ئەکتەرانی حەمکۆشۆ وازدەهێنن

18-01-2015
رێكەوت سەلام
نیشانەکردن حەمكۆ
A+ A-

رووداو - ھەولێر

ھونەرمەندی کۆمیدی حەمکۆ لە دوای نمایشکردنی زیاتر لە 20 ئەڵقە ئەکتەرەکانی بەجێیدێڵن و حەمکۆش دەڵێ سوپاسیان دەکەم.

حەمکۆشۆ پرۆگرامێکی کۆمیدییە و ھەموو ھەینییەك لە ھۆڵی میدیای شاری هەولێر پێشکەش دەکرا، بەڵام ئێستا ئەكتەرەكانی جێیانهێشتووە.

یەکێک لە ئەکتەرانی پرۆگرامی حەمکۆ شۆ بە رووداوی گوت:" نەمانی یەکێک لە ستافی پرۆگرامی حەمکۆ شۆ بووە ھۆکاری ھەڵوەشاندنەوەی ئەو گرووپەی کە لەم پرۆگرامە کاریان دەکرد و دواتریش نەبوونی پلانێکی باشی ھونەرمەند حەمکۆ وای لێکردین کە پرۆگرامە جێبھێڵین".

ئەم ئەکتەرە كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە گوتیشی:" راستە ھونەرمەند حەمکۆ ناوبانگێکی تایبەتی ھەیە و بە مان و نەمانی ئێمە ناڕووخێت، بەڵام پڕۆگرامی حەمکۆشۆ وەک جاران ئەو لەزەتەی نامێنێت".

لە بەرامبەریشدا حەمکۆ لەبارەی وازھێنانی ئەندامانی گرووپەكەی گوتی:" لە ھەموو جیھان ھەر ئەکتەرێک دەتوانێت دوای نەمانی گرێبەستەکەی یان زووتر واز لە کارەکەی بھێنێت، بەڵام کە بیەوێت وازبێنێت دەبێ زووتر کەسی بەرامبەر ئاگاداربکاتەوە، ئەوەی ئەوان بەرامبەر من كردیان كودەتا بوو".

حەمكۆ جەختیشیكردەوە،" وازھێنانی ئەوان ھیچ کەمناکاتەوە و کاریگەری نابێت لەسەر ناوەڕۆکی پرۆگرامەکە، بەڵکو بەردەامم دەبین لە خزمەتکردن، راستە ئەو گرووپە ھاوکاری سەرەکی من بوون و سوپاسی ھەمووشیان دەکەم، بەڵام خەڵک بۆ لای حەمکۆ دێت، نەک ئەوان".




















کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە