رووداو دیجیتاڵ
فیلمی سینەمایی کوردی (زەردبوونی گەڵای دار گوێزەکان) لە دەرهێنان، بەرهەمهێنان و سیناریۆی محەممەد عەلی کۆنارە، وەک فیلمی دەستپێکی پێنجەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سلێمانی هەڵبژێردراوە و بە ئامادەبوونی ستافەکەی پێشاندەدرێت.
ئاشنا رەئووف، بەرپرسی راگەیاندنی فێستیڤاڵەکە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، فیلمەکە وەک بەرهەمێکی جوانی کوردی هەڵبژێردراوە بۆ دەستپێکی فێستیڤاڵەکە. گوتیشی، بڕیارە دەرهێنەر و بەشێک لە ستافی فیلمەکە لە کاتی پێشاندانی فیلمەکە ئامادەبن.
بڕیارە فیلمەکە کاژێر 7:00ـی ئێوارەی پێنجشەممە 9ـی تشرینی یەکەمی 2025 لە هۆڵی کۆنگرێسی زانکۆی سلێمانی پێشان بدرێت.
فیلمەکە بەرهەمی 2023یە و ماوەکەی 91 خولەکە و بە زمانی کوردییە.
لە فیلمەکەدا کۆرکمەز ئەرسلان، فەرسەت عیزەت، محەممەد فەیزی کۆنار، هەڤاڵ نایف، عەتییە ئۆزدیل و جانان ئۆرەکیل رۆڵی تێدا دەگیڕن.
چیرۆکی فیلمەکە باس لە موختاری گوندێک لە باکووری کوردستان دەکات کە لە نێوان سوپای تورکیا و پەکەکەدا گیری خواردووە، لە کاتێکدا هەوڵدەدات کوڕە تەمەن 14 ساڵانەکەی، فەیزی، بۆ ژیان ئامادە بکات، چونکە خۆی نەخۆشە و کاتی کەمە.
ئەم بەرهەمە سینەماییە پێشتر بەشداریی لە چەندین فێستیڤاڵی جیهانیدا کردووە و خەڵاتی باشترین فیلمی کوردی لە 11یەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دهۆک بەدەستهێناوە.
(زەردبوونی گەڵای دار گوێزەکان) سێیەمین بەرهەمی سینەمایی دەرهێنەرە و پێشتر فیلمی (خەونێکی بێ رەنگ) لە 2018 و و (زەماوەندی عەلی و دایکی زین) لە 2021 بەرهەمهێناوە.
پێنجەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سلێمانی بە دروشمی (کولتووری کوردی و زمانی دایک)، لە رۆژانی 9 تا 16ـی تشرینی یەکەمی 2025 لە هۆڵی کۆنگرێس لە زانکۆی سلێمانی و هۆڵەکانی ستی سینەما بەڕێوەبچێت.
تۆڕی میدیایی رووداو وەک سپۆنسەری میدیایی فێستیڤاڵەکە، رووماڵێکی فراوانی چالاکییەکان دەکات و زانکۆی سلێمانی هاوبەشی سەرەکییەتی. بە گوتەی رێکخەرانی گەورەتر و بەرفراوانتر لە ساڵانی رابردوو دەگەڕێتەوە و 150 فیلم لە کۆی 1500 فیلمی نێردراو لە 30 وڵاتی جیاوازەوە پێشان دەدرێن، جگە لە پێشاندانی 31 بەڵگەفیلمی رووداو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ