كوردێكی ئوسترالی سەلاحەددین ئەیوبی دەكاتە فیلم

22-05-2015
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن سەلاحەددین ئەیوبی
A+ A-

ئەلێكساندرا دی ستێفانۆ پرۆنتی
رووداو- بارسیلۆنە

بۆ حەسەن سونبولی كە كوردێكی پەنابەری ئوسترالیایە، تەواوكردنی فیلمێك هێنانەدی خەونی منداڵییەتی. فیلمەكەی حەسەن بەناوی "سوڵتان و شاكان" ئێستا ئامادەیە بۆ نمایش، ئەوەش دوای ئەوەی كە كاری پۆست پرۆدەكشنی لە مانگی ئاداری رابردوودا كۆتایی هات.

سونبولی، ساڵی 1970 لە شاری مهاباد لە رۆژهەڵاتی كوردستان لەدایك بووە. ئەو بە (رووداو)ی گوت "تاوەكو ئێستا زیاتر لە 20 كورتە فیلم و فیلمی بەڵگەییم دەرهێناوە، بەڵام فیلمی سوڵتان و شاكان یەكەم فیلمی فیچەری سەربەخۆیە كە لە ئوسترالیا بەرهەمم هێنابێت."

ئەو فیلمە 77 خولەكیە كە بە زمانی ئینگلیزییە، سونبولی خۆی نووسیویەتی و بەرهەمی هێناوە و كاری دەرهێنانەكەشی هەر خۆی كردوویەتی. ئەو كارە كوردییە ئوسترالیە، لەلایەن خوێندنگەی فیلمی گریفس لە بریسبەین لە ئوسترالیا كارئاسانی بۆ كراوە و هەر ئەو خوێندنگەیەش سپۆنسەری فیلمەكەیە.

فیلمەكە چیرۆكی یوسف دەگێڕێتەوە. یوسف دەرهێنەرێكی فریلانسە و لە ژێرزەمینی ماڵەكەی خۆیاندا سندووقێكی بچووك دەدۆزێتەوە. سندووقەكە چەند دۆكیۆمێنتێكی تێدایە كە دەیسەلمێنن ئەو خزمی سەڵاحەدین ئەیوبییە. ئەو كەسایەتییە پاڵەوانەی كە شاری ئۆرشەلیمی لە دەستی خاچهەڵگران دەرهێنا. 

سەركێشییەكانی چیرۆكەكە لەوكاتەوە دەست پێدەكات كە دۆزینەوەكەی یوسف سەرنجی گرووپێكی تیرۆریستی بۆخۆی رادەكێشێ.  سونبولی دەڵێت فیلمەكەی بەشێكی مێژووییە، بەشێكی دۆكۆدرامایە و بەشێكی میوزیكاڵە. 

لە رێگەی ئاماژەدان بە كەسایەتیە مێژووییەكانەوە، وەكو سەڵاحەدین و شا ریچاردی شێردڵ، سونبولی باس لە بارودۆخی هەنووكەیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكات، بە كێشەی تیرۆریزمیشەوە كە ئەمڕۆ ناوچەكە و جیهانی گرتووەتەوە. ئەو دژبەری نێوان ئاین و لیبراڵیزمی كوردی و سەربەخۆیی كوردستان نیشاندەدات.

"نزیكەی دوو ساڵ كارم لەسەر ئەم فیلمە كردووە". سونبولی وا دەڵێت، ئەو بۆ خۆشی بەشێكی لە كاستی رۆژهەڵات و رۆژئاوای فیلمەكەیە.

بە منداڵی لە مهاباد، لە رێگەی كاری نواندنەوە، سونبولی خولیای فلیمسازی بووە "لە تەمەنی هەشت ساڵییەوە حەزم لە فیلم و فیلمسازی بووە. لەبەرئەوە لە شانۆیەكی بچووكی شاردا، دەستم بە كاری نواندن كرد. ئەو شارەی ئێمە تەنیا ئەو شانۆیەی تێدابوو، كاری نواندنەكەش لە رێگەی كتێبخانەی شارەوە بوو". سونبولی وەبیری دێتەوە "لەو كاتەدا، پێموابوو فیلمەكان لەلایەن ئاكتەرەكان خۆیانەوە دروست دەكرێن، لەبەرئەوە بوو دەستم بە كاری نواندن كرد".

پێش ئەوەی كە هیچ خوێندن و راهێنانێك لەسەر فیلم دروستكردن وەربگرێت، سونبولی كورتە فیلمێكی دروستكرد. ئەوەش لە رێگەی كامێرای فۆتۆگرافەرێكی هاوڕێیەوە. سونبولی بیری دێتەوە "كە ئەو فیلمە كورتە لە فیستڤاڵێكی فیلمدا وەرگیرا. ئەوەش یەكەم كارم بوو كە بگاتە فێستیڤاڵێك".

كاتێك كە كۆمەڵەی لاوانی سینەمای ئێرانی لە شارەكەیدا كرایەوە، سونبولی یەكەم كەس بوو بووە ئەندامی كۆمەڵەكە. دەستی بە خوێندنی فیلمسازی و فۆتۆگرافی كرد. دواتر خەڵاتی لە هەردوو بوارەكەدا مسۆگەركرد و هەروەها لەسەر نووسینی سكرێپت بەردەوام بوو. سونبولی بەرەو ئوسترالیا كۆچی كرد بۆ ئەوەی ژیانێكی نوێ دەستپێبكات. لەوێ‌ بڕیاری دا بەشێوەیەكی ئەكادیمی سینەما بخوێنێ‌.

بۆ ماستەرنامەكەی كە بە پلەی نایاب وەرگیرا، فیلمێكی 14 خولەكی بەناوی "پاوانە" كە دەربارەی كچێكە لە هەڵەبجە، دروست كرد "ئێستا وا چوار ساڵە بۆ دكتۆرا دەخوێنم، كە بڕیارە بەمزووانە تەواو بم".

یەكەمجار فیلمێكی دۆكۆدرامای 14 خولەكی بەناوی "ژنێك بە كامێرایەكی دیجیتاڵەوە" دروستكرد و ئێستاش چاوەڕێی فیلمی سوڵتان و شاكانە، بۆ ئەوەی نمایش بكرێ.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە