رووداو- هەولێر
زیاتر لە 20 ساڵە میوزیك و گۆرانیی نەتەوە جیاوازەكانی ئەم ناوچە ئاڵۆزەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەژەنن و دەڵێنەوە. گرووپی میوزیكی رەستاك، گرووپێكی نێوداری ئێرانە كە ژەنیارانی لە هەموو نەتەوە جیاوازەكانی ئێران پێكهاتوون و گۆرانیی فۆلكلۆر و رەسەنی نەتەوەكان بەشێوازێكی نوێ دەڵێنەوە.
فەرزاد مورادی، ژەنیاری گرووپی رەستاكە و خەڵكی كرماشانە، خۆی و براكەی تەنیا كوردی نێو گرووپەكەن. مورادی باسی دامەزراندنی ئەم گرووپە بۆ (رووداو) دەكات و دەڵێت: "گرووپی رەستاك بە سەرپەرشتیی سیامەك سیپهێرییە، كە هاوكات ئاوازدانەری گرووپەكە و ژەنیاری تاریشە، ئەو دەرچووی بواری میوزیكە لە كۆلیژی هونەرە جوانەكانی زانكۆی تاران، نزیكی 20 ساڵ پێش ئێستا دەستی بە چالاكی كردووە".
ئەم گرووپە بە پلەی یەكەم كار لەسەر زیندووكردنەوەی میوزیكی فۆلكلۆری نەتەوەكان دەكات. مورادی دەڵێت: "تەوەری سەرەكیی چالاكییەكانی گرووپی رەستاك لێكۆڵینەوە و لێكدانەوی میوزیكی گەلانی ئێران و میوزیكی فۆلكلۆری ئێرانە، هەروەها دووبارە زیندووكردنەوەی بەرهەمە فۆلكلۆرییەكانە، بەشێوەیەك بتوانێ پەیوەندی لەگەڵ خەڵكی دەرەوەی ئێرانیش دروست بكات".

گرووپی رەستاك كە 20 ساڵە دامەزراوە، تاوەكو ئێستا پێنج ئەلبوومی گۆرانی بڵاوكردووەتەوە كە یەكەم ئەلبوومیان نزیكەی 10 ساڵ پێش ئێستا بوو بە ناوی "نیگارە كۆنەكان". دواتر ئەلبوومی "هەموو گەلانی من" یان بڵاوكردەوە. پاشان ئەلبوومی "زوڕنای نەورۆز" و "لەنێوان خۆرەكانی هەمیشە". دوایین ئەلبوومیش كە راستاك بڵاوی كردووەتەوە، ئەلبوومێك بوو بە ناوی (بەهار) كە كۆمەڵێكە لە میوزیكی تایبەت بە بەهار لە نەتەوەكانی ئێران.
مورادی دەڵێت: "ئەوانەی كارمان لەسەر كردوون، زیاتر میوزیكی فۆلكلۆری ئێرانن، بۆ نموونە فۆلكلۆری باكووری ئێران، ناوچەی خۆراسان، گەیلان، مازندەران و ئازەربایجان كە لەڕاستیدا كولتووری جیاوازیان هەیە".
گرووپی میوزیكی رەستاك بۆ یەكەمجار لە شاری هەولێر كۆنسێرتێكی میوزیكیان لە تێدێكس نیشتمان پێشكەش كرد، لەبارەی ئەم كۆنسێرتەوە، فەرزاد مورادی دەڵێت: "زۆر خۆشحاڵین كە دەرفەتی ئەوە رەخسا لە شارە جوانەكەی هەولێر لەگەڵ خەڵك بووین و زۆر خۆشحاڵترم بەوەی كە خەڵكی هەولێر ئەوەندە باش لەگەڵ میوزیكی ئێمە تێكەڵ بوون، ئەوان لە زمانی گۆرانییەكانی ئێمە تێنەدەگەیشتن، بەڵام توانییان پەیوەندییەكی باش دروست بكەن لەگەڵ میوزیكەكە".
ئافرەت پێگەیەكی گرنگی لەنێو گرووپی میوزیكی رەستاك هەیە، لینا دۆستی ژەنیاری ئامێری كەمانچەیە، هەمیشە هەست و هۆشی خۆی ئاوێزانی نۆتە و میلۆدییەكان دەكات و لە رێگەی میوزیكەوە رۆدەچێتە نێو ناخی هەموو ئامادەبووان.
لینا دۆستی تەمەنی 11 ساڵان بووە كە چووەتە پەیمانگای میوزیكی كچان لە تاران و دەستی بە ژەنینی كەمانچە كردووە، دواتر لە زانكۆی باڵای میوزیك درێژەی بە خوێندنی ئەكادیمی لەبارەی ژەنینی ئامێری كەمانچە داوە، هاوكات لەگەڵ خوێندنەكەی پەیوەندی لەگەڵ گرووپی رەستاك دروستكردووە و ماوەی شەش ساڵە لەگەڵ ئەو گرووپە كار دەكات.
لینا باسی رۆڵی ژنانی میوزیكژەن لە گرووپی رەستاك دەكات و دەڵێت: "لەم گرووپەدا ژەنیاری ژن رۆڵێكی گرنگیان هەیە، واتە وا نییە كە ئێمە تەنیا بمانەوێ لەگەڵ پیاوەكان پێكەوە میوزیك بژەنین، یان تەنیا لەبەر ژنبوونمان سەرنجڕاكێش بین، سەبارەت بە ژەنیاری ژن لە رەستاكدا، دەڵێم لە هەموو گرووپەكاندا زۆر سوود لە ژەنیاری ژن وەرنەدەگیرا، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئێمە رۆڵێكی گرنگمان دەبێ لە كۆی گرووپەكەدا. بۆیە رەستاك سوودێكی گرنگ و كارەكتەرسازیی باشی هەبووە بۆ خانمانی ژەنیار".

لینا دۆستی ژەنیاری ئامێری كەمانچەیە و دەڵێت لە ئێران ژنە ژەنیاری كەمانچە لە پەنجەی دەست تێپەڕ ناكەن "كاتێك من دەستم كرد بە ژەنینی كەمانچە، ژەنیاری ژن لە ئێران زۆر كەم بوون. یەكێك لە هۆكارەكان كە مامۆستاكانی كەمانچە زۆر منیان هاندا ئەو ئامێرە بژەنم، ئەوەیە كە ژەنیاری ژن لە كەمانچە زۆر كەمە و لە پەنجەی دەست تێپەڕ ناكەن".
دۆستی ئاماژە بە هۆكاری بەردەوامبوونی خۆی لەگەڵ گرووپی رەستاك دەدات و دەڵێت: "گرووپەكان زۆرتر پشت بە ژەنیاری پیاو دەبەستن، بەڵام رەستاك بەوە ناسرا كە سوود لە ژەنیاری ژن دەبینێ و لێهاتوویی ئەوان نیشان دەدا. هەر ئەمەش بووە هۆكار كە من لەم گرووپەدا بمێنمەوە و بە تامەزرۆییەوە درێژە بە كار بدەم".
دەمێكە گوتوویانە میوزیك سنوورەكان كاڵ دەكاتەوە، گرووپی میوزیكی رەستاك زمانێكی هاوبەشیان لە میوزیك و گۆرانیدا دۆزیوەتەوە، لەڕێگەی زمانی میوزیكەوە هۆڵەكانی نمایشی كۆنسێرت پڕ دەكەن لە خەڵك.
ئەم خانمە دەڵێت: "ئێمە هەر كاتێك دەچینە سەفەر و بەرنامەمان هەیە و خەڵك میوزیكەكەمان دەبیستن، چ لە وڵاتی خۆمان و چ لە دەرەوەی وڵات، دەڵێی زمانێكی هاوبەشمان لە میوزیكدا دۆزیوەتەوە. دەبینی خەڵك چەندە بە ئاسانی لە بەرنامەكاندا لەگەڵمان هاودەنگ دەبن لە حاڵێكدا كە هەر تێناگەن لەو شیعرانەی دەیانخوێنینەوە یان تەنانەت لەوانەیە یەكەمجار بێ گوێیان لەو میوزیكە بێ كە ئێمە پێشكەشی دەكەین، بەڵام ئەوەندە بە ئاسانی پەیوەندیی لەگەڵ دەگرن كە ئێمە خۆشمان پێمان سەیر دەبێ. پێموایە رەستاك توانیویەتی بگات بە زمانێكی هاوبەش".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ