حەمکۆ لە بەرهەمێکدا بە عەرەبی راپ دەڵێت

10-06-2023
پەسار فایەق
حەمکۆ، ئەکتەری کۆمێدی
حەمکۆ، ئەکتەری کۆمێدی
نیشانەکردن حەمکۆ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

حەمکۆ، ئەکتەر و کۆمێدیەنی کورد، ڤیدیۆکلیپێکی دوێتی بە زمانی عەرەبی لەگەڵ حوسێن سایغ، هونەرمەندی عێراقی بۆ یەکەمجار لە رێگەی رووداو بڵاودەکاتەوە.
 
ئەم بەرهەمە لە تێکستی عەمار تەمیمی و لە ئاوازی مەحموود ئەیادە و میکس و ماسترینگی لەلایەن نوڕ سامر کراوە.
 
لەم بەرهەمەدا حەمکۆ راپ دەڵێت و بە جلوبەرگی عەرەبی و سەربازی دەردەکەوێت.
 
حەمکۆ، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هەموو هونەرمەندێک پێویستی بە بیرۆکەی نوێیە، بۆ ئەوەی لە قۆناخێکەوە بچێتە قۆناخێکی دیکە، ئەگەر لە شوێنی خۆت بخولێیتەوە هیچ پێشکەوتنێک نابینێت و ناتوانێت زیاتر خزمەت بکات. 
 
گوتیشی، بیرۆکەیەکی لەلا گەڵاڵە بوو کە بەرهەمێک بە عەرەبی پێشکێش بکات، بە تایبەت کە عەرەب بە ژمارە زیاترن و بەرهەمە هونەرییەکان زیاتر پێشوازییان لێدەکرێت. 
 
روونیشیکردەوە، لەم بەرهەمەدا بە شێوازی راپ بەرهەمەکەی پێشکێشکردووە، چونکە ئەو گۆرانیبێژ نییە، بەڵام راپ دەرفەتی ئەوەی تێدایە بیڵێیت.
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ئامانجی ئەوەیە بەرهەمەکانی زیاتر بڵاوببنەوە و جگە لە کورد نەتەوەکانی دیکەش بیبینن و گوتیشی: "دەمەوێت بە عەرەب بڵێم هونەرمەندێکی کۆمێدی هەیە بەناوی حەمکۆ". 
 
ئەوەشی ئاشکرا کرد، بەنیازە لە داهاتوودا بەرهەمی دوێت بە زمانی فارسی و ئینگلیزی بڵاوبکاتەوە.
 
ڤیدیۆکلیپی ئەم بەرهەمە لە دەرهێنانی ئەحمەد رەمەزانە و بڕیارە لە 15 ئەم مانگە لە کەناڵی تایبەتی حەمکۆ لە یوتیوب بڵاوبکرێتەوە.
 
محەممەد جۆرج ناسراو بە حەمکۆ، لە نەوەتەکانی سەدەی رابردوو، بە بەشداریکردن لە چەند بەرهەمێکی تەلەڤزیۆنی کۆمیدیدا ناوبانگی پەیداکردووە و بۆ ماوەیەک لە ئەوروپا ژیاوە و ئێستا لە هەولێر درێژە بە ژیانی دەدات و ڤیدیۆ و بەرهەمە کۆمێدییە تەنزئامێزەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاودەکاتەوە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە