لەم هەفتەیەدا ئەنیمەیشن و فیلمێکی ترسناک رکابەری یەکدی دەکەن

15-07-2024
پەسار فایەق
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

"Despicable Me 4" بۆ هەفتەی دووەم ئاهەنگی سەرکەوتنی گێڕا، فیلمێکی ترسناکیش لە یەکەم هەفتەی پێشاندانی لە سینەماکانی ئەمریکای باکوور، لە ریزبەندی دووەمدایە و رکابەری دەکات.
 
فیلمی "Despicable Me 4" کە هەفتەی رابردوو لە ریزبەندی یەکەمی لیستەکەدا بوو، لەم هەفتەیەدا بە کۆکردنەوەی 44 ملیۆن و 700 هەزار دۆلار، بەرگری لە مانەوە لە ریزبەندی یەکەمدا کرد.
 
فیلمی ترسناکی "Longlegs" لە یەکەم هەفتەی پێشاندانی لە دوو هەزار و 510 سینەمای ئەمریکای باکوور، بە کۆکردنەوەی 22 ملیۆن و 600 هەزار دۆلار، لە ریزبەندی دووەمدا هات. لەم بەرهەمەدا مایکا مۆنرۆ و نیکۆڵاس کەیج رۆڵی سەرەکی دەگێڕن.
 
فیلمەکە بەرهەمی کۆمپانیای سەربەخۆی "Neon"ـە، کە بەرهەمهێنەری فیلمی "Parasite"ـی براوەی خەڵاتی ئۆسکارە.
 
جگە لە پێشوازیکردنی بینەران لە "Longlegs"، رەخنەگرانیش پێشوازییان لێیکردووە و لە هەڵسەنگاندنێکی ماڵپەڕی "Rotten Tomatoes" توانی 87٪ دەنگەکان بەدەستبێنێت، بەڵام لە هەڵسەنگاندنێکی دیکەی ماڵپەڕێکی دیکەی سینەما، بینەرانی فیلم بە رێژەیەکی کەمتر دەنگیان بە فیلمەکە دا.
 
فیلمی "Inside Out 2" بە کۆکردنەوەی 20 ملیۆن و 800 هەزار دۆلار، لە ریزبەندی سێیەمی لیستەکەدا هات. 
 
فیلمی "A Quiet Place: Day One" بە کۆکردنەوەی 11 ملیۆن و 800 هەزار دۆلار، لە ریزبەندی چوارەمدا هات. ریزبەندی پێنجەمیش بۆ فیلمی کۆمێدی و رۆمانسیی "Fly Me to the Moon" بوو، داهاتی یەکەم هەفتەی 10 ملیۆن دۆلارە و سکارلێت جۆهانسن رۆڵی سەرەکی تێدا دەگێڕێت.
 
ئەمە داهاتی فیلمەکانە لە سینەماکانی ئەمریکا و کەنەدا لە رۆژی هەینی بۆ رۆژی یەکشەممە بە کاتی ئەمریکا.
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە