هونەرمەندانی کورد لە جۆرجیا خەڵاتکران

18-08-2025
پەسار فایەق
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

هونەرمەندانی کورد لە دوو فێستیڤاڵی هونەریی جیاوازدا لە بواری سەما و هەڵپەڕکێ و میوزیک گۆرانیدا، لە شاری باتۆمی جۆرجیا خەڵاتکران.
 
هونەرمەند رابەر کوردستانی، لەگەڵ هەردوو ژەنیار ئومید دەبباغی و میحراب قەیتاسی لە بەشی میوزیک و کۆڕی هەڵپەڕکێی شڵێوەی رۆژهەڵاتی کوردستان، لە هەردوو فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی هەڵپەڕکێ و میوزیکی "ئەستێرەی دەریای رەش" و "ئێمە جۆرجیامان خۆشدەوێت" بەشداربوون و خەڵاتی باشترین گرووپی سەما و گرووپی میوزیکیان بەدەستهێنا.
 
فێستیڤاڵەکە لە ژێر چاودێریی رێکخراوی سەمای نێودەوڵەتی (CID) لە 16 و 17ـی ئابی 2025 بەرێوەچوو و 39 گرووپی هەڵپەڕکێ و 39 گرووپی میوزیکی لە نۆ وڵاتەوە بەشداربوون، تێیدا هەردوو گرووپەکە؛ هونەری کوردییان لە پاڵ گرووپە جیهانییەکانی دیکە پێشکێشکرد.
 
کۆڕی هەڵپەڕکێی شڵێوە، بە نمایشکردنی تابلۆی رەسەنی هەڵپەڕکێی کوردی، توانی پلەی یەکەم و دیپلۆمی شانازی بەدەستبێنێت.
 
رابەر کوردستانی، سەرپەرشتیاری گرووپە میوزیکییەکە، لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو، خۆشحاڵیی خۆی بەم دەستکەوتە دەربڕی و رایگەیاند: "ئێمە وەک نوێنەری کوردستان بەشداریمان کرد و شانازی دەکەین کە توانیمان جوانی و دەوڵەمەندیی کولتووری نەتەوەکەمان بە جیهان بناسێنین. ئەم خەڵاتە دیارییەکی بچووکە بۆ گەلی کوردستان و خەڵاتی یەکەمان لە هەردوو بەشی میوزیک و هەڵپەڕکێ بەدەستهێنا کە خەڵاتی زێڕینە".
 
هونەرمەند سەید ئەحمەد تەوەکولی، وەک ئەندامی لیژنەی هەڵسەنگاندنی فێستیڤاڵەکە بەشداربوو و هەڵسەنگاندنی بۆ بەرهەمەکان کرد.
 
رابەر کوردستانی، خاوەنی چەند بەرهەمێکە، لە نێوەڕاستی تەممووزی 2022 لەگەڵ دەستەی هەڵپەڕکێی چالاکی بانەی رۆژهەڵاتی کوردستان، شەش خەڵاتی لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فەرهەنگ و هونەر لە ئەرمینیا بەدەستهێنا.
 
لە 21ـی شترینی یەکەمی 2021 لە 14یەمین فێستیڤاڵی میوزیکی هەرێمی ئێران لە شاری کرمانی ئێران بەشداربوو و گۆرانی و حەیرانی ناوچەی موکریانی پێشکێشکرد.
 
کۆڕی هەڵپەڕکێی شڵێوە لە 15ـی ئابی 2004 لە بانەی رۆژهەڵاتی کوردستان لە دایک بووە، فه‌ردین یارئه‌حمه‌دی، سەرۆکی کۆڕەکەیە و زیاتر لە سەت ئەندامی چالاکی لە سێ گرووپ بەپێی جیاوازی تەمەنەکان هەیە، بەشی فێرکاریی تایبەت بە ژنانیشی هەیە. لە چەندین فێستیڤاڵی نێوخۆی رۆژهەڵاتی کوردستان، ئێران و جیهاندا بەشداربوونە و خەڵاتیان بەدەستهێناوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە