مێریل ستریپ، ئەکتەری ئەمەریکی کە وەک باشترین خانمە ئەکتەری زیندوو لە جیهاندا دەناسرێت و 19 جار بۆ خەڵاتی ئۆسکار کاندیدکراوە و سێ جار بەدەستیهێناوە، لە نوێترین فیلمیدا رۆڵی ئۆپێراخوێنێک دەگێڕێت.
"Florence Foster Jenkins" ناوی نوێترین فیلمی سینەمایی ئەو خانمە ئەکتەرەیە، تێیدا رۆڵی ژنێک دەگێڕێت کە شەیدای ئۆپێراخوێندنە، بەڵام ئەو هەست ناکات کە دەنگی بۆ ئۆپێرا گونجاو نییە.
ئەم فیلمە چیرۆکێکی راستەقینەی هەیە و باس لە خانمێک بەناوی فلۆرەنس فۆستەر جێنکنز لە سەردەمی جەنگی جیهانی دووەم لە نیۆیۆرک دەکات، لە کاتی بەڕێوەچوونی کۆنسێرتەکانیدا خەڵکێکی زۆر ئامادە دەبن، بەهۆی دەنگخۆشی و لێهاتوویی لە ئۆپێراخوێنیدا نییە، بەڵکو دەخوازن بینەری نمایشێکی کۆمێدی بن.
هاوژینی فۆستەر لە فیلمەکەدا کە هیۆ گرانت، ئەکتەری بەریتانی رۆڵەکەی دەگێڕێت، لەگەڵ ئەوەی دەزانێت دەنگی هاوژینەکەی بۆ ئۆپێرا گونجاو نییە، بەڵام بەهۆی تووشبوونی بە نەخۆشی سێفێلس، دەخوازێت دڵخۆشی بکات و سەرسامی خۆی بۆ دەنگی نیشاندەدات.
ئەم فیلمە لە دەرهێنانی ستیڤن فریەرسە و لە جۆری فیلمە بیۆگرافی، کۆمێدی و دراماییەکانە و ماوەکەی یەک کاژێر و 50 خولەکە، ئەمڕۆ هەینی لە سینەماکانی ئەمریکا نمایشدەکرێت.
ستریپ، جگە لەم فیلمە سینەماییە، پێشتر لە فیلمێکی دیکەدا بەناوی "ریکی ئان ذە فلاش" رۆڵی گۆرانیبێژێکی گێڕاوە، ئەم فیلمە باس لە گۆرانیبێژێک دەکات کە دەستبەرداری تەواوی ژیان دەبێت بۆ ئەوەی ببێتە ئەستێرەیەکی رۆک ئاند رۆڵ، بەڵام هونەرەکەی تەنها لە یانەکانی شەواندا جێگەی دەبێتەوە.
مێریل ستریپ، لە 22 یۆنیۆی 1949ـدا لە نیۆجێرسی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا لە دایکبووە، رۆڵی سەرەکی لە چەندین فیلمی سینەماییدا گێڕاوە، جگە لە سێ خەڵاتی ئۆسکار، 25 جار بۆ خەڵاتی گۆلدن گلۆپ کاندیدکراوە و توانیویەتی هەشتیان بەدەستبێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ