رووداو دیجیتاڵ
ئۆ یۆنگ-سو، ئەکتەری ناسراوی کۆریای باشوور کە خەڵاتی گۆڵدن گڵۆبی بۆ رۆڵەکەی لە زنجیرەی (Squid Game) بەدەستهێنابوو، رۆژی سێشەممە لەلایەن دادگەیەکی پێداچوونەوەوە لە تۆمەتی دەستدرێژیی سێکسی بێتاوان دەرچوو، بەمەش بڕیارێکی پێشووتری دادگە هەڵوەشێنرایەوە.
بەپێی ئاژانسی هەواڵی یۆنهاپی کۆریای باشوور، دادگەی ناوچەی سوۆن بڕیارێکی پێشووی هەڵوەشاندەوە کە ئەکتەرە 81 ساڵانەکەی بە تاوانبار ناساندبوو بە تۆمەتی باوەشکردن و ماچکردنی روومەتی ژنێک بەبێ رەزامەندیی ئەو لە ساڵی 2017ـدا.
دادگەی پێداچوونەوە رایگەیاندووە، هەرچەندە هۆکار هەیە بۆ گومانکردن لەوەی کە ئەکتەرەکە دەستدرێژیی کردبێتە سەر ژنەکە -بەوپێیەی شەش مانگ دوای رووداوەکە راوێژی دەروونیی وەرگرتووە و ئۆ یۆنگ-سو داوای لێبوردنی لێکردووە- بەڵام لە هەمان کاتدا ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەگەری هەیە یادەوەریی قوربانییەکە بە تێپەڕبوونی کات شێوا بێت".
پێشتر دادگەیەکی خوارتر سزای هەشت مانگ زیندانیکردنی بەسەر ئۆ یۆنگ-سو دا سەپاندبوو، کە بۆ ماوەی دوو ساڵ هەڵپەسێردرابوو. داواکارانی گشتی لە هەردوو دادگاکەدا داوای سزای یەک ساڵ زیندانییان بۆ ئەکتەرەکە کردبوو.
ئۆ یۆنگ-سو لە کانوونی دووەمی 2022ـدا بووە یەکەم ئەکتەری کۆریای باشوور کە خەڵاتی گۆڵدن گڵۆب بەدەستبهێنێت، کاتێک وەک باشترین ئەکتەری پاڵپشت بۆ رۆڵی (ئۆ ئیل-نام) لە زنجیرەی (Squid Game) خەڵاتکرا. هەروەها بۆ هەمان رۆڵ بەربژێری خەڵاتی ئێمی بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ