سینەمای كوردی زیاتر سینەمای فێستیڤاڵەكانە

13-06-2013
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن سینەما
A+ A-
 رووكەن باگدو كەسكین
رووداو -پاریس

لە كوێستانەكانی جۆلەمێرگ لە باكووری كوردستان گەنجێكی كورد بە هەموو ئاوات و هەوڵەكانییەوە سەرقاڵی كاری كولتووری بوو، هۆنراوەی دەنووسی، كاری شانۆیی دەكرد. هەر بەهۆی ئەو چالاكیانەوە مۆری “تیرۆریست” لە نێوچەوانی درا و دواجار خۆشەویستی بۆ هونەر هانیدەدات كە رووبكاتە فەرەنسا. لە رۆژی گەیشتنی بۆ ئەوێ وشەی “بێ وڵات”یان لەسەر كاخەزەكانی نووسی وەكو “كۆنە تورك”. لە توركیاش ناویان سڕییەوە هەروەك ئەوەی نەبووبێ.

دەرهێنەری كورد زیرەك ئەحمەد، لە مانگی نیسانی ئەمساڵ یەكەم فیلمی خۆی بە ناوی “پاریس و پاروو” نمایش كرد كە باسی ژیانی پەنابەری خۆی دەكات. زیرەك خۆی بە كەسێكی “بێ وڵات” دەزانێ، هەربۆیە ویستوویەتی لەسەر ناوی هاووڵاتییەكی “بێ وڵات” بەشداری لە فێستیڤاڵە سینەماییەكان بكات، بەڵام كە رێگەی پێنادرێ، ناچار دەبێت هەر بە ناوی فەرەنسا بەشداری بكات.

ناوەڕۆكی فیلمەكەی زیرەك باس لە ژیانی پەنابەرانی كورد دەكات لە فەرەنسا، كە زێدەباری دەربەدەری و ئاوارەیی، بەڵام كۆڵ نادەن و بەدوای پاروویەك ناندا دەگەڕێن.

لە ساڵانی هەشتاكاندا كە توركیا لەژێر پۆستالی جەنەراڵانی سەربازیدا دەیناڵاند، فیلمەكە بەكەشوهەوای ئاڵۆزی غوربەت و یادەوەرییە بەئازارەكان و لەژێر ئاسمانێكی تاریك و خنكاوی پایتەختی وڵاتێكی رۆژئاوایی دەسپێدەكات.

هەرچەندە ئەوە یەكەم كاری زیرەكە، بەڵام وەكو ئەكتەر لە ساڵی 1983 لە فیلمی “دیوار”ی دەرهێنەری گەورەی كورد یڵماز گونەیدا رۆڵی پاسەوانێكی زۆردار دەبینێت كە لەسەر پشتی ئەسپ منداڵی بەندكراو ئازار دەدات. ئەم فیلمە بوو خەڵاتی پاڵمای زێڕینی كانی وەرگرت. ناوەڕۆكی ئەو فیلمەی زیرەكیش هەمان بابەت و ئازارە. 

زیرەك ئەحمەد لە گوندی كتێری سەر بە ویلایەتی جۆلەمێرگ لەدایكبووە. لە تەمەنی 4 ساڵان گوندەكەی جێهێشتووە و چووەتە سەنتەری شاری جۆلەمێرگ، لە تەمەنی 13 ساڵی دەچێتە شاری وان، دواتر لە 12ی ئەیلولی 1980 باكووری كوردستان جێدێڵێت و روو دەكاتە فەرەنسا.

لە نووسینەوە بۆ سەر پەردەی سپی

زیرەك ئەحمەد پێشتر ئەو فیلمەی بە شێوەی كتێب چاپ كردبوو بە ناوی “بیر بكەوە”. بەڵام نەیهێشت بیركردنەوەكانی تەنیا لەسەر رەفەی كتێبخانەكان بمێنێتەوە، بەڵكو بە ناوی پاریس و پاروو (Paris d’exil)خستییە سەر پەردەی سپی.

زیرەك دەڵێت ئەو بەرلەوەی نووسەر بێ، هەمیشە خەیاڵی كاركردن لە بواری سینەما بە مێشكیدا گوزەری كردووە “لەو كاتەی ئێمە لە جۆلەمێرگ بووین، دەچووینە سەر دارەكان و بەخۆڕایی سەیری فیلمی سینەماییمان دەكرد. بەردەوام دەچووینە سینەما! ئەو خەیاڵەم لەسەردا جێگیر بوو”. 
غوربەت پانتایی كاری ئەو دەرهێنەر و نووسەرە كوردەی داگیر كردووە، ئەو لەوبارەیەوە دەڵێت “من دەزانم ژیانی تاراوگە زۆر ناخۆشە. مرۆڤەكان ئازار دەدات، لە خاك و كەسوكار و دۆستانی دووردەخاتەوە! بۆیە كە هاتمە فەڕەنسا لێكۆڵینەوەیەكم لەسەر پەنابەران كرد. لە جیاتی ئەوەی بكەومە ناو ئازاری خەمۆكی و كێشەی غەریبی، لایەنە ئەرێنیەكانی پەنابەریم كردە ئامانج، ویستم ئازار و دەردی پەنابەری بگۆڕم بۆ گەشبینی.

پارەی فیلمەكەی قەرزارە

كەس یارمەتی ئەو دەرهێنەرە كوردەی نەداوە بۆ دروستكردنی فیلمەكە، بۆیە ناچار بووە هەندێك پارە لە دۆست و ناسیاوەكانی قەرز بكات. زیرەك دەڵێت “ئێستاش قەرزی فیلمەكەم لەسەر ماوە”.

فیلمەكە لە فەرەنسا دروستكراوە و یەكەمجاریش لەوێ نمایش كراوە، بەڵام ناوەڕۆك و بابەتی فیلمەكە لەسەر كورد و دەربەدەری خۆیەتی، بۆیە زیرەك دەیەوێ كوردیش ئەو فیلمە ببینێ. 

زیرەك گوتی “كار لەسەر ئەوە دەكەین لە تەواوی فەرەنسا و هەروەها لە زۆر وڵاتی ئەوروپاش نمایشی بكەین. بە ئاواتی ئەوەشم لە شەوێكی هاوینیدا لە كوێستانەكانی ویلایەتی جۆلەمێرگ بەشێوەیەكی كوردەواری نمایشی بكەین”.

فیلمەكە بەشداری زۆر فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی بووە و لە فێستیڤاڵی سینەمایی قاهیرە لە میسر، خەڵاتی زێڕینی وەرگرت.

زۆرجار گوێمان لە دەستەواژەی سینەمای فەرەنسی، كۆری، ئێرانی و ... هتد دەبێت، بەڵام تەنیا لە زاری كوردەوە گوێمان لە سینەمای كوردی دەبێ و زۆربەی ئەو فیلمە كوردیانەی بەشداری لە فیستیڤاڵە جیهانییەكان دەكەن لەسەر ناوی وڵاتانی دیكەن.

ناوەڕۆكی فیلمەكەی زیرەك لەسەر نەبوونی وڵاتە، بۆیە كە بەشداری فێستیڤاڵەكان دەبێ، هەر بەناوی “بێ وڵات” پەیوەندی دەكات، بەڵام دەڵێت “بەهۆی هەندێك كێشەی فەرمی كە دەهاتنە بەردەممان، بە ناچاری فیلمەكە بەناوی فەرەنسا بەشداری فێستیڤاڵەكان دەبوو. فەرەنسا هیچ هاوكارییەكی نەكردووم، كەچی خەڵاتەكە بەناوی فەرەنساوە پێشكەش كرا”.

سینەمای كوردی سینەمای فێستیڤاڵەكانە

زیرەك پێیوایە تاوەكو داوودەزگای سینەمایی لە كوردستان دروست نەكرێن، زەحمەتە باسی سینەمای كوردی بكەین.

بەبڕوای ئەو دەرهێنەرە كوردە، گەلی كورد گەنجینەیەكی زۆر گەورەی لەبەردەستە بۆ دروستكردنی فیلمی سینەمایی، ئەویش بەهۆی ئەو هەموو كارەسات و نەهامەتیانەی بەسەری هاتوون.

زیرەك دەڵێت “سینەمای كوردی ئەمڕۆ زیاتر سینەمای فێستیڤاڵەكانە. ناوەڕۆكیش زیاتر لەسەر رووداوی سەر سنوور، زۆرداری، زیندان و ئەشكەنجەدان و هەڵاتنە لە وڵات”. ناوبراو پێیوایە “كورد ئەگەر دەوڵەتی هەبووایە ئەوە ئەوانیش وەكو گەلانی دیكە بابەتی دیكەیان هەڵدەبژارد”.

چۆن گونەی ناسی؟

زیرەك پێش ئەوەی كاری دەرهێنەری بكات، وەكو ئەكتەر ناسرابوو. لەگەڵ یەڵماز گونەی و زۆر دەرهێنەری دیكە كاری كردووە. گونەی لە فیلمی دیوار رۆڵی پاسەوانی پێدابوو.

زیرەك باسی بەشداریكردن لەو فیلمەدا دەكات و دەڵێت “یەلماز گونەی هاتە فەرەنسا بەدوای ئەكتەردا دەگەڕا، منیش نامەیەكم بۆ نارد و باسی كەسایەتی خۆم بۆ كرد. یەڵماز گونەی گوتبووی با بێت. رۆژی دواتر چوومە شوێنی وێنەگرتنی فیلمەكە. وێنەگرتنەكە هەر ئەو رۆژە دەستیپێكرد. حەوت كەس داواكاریان پێشكەش بە یەلماز گونەی كردبوو، بۆ ئەوەی رۆڵی جەعفەری پاسەوان ببینن. زیرەك دەڵێت “من چوارەم كەسبووم و دوای من كەسێكی دیكەی تاقینەكردەوە، گوتی وەرە با قسە بكەین. لەوێ گوتی من پیسترین و سەرەكیترین رۆڵی ئەم فیلمەت دەدەمێ. تۆ بۆ نواندنی ئەم رۆڵە باشیت، تۆ دەڵێی چی؟ منیش گوتم یەڵماز ئابێ بۆ من سەربەرزی و شەرەفە كە تۆ رۆڵێكم بدەیتێ، قبوڵی دەكەم”.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە