوێتیش پێمخۆشە كارێكی نەتەوەیی بێت.

رووداو: بۆچی هەمان ستایلی عەبدولقەهار بۆ گۆرانیگوتن بەكارناهێنی؟. 

ئیسلام زاخۆیی: لە دەنگ وەكو یەكین، بەڵام ستایلمان جیاوازە، ئەو زیاتر ئەرەبیسك دەڵێت.

رووداو: دەگوترێت تۆ لە عەبدولقەهار كراوەتری، راستە؟

ئیسلام زاخۆیی: كاك عەبدولقەهار بەگشتی كەسێكی زۆر بێدەنگ و لەسەرخۆیە، بەڵام من زیاتر حەزم لە قسەی خۆشە و كراوەم.

رووداو: پێشتر عەبدولقەهار باری تەندروستی باش نەبوو، ئێستا چۆنە؟

ئیسلام زاخۆیی: ئێستا زۆر باشە و دەچێتە ئاهەنگەكان.

رووداو: بۆ هەر ئاهەنگێك چەند وەردەگری؟

ئیسلام زاخۆیی: حەز ناكەم ئاشكرای بكەم.

رووداو: بۆچی تاوەكو ئێستا ژنت نەهێناوە؟

ئیسلام زاخۆیی: قسمەت نەبووە، بەڵام نزیكەی سێ ساڵە خۆشەویستم هەیە و بەم نزیكانە مارەی دەكەم.

رووداو: خۆشەویستەكەت چ سیفاتێكی تێدا بووە كە بە دڵت بووە؟

ئیسلام زاخۆیی: زۆر حەزم بە جوانی نییە، بەڵكو زیاتر گرنگیم بە مەعریفەت و ئەدەب داوە.

رووداو: خۆشەویستەكەت لە بواری موزیكدا كار دەكات؟

ئیسلام زاخۆیی: نەخێر، (بەكەمێك پێكەنینەوە) پێموابێت یەك گۆرانی منیشی لەبەرە، چونكە بەهۆی هونەرمەندبوونمەوە بڕیاری نەداوە هاوسەرگیری بكەین، هەموو كاتیش دەڵێت گۆرانیبێژ بیت و گۆرانیبێژیش نەبیت هەر خۆشم دەوێی.

رووداو: بەنیازی تا كەی گۆرانی بڵێیت؟

ئیسلام زاخۆیی: حەز دەكەم راستییەك بڵێم، ئەگەر ئیشێكی باشترم دەستبكەوێ، چیدی گۆرانی ناڵێم، چونكە تێڕوانینی خەڵكی بادینان بۆ ئێمە دوو جۆرە، هەندێك بەلایانەوە ئاساییە و رێزمان لێدەگرن، بەڵام لای هەندێكی دیكە گۆرانیبێژ بە كەم و خراپ سەیر دەكرێت، تەنانەت هەندێك گۆرانیبێژی هاوڕێم لەبەرئەوەی گۆرانیبێژن ژنیان نەداونەتێ. 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە