رووداو دیجیتاڵ
ئەزموونێکی جیاوازە کاتێک دەرهێنەرێکی سینەمایی خۆی کۆچبەر بێت و فیلم لەبارەی کۆچبەرییەوە بەرهەمبێنێت. نووری شێخۆ، دەرهێنەری رۆژئاوای کوردستان و کۆچبەر لە ئیستەنبووڵی تورکیا، کاری دەرهێنانی بۆ فیلمێکی سینەمایی کردووە کە ناوەڕۆکەکەی لەبارەی کۆچبەرانی رۆژئاوای کوردستان و سووریایە، بەتایبەتیش هەردوو شاری عەفرین و حەلب.
نووری شێخۆ، بە رووداوی راگەیاند، فیلمەکە بەناوی 'سنوور'ـە و ماوەەکەی یەک کاژێر و 10 خولەکە و وێنەگرتنی یەک ساڵی خایاندووە، چیرۆکەکەی باس لە کۆچبەرانی عەفرین و حەلەب دەکات کە چۆن دەچنە نێو خاکی تورکیا و دواتر روو لە ئەوروپا دەکەن و ئەو سەختیانەی لە رێگەی کۆچبەرییەوە دێنە پێشیان.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، فیلمەکە ئەوە دەخاتەڕوو کە چۆن شەڕ لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان خەڵکی ناچار کردووە کە رێگەی کۆچبەری بگرنەبەر.
گوتیشی، یەکەم پێشاندانی فیلمەکە لە 23 ئەم مانگە لە وەقفی بێشکچی لە ئیستەنبووڵ کرا و ئیسماعیل بێشکچی، نووسەر و کۆمەڵناسی ناسراوی تورک و ژمارەیەک کەسایەتی دیکە و هۆگرانی فیلم ئامادەی پێشاندانی فیلمەکە بوون و پلانیان هەیە لە چەند شارێکی دیکە پێشانی بدەن.
نووری شێخۆ، لە 1995 لە عەفرینی رۆژئاوای کوردستان لە دایکبووە، خوێندکاری کۆلیژی ئابووری بووە، بەڵام بەهۆی شەڕی سووریاوە نەیتوانیوە خوێندنی تەواو بکات، فیلمسازی بەڵگەفیلمە و چەند کورتەفیلمێکی بێدەنگ، بەڵگەفیلم و زنجیرەی بەرهەمهێناوە و وەک ئەکتەر لە شانۆدا بەرهەمی هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ