رووداو - هەولێر
شەوی هەینی کەناڵی حکومی (دەنگ و رەنگ)ی شاری مەهاباد لە رۆژهەڵاتی کوردستان، راپرسییەکی بەڕێوەبردووە بەو ناوەڕۆکە، کە کام یەک لە هونەرمەندان،حەسەن زیرەک ،مورتەزا پاشایی و موحسین یەگانە لای ئێوە خۆشەویستترە.
حەسەن زیرەک هونەرمەندی ناسراوی کوردە و لە تەمەنی هونەریدا زیاتر لە 700 گۆرانی تۆمارکردووە و بە یەکێک لە مامۆستاکان و دەنگە رەسەنەکانی کورد دادەنرێت. بەڵام موحسین یەگانە و مورتەزا پاشایی کە هەفتەیەک لەوەو پێش بەهۆی شێرپەنجەوە لە شاری تاران کۆچی دواییکرد دوو لە هونەرمەندانی گۆرانیبێژی پۆپی گەنجی فارسن.
ئاکامی راپرسییەکە بەو شێوەیە بووە ،مورتەزا پاشایی " 64.77" ،حەسەن زیرەک "26.52 " و موحسین یەگانە "8.71" . ئەگەرچی حەسەن زیرەک لەو راپرسییەدا بە هونەرمەندێکی گۆرانیبێژی پۆپی گەنجی فارسی لە شارێکی کوردستاندا دۆڕاندووە ،بەڵام ئەو راپرسییە و ناوەرۆکی پرسیارەکەی کەناڵی حکومی مەهاباد بووەتە جێی نارەزایەتی بەشێک لە هاونیشتمانیان و هونەرمەندانی ناسراوی رۆژهەڵاتی کوردستان.
بەشێک لە هونەرمەندانی ناسراوی رۆژهەڵاتی کوردستان لە پەیوەندی لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداودا بەو شێوە دووان.
ئەرسەلان کامکار (ژەنیار و ئاواز خوێن) بە نوێنەرایەتی لە بنەماڵەی کامکار: " ئەو راپرسییە کارێکی هەڵەیە و ئێمە وەک بنەماڵەی کامکار شەرمەزاری دەکەین، ناوبراو مامۆستای گەورەی گەلی کوردە و ئەو راپرسییە نەتەنیا بێڕێزییە بە مامۆستا حەسەن زیرەک و هونەری کورد ،بەڵکو بێ رێزییە بە گەلی کورد " .
مەزهەر خالقی (ئاواز خوێن): "من پێموایە پرسیارەکە بێ ناوەرۆک بووە ،ئەو کەسەی ئەو پرسیارەی داڕشتووە نازانێت حەسەن زیرەک چەندە گەورەیە ، پرسیارەکە بە تەواوی بێمانا بووە و داڕشتنی ئەو پرسیارە یا لەرووی قین یا لەرووی نەزانییەوە بووە" .
حەیدەر کاکی (ئاواز خوێن و ژەنیار):" ئەو راپرسییە کارێکی نەشیاو بووە ،مامۆستا حەسەن زیرەک پێشەنگی فەرهەنگی کوردە و بە هیچ شێوەیەک ناتوانرێ لەگەڵ ئەو کەسانە هەڵیسەنگێنی ،ئەو کارە مەبەستی سیاسی لە پشتە و ئەوەش بێڕێزی بە گەلی کورد و هونەری دەوڵەمەندییەتی".
فەردین لاهور پور (ژەنیار): "ئەو راپرسییە بە تەواوی هەڵەیە و ئەوە بێڕێزیکردنە بە نەتەوەی کورد و هونەری دەوڵەمەندی ، ئەو کەسانە بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ هونەرمەندانی کورد هەڵناسەنگێندرێن" .
تاهیر خەلیلی (ئاواز خوێن) :" ئامانج لەو راپرسییە بریندارکردنی هەستی گەلی کوردە ، بەڵام با بزانن کە ئەوان مافی ئەوەیان نییە سووکایەتی بە هونەرمەندانی کورد بکەن و مامۆستا حەسەن زیرەکیش زۆر لەوە گەورەترە کە لەگەڵ ئەو کەسانە هەڵیسەنگێنی ،ئەوە بێڕێزییە بە دەریای هونەری کوردی".
حوسەین شەریفی (ئاواز خوێن): " ئەو راپرسییە کارێکی هەڵە و نەشیاوە و بێڕێزییە بە گەلی کوردستان و هونەری دەوڵەمەندی ، حەسەن زیرەک سیمبولی دەنگی رەسەنی کوردە و لەگەڵ ئەو کەسانە هەڵناسەنگێندرێت " .
فەرزاد عەندلیبی (ژەنیار): " هەڵسەنگاندنی ئەو کەسانە لەگەڵ مامۆستا حەسەن زیرەک بێڕێزیکردنە بە گەلی کورد ،ئەو راپرسییەش لە ئەساسدا هەڵەیە" .
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ