رووداو – رۆیتەرز
رۆسلان زاکرییف، نووسەری بەناوبانگی چیچانی، داوای بڕی یەک ملیار دۆلاری ئەمریکی وەک قەرەبوو، لە جیمس کامیرۆن دەرهێنەری فیلمی سینەمایی "ئاڤاتار" دەکات، ئەمەش بەهۆی دزینی سیناریۆی فیلمەکە.
رۆسلان زاکرییف، نووسەری بەناوبانگی چیچانی، داوایەکی یاسایی لە دادگا، لەسەر دەرهێنەری فیلمی سینەمایی "ئاڤاتار" تۆمارکردووەو داوای بڕی یەک ملیار دۆلار قەرەبوو دەکات، ئەمەش بەهۆی دزینی سیناریۆی فیلمەکە لە یەکێک لە نووسینەکانی ئەم نووسەرە.
فیلمی ئاڤاتار، بە یەکێک لە پڕبینەرترین فیلمی سینەمایی لە مێژووی سینەمای ئەمریکا هەژماردەکرێت و زۆرترین داهاتی سینەمایی هەبووەو لە ساڵی 2009 خرایە سەر شاشەی سینەما، تاکو ئێستاش داهاتی زیاتر لە 2 ملیارو 787 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی هەبووەو تێچووی بەرهەمهێنانی فیلمەکەش 237 ملیۆن دۆلار بووە.
ئەم نووسەرە چیچانییە، دەڵێت "پێویستە بڕی یەک ملیار دۆلارم بداتێ، بەم پارەیەش ستۆدیۆیەکی بەرهەمهێنانی فیلم دروستدەکەم، چونکە من سیناریۆی بەهێزی وەکو سیناریۆی فیلمی ئاڤاتار-م هەیە، بەڵام ستۆدیۆم نییە تاکو بیانکەمە فیلم".
زیاتر دەشڵێت، "جیمس کامیڕۆن سیناریۆی ئەم فیلمەی خۆی لە کتێبی "چەکی نهێنی"ی من وەرگرتووە کە لە ساڵی 2002 بڵاومکردۆتەوە".
پارێزەری ئەم نووسەرە چیچانییە دەڵێت، رەنگە ئەم دادگاییە ماوەی زیاتر لە ساڵێک بخایەنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ