دڵشاد سەعید دکتۆرای لە میوزیکی کوردی وەرگرت

20-06-2018
هیوا سەڵاح
نیشانەکردن دڵشاد سەعید میوزیک
A+ A-
رووداو- هەولێر

هونەرمەند و میوزیکژەنی ناوداری کورد، دڵشاد سەعید لە رۆژی 19-6-2018 لە مەڕاسیمێکی بەرفراواندا بڕوانامەی دکتۆرای لە بواری میوزیکی کوردی لە زانکۆی مۆزارت لە شاری ساڵزبورگی وڵاتی نەمسا وەرگرت.

نامەی دکتۆراکەی هونەرمەندی کورد دڵشاد سەعید لەژێر ناوی "لێکۆڵینەوەیەک لەسەر میوزیکی کورمانجی - لەبەرچاوگرتنی گۆرانییە ریتمییەکان". بوو، کە دوای گفتوگۆی تێزەکەی هونەرمەند دڵشاد سەعید، بڕوانامەی دکتۆرای بە پلەی زۆر باش  بەشێوەیەکی فەرمی لە زانکۆی مۆزارت وەرگرت.

لەمبارییەوە میوزیکژەنی ناودار دڵشاد سەعید بەرووداوی راگەیاند" بێگومان ئەمە یەکەمینجارە لێکۆڵینەوەیەکی ئەکادیمی بەمشێوەیە لەسەر میوزیکی کوردی - کورمانجی، لە زانکۆیەکی ئەوروپی باس دەکرێت، هەروەها باس لە ئاوێتەکردنی میوزیکی کوردی لەگەڵ هاوسێیەکانی دەکات".

ئەم هونەرمەندە جگە لە گۆرانی کوردی لێکۆڵینەوەی لەسەر هەڵپەڕکێی کوردیش کردووە، لەمبارییەوە دەڵێت" هاوکات لەم لێکۆڵینەوەدا گەلێک جۆری گۆڤەندو دیلان و هەڵپەڕکێی کوردی باسکراوە، کە لەسەر بنکەی ریتم و ریتمی ئاواز لێکۆڵینەوەکان کراون، دواتر تایبەتمەندی میوزیکی کورمانجی دەستنیشانکراون".

لەم لێکۆڵینەوەی دکتۆر دڵشاد سەعید، چەند راستییەکی شاراوە ئاشکراکردووە، کە لە چەند خاڵێکدا کۆکراونەتەوە، لەمباریەوە دڵشاد سەعید دەڵێت"زۆربەی میوزیکەکانی کورمانجی جیاوازییەکی زۆریان لەگەڵ میوزیکی گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەڤەری قەوقاز هەیە، هەروەها ریتمی ئاڵۆز و غەریب بەناوی ریتمی جۆرجینا هەیە، کە لە ناو کورمانجی و هەندێک لە ناوچەکانی عێراق بەکار دێت، بەڵام دوای لێکۆڵینەوەیەکی باش دەرکەوت ئەم ریتمە لەرەچەڵەک لە کورمانجی وەرگیراوە".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە