رووداو دیجیتاڵ
جەیمس کامیرۆن، دەرهێنەری کەنەدی، جیهانی زنجیرە فیلمی بەناوبانگی "Avatar" لە رێگەی پڕۆژەیەکی نوێی ئەنیمەیشنەوە فراونتر دەکات و لەگەڵ کۆمپانیای دیزنی لە گفتوگۆدایە بۆ بەرهەمهێنانی.
کامیرۆن لە چاوپێکەوتنێکی نوێدا رایگەیاند: "دەمەوێت زنجیرەیەکی ئەنیمەیشنی ئەنتۆلۆجی پێشکێش بکەم کە رووداوەکانی لە جیهانی ئاڤاتاردا بن، بەڵام چیرۆکی چاوەڕواننەکراو لەو جیهانەوە بگێڕێتەوە".
روونیشیکردەوە، فراوانکردنەکە تەنیا زنجیرەیەک ئەنیمەیشن ناگرێتەوە، بەڵکو رەنگە فیلمێکی درێژی ئەنیمەیشنیش لەخۆبگرێت.
کامیرۆن ئاماژەی بەوە کرد، سەرچاوەی ئیلهامی بۆ ئەم پڕۆژەیە زنجیرەی "The Animatrix"ـە، کە بە "نموونەیەکی نایاب" دەیناسێنێت. هەروەها باسی لە ئەگەری پیشاندانی ساتە سەرەتاییەکانی یەکەم دابەزینی مرۆڤ لەسەر هەسارەی پاندۆرا یان رابردووی ئەو کارەکتەرانە کرد کە لە فیلمەکاندا دەرکەوتوون.
جەختی لەوەش کردەوە، پڕۆژەکە هێشتا لە قۆناخە سەرەتاییەکانیدایە و گوتی: "هێشتا لە قۆناخی کۆکردنەوەی چیرۆک و گەڕان بەدوای دەرهێنەر و داهێنەری سەربەخۆی بواری ئەنیمەیشنداین کە ئارەزووی بەشداریکردنیان هەیە."
بڕیارە بەشی داهاتووی زنجیرە فیلمەکە بە ناوی "Avatar: Fire and Ash" لە 19ـی کانوونی یەکەمی 2025 لە سینەماکان پێشانبدرێت. کامیرۆن، لەبارەیەوە دەڵێت، پێشبینی نەکراوە.
کامیرۆن لەبارەی بەشی سێیەمەوە گوتی، ئامانجی دووبارەکردنەوەی ئەوە نییە کە لە دوو فیلمی پێشوودا کراوە، بەڵکو لەبری ئەوە "هەڵبژاردەی بوێرانە" دەکات کە رەنگە چاوەڕوانکراو نەبن.
دەرهێنەر ئاشکراشی کرد، بینەران دەتوانن چاوەڕوانی شوێن و بارودۆخی جیاواز و ورووژێنەر بن، ئاماژەی بەوەشکرد، "رەنگە ببرێنە شوێنگەلێک کە چاوەڕێی ناکەن، بەڵام ئەو شوێنانە شایستن."
![]()
یەکەم بەشی زنجیرە فیلمەکە لە 2009 بڵاوکرایەوە و شۆڕشێکی لە جیهانی سینەما و تەکنەلۆجیای سێ رەهەندیدا بەرپاکرد. چیرۆکەکە لەسەر هەسارەی پاندۆرا روودەدات و باس لە ململانێی نێوان مرۆڤە داگیرکەرەکان و خەڵکی رەسەنی هەسارەکە دەکات. فیلمەکە بە دوو ملیار و 923 ملیۆن و 710 هەزار دۆلار، بووە پڕداهاتترین فیلمی مێژووی سینەما.
![]()
دوای 13 ساڵ چاوەڕوانی، بەشی دووەمی فیلمەکە بە ناوی "Avatar: The Way of Water" لە 2022 بڵاوکرایەوە. ئەم بەشە چیرۆکی جەیک سولی و خێزانەکەی بۆ نێو جیهانی ژێر ئاوی پاندۆرا گواستەوە و هۆزە ئاوییەکانی ناڤیی ناساند. فیلمەکە سەرکەوتنێکی گەورەی بازرگانی بەدەستهێنا و بووە یەکێک لە پڕداهاتترین فیلمەکانی مێژوو و داهاتی دوو ملیار و 320 ملیۆن دۆلارە.

بەم دواییە بیلی ئایڵش، گۆرانیبێژی ناسراوی ئەمریکی، لە نوێترین هەنگاویدا کارکردنی لەگەڵ جەیمس کامیرۆن، دەرهێنەری بەناوبانگی کەنەدی راگەیاند کە فیلمێکی سێ رەهەندی لەبارەی گەشتە هونەرییەکەی بەرهەمدێنن.
ئایڵێش، لە میانی کۆنسێرتەکەیدا لە شاری مانچستەری بەریتانیا، رووی لە ئامادەبووان کرد و گوتی: "ئەمشەو رەنگە ژمارەیەکی زۆرتر لە کامێرا ببینن. تەنیا دەتوانم بڵێم کار لەسەر پڕۆژەیەکی زۆر تایبەت دەکەم لەگەڵ کەسێک بە ناوی جەیمس کامیرۆن، فیلمەکە بە تەکنیکی سێ رەهەندی دەبێت".
هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ئامادەبووانی چوار کۆنسێرتەکەی ئەو شارە "بەشێک دەبن لە کارە نوێیەکە" و ئاشکرای کرد، کامیرۆن خۆی لەنێو ئامادەبوواندا بووە.

کامیرۆن، دەرهێنەری فیلمە بەناوبانگەکانی "Avatar"،"Titanic" و"Aliens"ـە و چەندین شاکاری دیکەیە و کۆی داهاتیان زیاتر لە هەشت ملیار دۆلارە، بەمەش بووەتە دووەم دەرهێنەر لە مێژووی سینەمادا کە زۆرترین داهاتی هەبووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ