بەڵگەفیلمی کچێکی هەولێری لە کان بۆ نێو 11 باشترین بەرهەمی جیهانی هەڵبژێردرا

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
نالین حەسەن
نالین حەسەن
بەیان خۆی کامێرای هەڵگرتووە و وێنە دەگرێ
بەیان خۆی کامێرای هەڵگرتووە و وێنە دەگرێ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان، کە وەک "دڵی سینەمای جیهان" دەناسرێت، ئەم ساڵ شاهێدی ئامادەبوونێکی بەرچاوی سینەمای کوردستان بوو. لەنێو قەرەباڵخی ئەستێرەکانی هۆڵیوود و دەرهێنەرە هەرە بەناوبانگەکانی جیهاندا، دەرهێنەری کورد بەیان سەلاح، کە کچە کوردێکی هەولێرییە، بە پڕۆژە نوێیەکەی بە ناوی "ژنوار"، توانی سەرنجی ئەکتەرانی جیهان بۆ لای سینەمای کوردی رابکێشێت. 
 
ئەم بەرهەمە کە هێشتا لە قۆناخی ئامادەکردندایە، لە بەشێکی تایبەت و گرنگی فێستیڤاڵەکەدا وەرگیرا و بووە جێی سەرنجی پسپۆڕانی سینەما.
 
لەنێو 11 پڕۆژە هەرە سەرکەوتووەکەی جیهاندا
 
بەڵگەفیلمی "ژنوار"ی بەیان سەلاح لە بەرنامەی "Spotlight Projects"لە فێستڤاڵی کاندا هەڵبژێردرابوو، ئەم بەشە کە تایبەتە بە پشتگیریکردنی فیلمە ئاستبەرزەکان، لە سەرانسەری جیهاندا تەنیا 11 پڕۆژە هەڵدەبژێرێت. 
 
بەیان سەڵاح لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رووداو، ئاماژەی بەوە کرد، ئەمە نیشانەی کوالێتی و گرنگیی چیرۆکەکەیەتی. ئەم هەڵبژاردنە بووەتە هۆی ئەوەی کۆمپانیا گەورەکانی بەرهەمهێنان لە بەریتانیا، فەرەنسا، هۆڵەندا و ئەمریکا بکەونە کێبڕکێ بۆ ئەوەی ببنە هاوبەشی ئەم پڕۆژە کوردییە.
 
"Spotlight Projects" ئەو بەشەیە بۆ ئەو فیلمانەیە کە لە قۆناخی "پۆست پرۆداکشن"دان و دەرفەتی گەورەی هاوکاری و ناساندنی نێودەوڵەتییان بۆ دەڕەخسێنێت. بەیان ئەمە وەک "دەستکەوتێکی زۆر گەورە" نەک هەر بۆ خۆی، بەڵکو بۆ هەموو ژنانی کوردی دەزانێت.
 
ئەمە بەڕاستی بەڵگەفیلمە؟
 
بەیان باس لەوە دەکات، ئەوەی زۆرترین سینەماکارە بیانییەکانی لە کان تووشی سەرسوڕمان کرد، رووخساری راستەقینە و ئازادی ژنی کورد بوو کە لە دیمەنەکانی بەڵگەفیلمەکەی بەیان سەڵاحدا دەردەکەوت. 
 
بەیان سەڵاح باس لە ئەزموونێکی سەرنجڕاکێش دەکات و دەڵێت: "زۆر لە دەرهێنەرە ئەورووپییەکان پرسیاریان لێ دەکردم ئایا ئەکتەرم بەکارهێناوە؟ چونکە لای ئەوان تێڕوانینێک هەیە ژن لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەمیشە داخراون و چیرۆکەکانیان دەشارنەوە. کاتێک بینییان ژنانی گوندی 'ژنوار' لەبەردەم کامێرادا چەندە ئازاد، متمانەبەخۆبوو و خاوەن ئیرادەن، باوەڕیان نەدەکرد ئەمە ژیانی راستەقینە بێت." 
 
لە هەولێرەوە تاوەکو رۆژئاوای کوردستان: فێربوونی شێوەزارێکی نوێ و کامێرایەک لە دەستدا
 
چیرۆکی دروستکردنی ئەم بەڵگەفیلمە، هێندەی نێوەڕۆکەکەی سەرنجڕاکێشە. بەیان سەڵاح کە خەڵکی هەولێرە و شێوەزارەکەی سۆرانییە، بۆ تێگەیشتنێکی قووڵ لە چیرۆکەکە، لە رۆژئاوای کوردستان فێری شێوەزاری کرمانجیی سەروو بووە. 
 
بەیان سەڵاح لەم بارەیەوە دەڵێت: "کاتێک چوومە رۆژئاوا، هیچم نەدەزانی و تەنیا بە سۆرانی قسەم دەکرد، بەڵام زوو تێگەیشتم کە ئەوان لە سۆرانی تێناگەن. گوتم نابێت وا بێت، من تەنیا یەک کەسم و ئەوان زۆرن، دەبێت من فێری کرمانجی ببم. خۆم فێر کرد و بۆ من زۆر ئاسان بوو."
 
نەک تەنیا ئەمە، بەڵکو بەیان کامێرای فیلمەکەشی هەر خۆی هەڵگرتووە. دەڵێت: "ژنانی ژنوار پێیان گوتم: ئەگەر دەتەوێت بەڕاستی لە ئێمە تێبگەیت، دەبێت خۆت فێری وێنەگرتن بیت و دیمەنەکانی ئەم فیلمە بکێشیت. شتێک نییە بڵێی ناتوانم." ئەم متمانەبەخۆبوونە بەیانی کردە کارەکتەرێکی سینەمایی ئازا، کە هەم دەرهێنان و هەم وێنەگرتنی فیلمەکەی بە تەنیا ئەنجام بدات.
 
کورد بە فراوانی لە کان بوون
 
بەشداریی بەیان سەڵاح بەشێک بوو لە ئامادەبوونێکی بەرفراوانی کورد لە خولی ئەمساڵدا. بۆ یەکەمجار، کورد بە شاندێکی زیاتر لە 50 کەسی (شانۆکار، دەرهێنەر و میدیاکار) لە کان ئامادە بوون. ئەم ئامادەبوونە بووەتە پلاتفۆرمێک بۆ ئەوەی سینەماکارانی کورد تۆڕی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ جیهان فراوانتر بکەن. بەیان سەڵاح بە هیوایەکی زۆرەوە دەڕوانێتە داهاتوو و دەڵێت: "کاتێک من ئەمساڵ بەشدار بووم، رەنگە ساڵی داهاتوو زۆر ژنی دیکەی کوردیش بەشدار ببن. ئەمە شتێکی زۆر زۆر گرنگە."
 
چاوەڕوانی ساڵی 2027ـە
 
پڕۆژەی "ژنوار" کە ئێستا لە قۆناغی پۆست پرۆداکشن دایە، بڕیارە لە ساڵی 2027دا کۆتایی پێ بێت. بەیان سەڵاح دەڵێت: "دەبێت پێش مانگی دووی ساڵی 2027 ئەم بەڵگەفیلمە تەواو بێت."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە