رووداو- هەولێر
لە چەند ساڵی رابردوودا، زوو زوو هونەرمەندە بیانییەكان لە هەرێمی كوردستان بەگشتی و شاری هەولێر بەتایبەتی دەبینران، بەشێكیشیان پڕۆژەی بازرگانییان لە كوردستان هەبوو، بەڵام لە دوای قەیرانی دارایی و جەنگی دژی داعش، زۆربەیان گەڕانەوە وڵاتەكانیان، جگە لە خانمە هونەرمەندێكی وەك حەسنا مەتەر كە پاش ئەو رووداوانە لێرە زیاتر دەبینرا. حەسنا وەك پێشاندانی پشتگیریی خۆی بۆ هێزی پێشمەرگە، سەردانی بەرەكانی شەڕی كرد، ئێستاش لە هەرێمی كوردستان دەژی و دەڵێت "هەولێر ماڵی دووەمی منە، ئێستا تەنیا بەسەردان دەگەڕێمەوە لوبنان".
لە پڕۆژەی لوبنان ستی لە شاری هەولێر چاومان پێیكەوت كە خەریكی تۆماركردنی رێكلامێكی بازرگانی بوو بۆ ئەو پڕۆژەیە، هەر لەوێ وەڵامی چەند پرسیارێكی (رووداو)ی دایەوە.
رووداو: لە دوای قەیرانی دارایی و جەنگی داعش، ئەو هونەرمەندە بیانیانەی لێرەبوون گەڕانەوە وڵاتەكانی خۆیان، تۆ بۆچی مایتەوە؟
هەولێر ماڵی دووەممە 
حەسنا مەتەر: كوردستان بۆ من بووەتە ماڵ و وڵاتی دووەم. من هەرگیز لێرە هەست بەوە ناكەم كە لە دەرەوەی وڵاتیخۆمم. ماوەیەكی زۆرە لە كوردستان دەژیم، ساڵی 2014ش لەگەڵ دەستپێكردنی شەڕ و بارودۆخە خراپەكان من هەر لێرە بووم و كوردستانم بەجێنەهێشت.
رووداو: ماوەیەك بەر لە ئێستا سەردانی بەرەكانی جەنگت كرد و هێزەكانی پێشمەرگەت بەسەركردەوە، ئەوە چۆن بوو؟
حەسنا مەتەر: شەرەفمەندم كە سەردانی هێزەكانی پێشمەرگەم كرد، ئەوان پاڵەوانن. ئەم سەردان و بەسەركردنەوەیەم تەنیا بۆ پشتگیریی هێزەكانی پێشمەرگە بوو لە شەڕكردن دژی تیرۆریستانی داعش. خۆزگە دەخوازم ئەو تارماییە رەشە بەرۆكی هەولێر بەربدات و بگەڕێینەوە هەولێری پێش ساڵی 2014. بگەڕێینەوە بۆ ئەو كاتەی كە هەولێر بوو بە پایتەختی گەشتیاریی وڵاتانی عەرەب كە بە بۆچوونی من ئێستاش هەولێر پایتەختی گەشتیارییە.
رووداو: لە سەرەتاوە مەبەستی سەردانكردنت بۆ هەرێمی كوردستان چی بوو؟
بۆ پڕۆژەی هونەری هاتم و دواتر بڕیارم دا لە هەولێر بمێنمەوە 
حەسنا مەتەر: من بۆ ئەنجامدانی چەند پڕۆژەیەكی هونەری هاتمە كوردستان، بەڵام بەهۆی ئەو باردۆخە تەواوی كارەكانم وەستاون و پڕۆژەكەشم ئەنجامنەداوە، بەڵام دواتر تێكەڵی خەڵكەكە بووم و حەزم كرد بمێنمەوە.
رووداو: تۆ گەشتێكی گۆرانی كوردیت بەزمانی كوردی نوێكردووەتەوە، ئەم گۆرانییانە لای خەڵك زۆر خۆشەویستن، مەبەستم گۆرانی ئازیز بەهارە و ئەرێ لەیلێ-یە، چۆن بوو بیرت لەوە كردەوە؟
حەسنا مەتەڕ: من لە خۆشەویستیم بۆ كوردستان گۆرانیم بە كوردی گوت، پلانم بۆ ئەوەش هەیە كە گۆرانی سەركەوتن بۆ پێشمەرگە بە زمانی كوردی تۆمار بكەم. ئەگەر بارودۆخەكە باشتربێت، كۆنسێرتێكی گەورە بۆ هێزەكانی پێشمەرگە دەكەم.
""بە كوردی گۆرانی سەركەوتن بۆ پێشمەرگە دەڵێم ""
رووداو: بەنیاز نیت ئەلبوومێكی گۆرانی بە كوردی تۆمار بكەی؟
ئەلبوومی كوردیش تۆمار دەكەم بەڵام سپۆنسەرم پێویستە 
حەسنا مەتەر: بۆچی نا، زۆر بەخۆشحاڵییەوە، بەڵام خۆت دەزانیت تۆماركردن و دروستكردنی ئەلبووم پارەی زۆری دەوێت، ئەگەر كۆمپانیایەكی كوردستان سپۆنسەری بكات، ئەلبوومێكی كوردیش تۆمار دەكەم.
رووداو: ماوەیەك بەر لە ئێستا لە هەپڤەیڤینێكدا لەگەڵ میدیایەكی عێراقی، باسی ئەوەت كردبوو كە ئامادەی لەم بارودۆخەدا سەردانی بەغدا بكەیت، ئێستاش ئامادەییت هەیە؟
حەسنا مەتەر: بەڵێ ئامادەییم هەیە، من ماوەیەك بەر لە ئێستاش سەردانی بەغدام كرد و خەڵاتی رێزلێنانم وەرگرت، هەر لەوێش دوو ئاهەنگم سازكرد بۆ منداڵانی شەهیدان.
رووداو: تۆ یەكەم هونەرمەندی عەرەب بوویت كە سەردانی هێزەكانی پێشمەرگەت كرد، ئەوە پەیامێكی لە پشت بوو؟ دەتوانی بڵێی ئەمە وەك هاندانی هونەرمەندە عەرەبەكانی دیكە بوو بۆ ئەوەی پشتگیریی خۆیان رابگەیەنن؟
حەسنا مەتەر: بەڵێ بە دڵنیاییەوە، نەك تەنیا هاندانی هونەرمەندانی عەرەب، من ئامادەییم هەیە لەگەڵ تەواوی هونەرمەندانی كورد و داواش دەكەم كە هەموومان بەیەكەوە كۆنسێرتێكی گەورە ساز بكەین و تەواوی داهاتەكەی بدەینە منداڵی شەهیدانی شەڕی داعش.
رووداو: ماوەیەكی زۆرە لە كوردستان دەژیت، بیرۆكەت هەیە بە یەكجاری لە كوردستان بژیت؟
لە كوردستان دەژیم و تەنیا بەسەردان دەگەڕێمەوە لوبنان
حەسنا مەتەر: من ئێستا بە یەكجاری لە كوردستان دەژیم، ماوەی چەند ساڵێكە لێرەم و تەنیا بە سەردان دەگەڕێمەوە لوبنان.
رووداو: دوا پڕۆژەت چییە؟
حەسنا مەتەر: ئێستا خەریكی دوو گۆرانیم، یەكێكیان كوردی و ئەویدیكەیان عێراقییە، لە داهاتوویەكی نزیكدا كارەكان تەواو دەبن و بڵاویاندەكەمەوە. جگە لەوەش لەگەڵ هونەرمەندێكی ڤەنزوێلی خەریكی تۆماركردنی گۆرانییەكم بە عەرەبی و ئیسپانی.






کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ