رووداو - هەولێر
نووری، کچە کوردێکی خەڵکی باشووری کوردستانە و، بە تەنیا یەک گۆرانی بووە یەکێک لە ناسراوترین گۆرانیبێژەکانی نیوزلەندا و یەکەمی ئەم هەفتەیەی گۆرانییە زۆر بیستراوەکانی ئەو وڵاتە.
ڤیڤیان نووری، کە بە نووری ناسراوە، دانیشتووی نیوزلەندا بوو، بەڵام ئەو وڵاتەی بەرەو ئەمریکا جێهێشت، بۆ ئەوەی وەکو خۆی دەڵێ لە رێگەی گۆرانییەوە ژنانی کورد بە جیهان بناسێنێت.
لە گۆرانییەکەیدا بە ناوی لێرە بەدواوە بەرەو کوێ هەنگاو بنێین "Where Do We Go From Here"، کە یەکەم گۆرانییەتی و نزیکەی هەفتەیەکە بڵاوی کردووەتەوە، نووری باس لە چیرۆکێکی خۆشەویستی دەکات کە "هەرگیز کاتەکەی گونجاو نییە".

نووری، لە رێگەی تەلەفۆنەوە قسەی بۆ رووداو کرد، باسی ژیانی خۆی کرد و ئاماژەی بەوەدا "من لە زانکۆ زانستەکانی کۆمپیوتەرم دەمخوێند، هەرچەندە لەڕێگەی سکۆلەرشیپیەوە لە زانکۆ وەرگیرابووم و هەموو وانەکانم (+A) بوون، بەڵام لە ساڵی سێیەم، واتا ساڵی رابردوو هەموویم جێهێشت و بەرەو ئەمریکا هاتم، بۆ ئەوەی خەونەکانم بەدیبێنم، لێرەش زۆر کەسی باشم ناسی کە یارمەتیی زۆریان دام".
نووری لە سەرەتای بیستەکانی تەمەنییەتی، خاوەنی چوار خوشک و یەک برایە. لەبارەی پشتیوانیی خێزانەکەی بۆ کارەکانی، ئاماژە بەوە دەکات "خێزانەکەم زۆر یارمەتیدەرم بوون و باوەڕی تەواویان بە سەرکەوتنم هەبوو، بەتایبەتی دایکم زۆر هانیدام و 100% پشتگیری لێکردم".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ