بەوێنە... مێلانیا ترەمپ لە نمایشکارییەوە بۆ خانمی یەکەمی ئەمەریکا

09-11-2016
دەرباز یونس
نیشانەکردن هونەری نمایشکار ئەمەریکا
A+ A-

رووداو – هەولێر

مێلانیا ترەمپ، هاوژینی دۆناڵد ترەمپ-ی 45-ەمین سەرۆکی ئەمەریکا، بەرەگەز خەڵکی سلۆڤینیایەو لە ساڵی 1970 لە یوگسلاڤیای ئەوکات لە دایکبووە، ناوی تەواوی "مێلانیا کناڤس-ە، بەر لەوەی بچێتە ئەمەریکا وەک نمایشکاری جلوبەرگ کاریکردووە.

دووەمین خانمی یەکەمی ئەمەریکایە کە لە دەرەوەی ئەمەریکا لە دایکبووبێت

وێنە: مێلانیا ترەمپ وەک نمایشکارێک لە سلۆڤینیا

 

مێلانیا دەبێتە دووەمین خانمی یەکەمی ئەمەریکا کە لە دەرەوەی ئەمەریکا لە دایکبووبێت، بەر لەو لویس ئادەم کە هاوژینی کوینسی ئادەم-ی شەشەمین سەرۆکی ئەمەریکا بوو، بەرەگەز خەڵکی بەریتانیا بوو و هەر لەوێش لەدایکبووبوو.

چۆن چووەتە ئەمەریکا؟

وێنەی مێلانیا ترەمپ، وەک نمایشکارێک لە نیویۆڕک


مێلانیا ترەمپ، لە رێگەی پارێزەرێکی تایبەتەوە بەناوی مایکل وێڵدس بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1996 ڤیزای کاری ئەمەریکای لە جۆری H-1B وەرگرتووە، لە مانگی 8-ی هەمان ساڵ بۆ یەکەمجار سەردانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکای کردووە.

کەی "ترەمپ" بوو بە ناوی دووەمی مێلانیا؟


مێلانیا لە ساڵی 2001 توانیویەتی مافی مانەوەی هەمیشەیی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بەدەستبهێنێت، لە ساڵی 2005 لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ چووەتە ژیانی هاوژینییەوە، بەو هۆیەوەش ناوەکەی لە مێلانیا کناڤس-ەوە بۆ مێلانیا ترەمپ گۆڕاوە، دواتریش بەهۆی توانا و لێهاتوویی بێوێنەی وەک نمایشکارێکی جلوبەرگ و بەهاوکاری هاوژینەکەی لە ساڵی 2006 رەگەزنامەی ئەمەریکی بەدەستهێناوە.

مێلانیا، لە نمایشکارییەوە بۆ خانمی یەکەم

 

مێلانیا ترەمپ لە تەمەنی 16 ساڵیدا لە سلۆڤینیا وەک نمایشکاری جلوبەرگ کاری کردووە، یەکەم زنجیرە وێنەکانی لە لایەن فۆتۆگرافەرێکی سلۆڤینی بەناوی ستان جێرکۆ گیراون و بڵاوکراونەتەوە، لە تەمەنی 18 ساڵی یەکەم گرێبەستی وەک نمایشکارێک لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئیتاڵی لە میلان واژۆ کردووە.

وێنەی مێلانیا لەنێو گۆڤاری Jana Magazine لە ساڵی 1992

 

مێلانیا لە ساڵی 1992 لە لایەن گۆڤاری Jana Magazine وەک خاوەنی جوانترین دەرکەوتنی ساڵ دیاریکراوە، ئەم گۆڤارە لە پایتەختی سلۆڤینیا بڵاودەکرێتەوە، لە دوای ئەوەش بەڵێنی واژۆکردنی سێ گرێبەستی نمایشکاری نێودەوڵەتی پێدراوە.

نمایشکاری چانسی هەنگوینی دۆناڵد و مێلانیا بوو

وێنەی دۆناڵد ترەمپ و مێلانیا لە هەفتەی نمایشی جلوبەرگی نیویۆڕک


لە دوای بەسەربردنی ژیانی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، لە ساڵی 1998 مێلانیا و دۆناڵد ترەمپ لە ئاهەنگی هەفتەی نمایشی جلوبەرگی نیویۆڕک New York Fashion Week یەکدی دەناسن، ئەو کاتە دۆناڵد داوای ژمارەی تەلەفۆن لە مێلانیا دەکات، بەڵام مێلانیا رازی نابێت ژمارەکەی پێبدات و دوای چەند مانگێک پەیوەندی نێوان دۆناڵد و مێلانیا پتەوتر دەبێت وەک دوو هاوڕێ مامەڵە دەکەن، دواتریش پەیوەندی خۆشەویستی و ژیانی هاوژینی.

 


 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە