رووداو - هەولێر
شاعیری كورد رەفیق سابیر، نووسەری شیعری "لاوكی هەڵەبجە" روونكردنەوەیەك لەسەر ئەو شیعرە بڵاودەكاتەوە و دەڵێت شیعرەكەی لەلایەن نووسەرێكی رۆژهەڵاتییەوە شێوێندراوە و هەر بەو شێوێندراوییەش كراوەتە گۆرانی.
ئەو شیعرە لەلایەن هونەرمەند هێدی قادر كراوەتە گۆرانی و بەوە دەستپێدەكات "بە تەنیا جێم مەهێڵن". بەڵام رەفیق سابیر لەو روونكردەوەیە كە رۆژی 16/3/2014 لە پەیجی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك بڵاوی كردووەتەوە نووسیویەتی "بە تەنیا جێیمەهێڵن".
رەفیق سابیر لە درێژەی روونكردنەوەكەدا نووسیویەتی "تا ئێستا كۆمەڵیك هونەرمەند و گۆرانیبێژ بەشێكی هۆنراوەی (لاوكی هەڵەبجە)یان كردووە بە گۆرانی و دەستیان خۆشبێت. بەڵام هەندێك لەو بەڕێزانە، لەبەرئەوەی پێشوەخت منیان لەو كارە ئاگادار نەكردووەتەوە، كۆپییەكی دەستكاریكراو و شێوێندراوی هۆنراوەكەیان هەڵبژاردووە كە كاتی خۆی نووسەرێكی بەڕێزی رۆژهەڵاتی كوردستان، بڵاوی كردووەتەوە".
ئەو گۆرانییە لە ساڵیادی كیمیابارانی هەڵەبجە بەشێوەیەكی بەرفراوان پەخش دەكرێت و بووەتە سیمبوڵی كارەساتی هەڵەبجە، بەڵام لە تایتلی هەندێك كلیپی ئەو گۆرانییەدا دەنووسرێت هۆنراوەی ساڵح سوزەنی، لە كاتێكدا كۆپلەی یەكەمی گۆرانییەكە شیعری رەفیق سابیرە، بەڵام ئەو نووسەرە دەستكاری كردووە.
رەفیق سابیر لە درێژەی روونكردنەوەكەیدا دەنووسێت "من وەك خاوەنی ئەو هۆنراوەیە، لەگەڵ ئەوەی حورمەتی زۆرم بۆ ئەو نووسەرە بەڕێزە هەیە، بەڵام راشكاوانە دەڵێم كە ئەو دەستكاریكردنەم هیچ بە دڵ نییە و بە ناهەقییەكی دەزانم بەرامبەر من و ئەو هۆنراوەیە كراوە، بۆیە بە مافی خۆمی دەزانم رەتیبكەمەوە. لە هەمانكاتدا بە گرنگی دەزانم كە خوێنەران و ئەو هونەرمەندە بەڕێزانەی هۆنراوەكەیان كردووە بە گۆرانی، یان دەخوازن بیكەن بە گۆرانی، ئاگادار بكەم كە ئەم تێكستەی خوارەوە ئەسڵی هۆنراوەیەكە".
لاوكی هەڵەبجە
بە تەنیا جێی مەهێڵن
ئەمشەو زریان دەیچێنێت
تەمومژ دایدەپۆشێت
مانگەشەو دەیڕفێنێت
گەرووی بە گزنگ تەڕكەن
زامەكانی بە شیلان
بە گۆرانی دایپۆشن
یان بە سەوزیی دارستان
سەری بە شەپۆلان كەن
با ئەم شەوە رایژێنێت
باڵای لە هەور بگرن
بروسكە و – با– دەچێنێت
بە تەنیا جێی مەهێڵن
منداڵێكی لاسارە
شار بەردەباران دەكات
مانگ دەكات بە كۆلارە
سوارە، چ شۆڕەسوارێك
ئەسپی هەتاو زین دەكات
بە گۆرانی و تیشك و ماچ
سەرزەمین بەرین دەكات
با كەژاوەی لە گوڵ بێت
یان لە پەلكەزێڕینە
زەماوەندی خوێن دەگرێت
ئەمشەو پاشای ئەڤینە
ئاشقێكی لاسارە
بروسكە و – با– دەچێنێت
بە تەنیا جێی مەهێڵن
مانگەشەو دەیڕفێنێت
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ