رووداو- هەولێر
كێیكو هەیاشی، میوزیسیانی ژاپۆنی دەڵێت، ژمارەیەكی زۆر مرۆڤی جیاوازی ناسیوە، بەڵام هیچ نەتەوەیەكی نەناسیوە كە لە گەلی كورد راستگۆتر بووبێت. فۆلكلۆر و زمانی كورد، وای لەو خانمە ژاپۆنیە كردووە ماوەیەكی زۆرتر لەو ماوەیەی دیاریی كردبوو، لە ئێران بمێنێتەوە.
كێیكۆ هەیاشی لە تارانی پایتەختی ئێران ئاشنایەتی لەگەڵ خێزانێكی كوردی كرماشان پەیدا دەكات كە سەرجەمیان میوزیكژەنن. ئێستا ئەو بووەتە ئەندامێكی گرووپەكەیان "لەو خێزانەوە ئامێر و ئاوازی جیاواز فێر بووم، وەك ئەندامێكی خێزانەكەی خۆیان منیان قبوڵ كرد و خزمەتیان كردم". هەیاشی لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ (رووداو) زیاتر لەبارەی ئەو خێزانە كوردە و میوزیكی كوردی قسە دەكات.
رووداو: بەرلەوەی باسی میوزیكی كوردی بكەین، كەمێك باسی خۆتان بكەن؟
هەیاشی: من لە تەمەنی پێنج ساڵاندا فێری پیانۆژەنین بووم. لە خوێندنی سەرەتاییدا بەشداریم لە ئۆركێسترای كلاسیك كرد و چوومە ناو دنیای میوزیكەوە. لە 11 ساڵیدا فێری ژەنینی ئامێری زیلۆفۆن و كلارنێت بووم. لە ئامادەیی دەستم بە میوزیكی رۆكیش كرد. لە تەمەنی 24 ساڵیشدا بۆ ماوەی 10 ساڵ لێكۆڵینەوەم لەسەر میوزیكی كلاسیكی هیندی كرد. دواتریش مەیلم بەلای میوزیكی فارسیدا جوڵا و سەردانی ئێرانم كرد؟
رووداو: بۆچی ئێرانت هەڵبژارد؟
هەیاشی: لە كاتی قوڵبوونەوەم لە میوزیكی كلاسیكی هیندی، بۆم روون بووەوە كە میوزیكی هیندی كاریگەرییەكی زۆری میوزیكی ئێرانیی بەسەرەوەیە. لەگەڵ ئەمەشدا ئاشنای شیعرەكانی مەولانا بووم، بەو هۆیەوە حەزی ئاشنابوونم بە میوزیك و ئەدەبیاتی فارسی زیاتر بوو، بەڵام زانیاری پێویستم دەستنەكەوت. لە 2006دا بۆ ماوەی هەفتەیەك سەردانی ئێرانم كرد. كەسانێكم ناسی كە وایان لێكردم بڕیاری زۆر قورس بدەم لە ژیانمدا. لە 2007دا كەیهان كەلهور و شەهرام نازری كۆنسێرتێكی میوزیك و گۆرانییان هەبوو لە ژاپۆن، منیش چووم بۆ كۆنسێرتەكە. دوای ئەوە بڕیارم دا گەشت بۆ ئێران بكەم بۆ فێربوونی زمان و میوزیكی فارسی. پلانی من ئەوە بوو تەنیا نۆ مانگ بمێنمەوە، بەڵام ئەوە نزیكەی 9 ساڵە لە ئێرانم.
رووداو: ئەی ئاشنایەتیت لەگەڵ میوزیكی كوردی چۆن پەیدا كرد؟ كوردی دەزانیت؟
هەیاشی: دەتوانم بڵێم دوای ناسینی چەند كوردێك لە ئێران، بە میوزیكی كوردیش ئاشنا بووم. لێرە (تاران) خێزانێكی كرماشانیی كورد هەن، بەناوی رەعنایی. وەك منداڵی خۆیان منیان خۆشویست و لەخۆیان گرتم. كوردی كرماشانن، بەڵام لە تاران دەژین. سێتار و تەمبوور لە شۆڕش رەعناییەوە فێربووم. شۆڕش، میوزیسیانیكی زۆر شارەزایە. پسپۆڕی سێتار، عود، تەمبوور و كەمانە. باوكی شۆڕش، یەحیا رەعنایی پسپۆڕی تەمبوورە. دایكی و براكەشی بەباشی تەمبوور دەژەنن و گۆرانی دەڵێن.
لە زانكۆی هونەریی تاران كە دەمخوێند، زۆر قوتابی كوردم ناسین. هەموویان بە باشی مامەڵەیان لەگەڵ دەكردم. لە بەشی ناوخۆیی زانكۆ دەمامەوە و یەكێك لە باشترین هاوڕێكانم كچە كوردێكی خەڵكی مەهاباد بوو. كوردم خۆشدەوێن، چونكە كەسانی پاك و دڵساف و باش بوون. بۆیە خۆشەویستییەكی زۆرم بۆ میوزیك و كولتووری كوردی هەیە. ناتوانم بەباشی بە كوردی بئاخڤم، بەڵام دەتوانم بە شێوەزارەكانی كوردی گۆرانی بڵێم.
پێشتر لە ئێرانییەكانەوە بیستبووم كە كورد مرۆڤی بەسۆز و باشن. كە چوومە ئێران، ئەمەم بە چاوی خۆم بینی. زۆر ئێرانیم ناسی كە لە شارە جیاوازەكانی ئێرانەوە هاتبوون، بەڵام هیچكامیان بەقەدەر كورد باش نەبوون.

رووداو: ئەو خێزانەی لە تاران ناسیت، رەعنایی، كێن؟ ئەم خێزانەت چۆن ناسی؟
هەیاشی: كە سەردانی ئێرانم كرد، وانەی دەنگی كلاسیكم وەرگرت. شۆڕش رەعنایی كە ئەوكاتە تەمەنی 20 ساڵان بوو، یاریدەدەری مامۆستاكەم بوو. رۆژێك دوای وانەكان چووم بۆ ماڵی رەعنایی. بەو جۆرە ناسیمن، ئەوان هەموویان میوزیسیانن. لە سایەی ئەوانەوە ئاشنای میوزیكی كوردی بووم و حەزم لێكرد.
رووداو: رات لەسەر میوزیكی كوردی چییە؟
هەیاشی: میوزیكی كوردی بەهێز و سەرنجڕاكێشە. بەجۆرێكە كە وزە دەبەخشێت بە ناخی مرۆڤ. سەرەتا نامۆ بوو بۆم، بەڵام دوای تێكەڵبوونم لەگەڵ كورد چیدی نامۆ نییە، وەك بەشێك لەخۆم دەیبینم.
رووداو: شارەزای كام ئامێری میوزیكی و چ جۆرە ئاوازێك دەژەنیت؟
هەیاشی: شارەزای سێتار و تەمبوورم. میوزیكی فارسی و ئاوازی كوردی كرماشان دەژەنم. رۆژی 24/1/2016 كۆنسێرتێكی گۆرانیم هەبوو، لە كۆنسێرتەكەدا ئاوازی كوردیم ژەنی و گۆرانی "ئەی وەی زارا"م بە كوردی پێشكەش كرد.
رووداو: خەڵكی ژاپۆن تا چەند ئاگایان لە كورد و میوزیكی كوردییە؟
هەیاشی: زۆرینەی ژاپۆنییەكان بێ ئاگان لە زمان و كولتووری كوردی، بەڵام لە نزیك تۆكیۆ، لە شاری وارابی كوردی لێیە. بەو شارە دەڵێن وارابستان.
رووداو: بەنیاز نیت سەردانی هەرێمی كوردستان بكەی؟
هەیاشی: چوار جار سەردانی كوردستانی ئێرانم كرد. حەزدەكەم زیاتریش سەردانی بكەم. سروشتی كوردستان مرۆڤ رادەكێشێ. دەمەوێت سەرجەم شارەكانی كوردستان بگەڕێم. دەمەوێت ئاشنای تەواوی گۆرانی، هەڵپەڕكێ و جلوبەرگی كوردی ببم.

کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ