ئەلبوومی گرووپی نیشتمان لە میدیا فەرەنسییەکان دەنگدانەوەیەکی زۆری هەبووە

22-01-2017
هیوا سەڵاح
"گرووپەکە بۆ ئەوە دروستکراوە سنوورەکان کاڵ بکاتەوە"
"گرووپەکە بۆ ئەوە دروستکراوە سنوورەکان کاڵ بکاتەوە"
نیشانەکردن رووداو گرووپی نیشتمان میوزیک
A+ A-

رووداو- هەولێر

دوای ئەوەی ئەلبوومی کۆبانێ -ی گرووپی نیشتمان، کە بە سپۆنسەری تۆڕی میدیایی رووداو بڵاوکرایەوە، لە میدیاکانی فەرەنسا دەنگدانەوەیەکی یەکجار زۆری هەبوو، چەندین رۆژنامەو گۆڤاری بەناوبانگی فەرەنسی بە گرنگەوە باس لە پڕۆژەی نیشتمان دەکەن.


رۆژنامەی جازنیوزی فەرەنسی بە مانشێتێکی گەورە نووسیویەتی " پرۆژەی نیشتمان کوردستانێکی بەهێز"، دواتر بەدرێژی باس لە پرۆژەی نیشتمان و ئەلبوومی کۆبانێ دەکات، دەڵێت ئەندامانی گرووپی نیشتمان هێشتا تەمەنیان نەگەیشتووەتە 40 ساڵی، بەڵام دەیان میلۆدی و ئاوازی دڵهەژێنیان پێشکەشی فەرەنسییەکان کرد.

لە بەشێکی دیکەی ئەم رۆژنامەیەدا باس لە کوردستانی گەورە دەکات و دەڵێت ، سنوورەکانی تورکیا و ئێران و عێراق نەیتوانیوە ئەم میوزیکژەنانە لێک جیا بکاتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەوان توانیویانە بە رێگەی میوزیک هەموو سنوورەکان بشکێنن و یەک میوزیکی رەسەنی کوردی پێشکەش بکەن.

میدیای بەناوبانگی لۆبسی فەرەنسی راپۆرتێکی درێژی لەسەر گرووپی نیشتمان بڵاو کردووەتەوەو لە بەشێکی راپۆرتەکەدا نووسراوە، کورد هێشتا وڵاتێکی تایبەت بەخۆی نییە بەڵام میوزیکی رەسەنی تایبەت بەخۆی هەیە، گرووپی میوزیکی نیشتمان بۆ ئەوە دروستکراوە سنوورەکان کاڵ بکاتەوە، بۆیە کاتێک ئەم ژەنیارانە میوزیکی کوردی دەژەنن مووچرکە بە هەموو لەشمان دەهێنن و کاریگەری لەسەر دڵی مرۆڤەکان جێدەهێڵن.

 ماڵپەڕی ناوداری فەرەنسی لیز ین رۆکس دەربارەی گرووپی نیشتمان نووسیویەتی ، هەرچەندە کوردستان سنوورێکی سیاسی و پێکهاتەکانی دەوڵەتی یەکگرتووی نییە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کولتوورو فەرهەنگێکی کۆکراوەو یەکگرتووی هەیە، لە بەشێکی دیکەی ئەم ماڵپەڕەدا نووسراوە، هەمیشە جیوپۆلوتیک بۆ کوردەکان رۆڵی خراپی هەبووە، بەڵام گرووپی نیشتمان یەکبوونی گەلی کورد دەردەخات، ئەوان سەرکەوتوو بوون لە بڵاوکردنەوەی ئەلبوومێکی دیکەی گۆرانی ومیوزیکی کوردی.

فرانس کولتوغ،  یەکێکە لە میدیا سەرکەوتووەکانی فەرەنسا، سەبارەت بە گرووپی نیشتمان دەڵێت "ئەو شارەی کە شەهیدی دا و سەرکەوتنی بەدەستهێنا ناوی کەوتووەتە نێو ئەلبوومێکی گۆرانی ومیوزیکی کوردی" ، ئەلبوومەکەش بە ئەلبوومێکی ناوازە ناو دەبات.

گرووپی میوزیکی نیشتمان، بە رابەرایەتی هەردوو هونەرمەندی نێوداری کورد هەژار زەهاوی و سوهراب پور نازرییە، تاوەکو ئێستا بەشداریان لە دەیان فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی کردووە، چەندین ژەنیاری ناودار لەم گرووپە ئەندامن.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە