بەڵگەفیلمێکی رووداو گەشتێک بەنێو جیهانی هونەریی حەسەن زیرەک دەکات

26-07-2025
پەسار فایەق
حەسەن زیرەک، هونەرمەندی ناسراوی کورد
حەسەن زیرەک، هونەرمەندی ناسراوی کورد
نیشانەکردن حەسەن زیرەک
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەرهەمێکی نوێی بەشی بەڵگەفیلمی تۆڕی میدیایی رووداو بە ناوی "زیرەک" لە سلێمانی پێشاندەدرێت کە گەشتێکە بەنێو جیهانی هونەری و ژیانی حەسەن زیرەک، هونەرمەندی ناسراوی کورد، تێیدا تیشک خراوەتە سەر رۆڵی ئەو هونەرمەند لە پاراستنی زمان و کولتووری کوردیدا. 
 
پێشاندانی بەڵگەفیلمەکە کاژێر 6:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 26ـی تەممووزی 2025 لە سینەما سالم لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت و هاتن بۆ هەمووانە.
 
لە بەڵگەفیلمەکەدا، محەممەدی حەمە باقی، هاوڕێی حەسەن زیرەک و د. عەبدوڵڵا جەمال سەگرمە، وەک دوو کەسایەتیی سەرەکی، تیشک دەخەنە سەر رەهەندە جیاوازەکانی هونەری زیرەک. ئەوان باس لەوە دەکەن چۆن دەکرێت هونەری حەسەن زیرەک ببێتە هەوێنی دەیان کاری هونەری و لێکۆڵینەوەی زانستیی نوێ.
 
هەر لە چوارچێوەی بەڵگەفیلمەکەدا، کاری دکتۆر عەبدوڵڵا سەگرمە لەسەر پڕۆژەیەکی گرنگ دەخرێتەڕوو کە بریتییە لە نوێکردنەوەی شەش گۆرانیی حەسەن زیرەک بە شێوازی ئۆرکێسترایی. بۆ ئەم کارە، لەگەڵ بەتواناترین ژەنیارانی کورد و ئەوروپی کاردەکات و تۆڕی میدیایی رووداو تێچووی بەرهەمهێنانەوەی ئەو شەش گۆرانییەی گرتووەتە ئەستۆ.
 
محەممەدی حەمە باقی، لە بەڵگەفیلمەکەدا یادەوەرییە تاڵ و شیرینەکانی خۆی لەگەڵ زیرەک لە زیندانی سلێمانی دەگێڕێتەوە، باسی پرۆژەیەکی دیکەی ستراتیژی دەکات. ئەویش هەوڵدانە بۆ دامەزراندنی ناوەندێکی ئەکادیمی بۆ کۆکردنەوە و نووسینەوەی سەرجەم گۆرانی و میلۆدییەکانی زیرەک، تاوەکو بکرێنە سەرچاوەیەکی زانستی بۆ زانکۆ و ناوەندە ئەکادیمییەکانی کوردستان.
 
بەڵگەفیلمی "زیرەک" لە دەرهێنان و وێنەگرتنی هەردی قادرە و کرمانج فەرەج لە وێنەگرتنیدا بەشداربووە و کاری مۆنتاژیشی بۆ کردووە، دانا نەوزاد کاری دەنگ و رووناکیی بۆ کردووە و لە هەمان کاتدا بەڕێوەبەری بەرهەمە. 
 

حەسەن زیرەک لە 29ـی تشرینی دووەمی 1921 لە دایکبووە، دوو بۆچوونی جیاواز لەبارەی زێدی ئەو هونەرمەندە هەن، یەکێکیان بۆ بۆکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی دەگەڕێتەوە، ئەوی دیکەشیان بۆ گوندی هەرمێلەی سەقز. جگە لە گۆرانیگوتن، تێکست و ئاوازی بۆ گۆرانییەکانیشی داناوە، بەهۆی دەنگە خۆش و هونەرە بەرزەکەیەوە، لە چوار پارچەی کوردستان ناسراوە، بەتایبەتیش لە رۆژهەڵات و باشووری کوردستان.
 
ئەو هونەرمەندە لە تەمەنی منداڵییەوە گۆرانی گوتووە و بەهۆی ئەوەی لێهاتوو بووە، بە زیرەک ناسراوە. بەهۆی رووداوێکەوە رووی کردووەتە باشووری کوردستان، لە 1953 دەچێتە بەغدا و هونەرمەند عەلی مەردان دەبینێت، بۆ یەکەمجار دەنگی لە رادیۆی بەغدا تۆمار دەکرێت. دواتر چەندین بەرهەمی دیکەی لەو رادیۆیە تۆمارکردووە، ئەوەش هۆکارێکی دیکەی بەنێوبانگبوونی بووە.
 
لە 1958 گەڕاوەتە ئێران و لە رادیۆی تاران، کرماشان و تەورێز گۆرانی گوتووە، هەر لەو ساڵەدا، میدیا زەندی، میدیاکاری کورد دەناسێت و ژیانی هاوژینی لەگەڵدا پێکدەهێنێت و دوو منداڵیان دەبێت.
 
زیرەک شیعری بەشێک لە شاعیرانی کوردی لە بەرهەمەکانیدا بەکارهێناوە، لەوانە نالی، وەفایی، پیرەمێرد، هێمن، سەید کامیل ئیمامی، کوردی و هەردی.
 
لە بەرهەمە بەنێوبانگەکانی ئەو هونەرمەندە، "نەورۆز"، "وەک قومری"، "کەتانە"، "هەی نار"، "کرماشان شاری شیرینم"، "ئەمان دکتۆر" و "ئەسمەر".
 
زیرەک لەگەڵ ژمارەیەک لە هونەرمەندان گۆرانی گوتووە، یەکێک لەوانە فاتیمە زەڕگەری، گۆرانیبێژی ئازەری و پێکەوە گۆرانیی "بێ دکتۆر"یان تۆمارکردووە.
 
لە دوای کۆچی دوایی حەسەن زیرەک لە 26 حوزەیرانی 1972 و بە خاکسپاردنی لە بۆکان، ژمارەیەکی زۆر لە هونەرمەندان بەرهەمەکانیان گوتووەتەوە، بەشێکیش لاسایی دەنگیان کردووەتە، لەوانە ئێحسان زیرەک.
 
لە 2023 شەش گۆرانی حەسەن زیرەک بە میوزیکێکی نوێی ئۆرکێسترای ژێدار ئامادەکراوە و لەلایەن د. عەبدوڵڵا جەمال سەگرمەوە میوزیکێکی ئاست بەرزیان بۆ دانراوە و بە شێوەیەکی ستاندارد دەنگی حەسەن زیرەکیان لەسەر دانراوە.
 
ئەم بەرهەمانە بە هاوکاریی تۆڕی میدیایی رووداو تۆمارکراون، کارەکان بە شێوەیەکی ئەکادیمیی زۆر بەرز و بە ئاستێکی ستاندارد دابەشکردنی میوزیکیان بۆ کراوە و تۆمارکراون. 
 
د. عەبدوڵڵا جەمال سەگرمە لەبارەی ئەو شەش بەرهەمەوە پێشتر بە رووداوی راگەیاندبوو، "زیرەک بەر لە کۆچی دوایی، کۆمەڵێک گۆرانیی بەبێ میوزیک تۆمار کردوون، لێهاتوویی و سەلیقەیەکی بێ وێنەی تێدا پێشانداون. نزیکەی 60 ساڵە ئەم دەنگە تۆمارکراوانە بەبێ ناز کەوتوون و پشتگوێخراون. بۆیە سەرلەنوێ ژیانەوەیان، کارێکی زۆر پێوست بوو."
 
شەش گۆرانییەکەی حەسه‌ن زیره‌ک بریتین لە: "كوێستانان"، "به‌ ته‌ورات"، "خانزاده‌ خانم"، "نووری رووخسارت"، "هه‌وری لار" و "كاروانه‌".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە