رووداو دیجیتاڵ
یەکێتیی نێودەوڵەتیی میوزیکی میللی، ئەلبوومی (Tales of Earth and Sun - چیرۆکەکانی زەوی و خۆر)ـی گرووپی میوزیکیی رەستاکی بۆ خەڵاتی جیهانیی باشترین ئەلبوومی ساڵ بەربژێر کردووە.
(چیرۆکەکانی زەوی و خۆر)، یەکەم ئەلبوومی رەستاکە دوای کۆچکردنیان لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاوکراوەتەوە.
ئەلبوومەکە گۆرانیی بەلوچی، کوردی و فارسی و گۆرانییەکی ئەفغانیش لەخۆدەگرێت.
رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکە لە 21ـی کانوونی دووەمی 2026 لە شاری نیو ئۆرلینز لە ئەمریکا بەڕێوەدەچێت.
بەڕێوەبەری گرووپی رەستاک، بەهزاد پورناخی، رایگەیاند، ئەوان لە 23ـی ئەم مانگە لە ستۆکهۆڵم بەشداری لە فێستیڤاڵێکی جیهانیی میوزیکیدا دەکەن و کۆنسێرتێک ساز دەکەن.
گرووپی میوزیکی رەستاک، ساڵی 1997 لە ئێران دامەزراوە و بە گۆرانییە فۆلکلۆرییە کوردی، فارسی و ئازەری دەناسرێت.
ئەندامانی ئەو گرووپیە میوزیکییە لە نەتەوە جیاجیاکانن و بەرهەم بە زمانی کوردی، فارسی و زمانی دیکە پێشکێش دەکەن.
ئەلبوومی یەکەمی ئەم گرووپە بە ناوی (رەنگوارەهای کوهەن)، ساڵی 2007 بڵاوکراوەتەوە.
ساڵی 2010، ئەو گرووپە ئەلبوومێکی بە ناوی (هەموو نەتەوەکانی من - هەمێیێ ئەقوامێ مەن) بڵاوکردەوە، دواتر دوو ئەلبوومی دیکەیان بەناوەکانی (سۆرنای نوروز) و (میانێ خورشیدهای هەمیشێ) بڵاوکردەوە.
گرووپی میوزیکی رەستاک، لە ئاستی جیهاندا ناسراوە، جگە لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، لە چەندین وڵاتی وەک بەریتانیا، نەمسا، ئەڵمانیا، فەرەنسا، ئیتاڵیا، ئیسپانیا، هۆلەندا، سوێد، ئەمریکا، کەنەدا، ئوسترالیا، هیندستان، ژاپۆن، مالیزیا، چیلی، پۆڵەندا، تورکیا، جۆرجیا، بەلجیکا و چەند وڵاتێکی دیکە کۆنسێرتیان کردووە.
ئەو گرووپە چەندین جار لە باشووری کوردستان و بە تایبەت لە هەولێر و سلێمانیش کۆنسێرتی سازکردووە. لە 2023 لە ئیستەنبووڵ کۆنسێرتێکی سازکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ