رووداو دیجیتاڵ
بەشی دووەمی فیلمی (The Devil Wears Prada) بەرهەم دەهێنرێت و هەریەک لە ئەستێرە سەرەکییەکانی بەشی یەکەم، مێریل ستریپ، ئان هاساوای، ئیمیلی بڵەنت و ستەنلی توچی، بۆ رۆڵەکانیان دەگەڕێنەوە.
گەڕانەوەیەک کە چاوەڕوان دەکرا
دوای نزیکەی دوو دەیە لە سەرکەوتنی بەشی یەکەمی فیلمەکە لە 2006، تیمەکە جارێکی دیکە لە نووسینگە جوان و مۆدێرنەکانی گۆڤاری (رەنوەی) لە نیویۆرک کۆدەبنەوە. چاوەڕوان دەکرێت بەشی دووەم پڕ بێت لە دراما، ململانێی نوێ و جلوبەرگی سەرنجڕاکێش، کە بووە ناسنامەی فیلمەکە.
فیلمی یەکەم، لە رۆمانێکی لۆرن وایزبێرگەرەوە وەرگیرابوو، بووە یەکێک لە فیلمە هەرە دیارەکانی بواری فاشن و کاریگەرییەکی کولتووریی گەورەی جێهێشت.
رۆڵی مێریل ستریپ وەک میراندا پریستلی، سەرنووسەری وتوند و بێبەزەیی، بووە ئایکۆنێک لە مێژووی سینەمادا و پاڵاوتنی بۆ خەڵاتی ئۆسکاریشی بەدەستهێنا.
تیمی کارکردن و ئەکتەرە نوێیەکان
جگە لە گەڕانەوەی ئەکتەرە سەرەکییەکان، هەریەک لە دەرهێنەر دەیڤد فرانکل و نووسەر ئالین برۆش مەککێنا، کە کاریان لە بەشی یەکەمدا کردبوو، بۆ بەشی دووەمیش دەگەڕێنەوە، ئەمەش گەرەنتییەکە بۆ پاراستنی رۆحی فیلمەکە.
هاوکات، چەندین ئەکتەری بەناوبانگ و نوێ بەشداری لە فیلمەکەدا دەکەن، لەوانە کینەس برانا، سیمۆن ئاشلی.
چاوەڕوانییەکان بۆ چیرۆکی نوێ
هەرچەندە وردەکاریی چیرۆکەکە هێشتا بە نهێنی ماوەتەوە، بەڵام هەواداران بە پەرۆشەوەن بزانن چارەنووسی کارەکتەرەکان چی بەسەر هاتووە: ئایا ئاندی ساکس (ئان هاساوای) لە بواری رۆژنامەڤانیدا سەرکەوتنی بەدەستهێناوە؟ میراندا پریستلی (مێریل ستریپ) هێشتا لە لووتکەی جیهانی مۆدەدایە؟ ئیمیلی چاڕڵتن (ئیمیلی بڵەنت) گەیشتووە بەو پێگەیەی کە خەونی پێوە دەبینی؟
فیلمی (The Devil Wears Prada 2) بڕیارە لە 1ـی ئایاری 2026 لە سینەماکانی جیهاندا نمایش بکرێت و پێشبینی دەکرێت ببێتە یەکێک لە پڕداهاتترین فیلمەکانی ئەو ساڵە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ