رووداو- هەولێر
دەرهێنەری ناوداری کورد، کازم ئۆز لە چوارچێوەی لێپرسینەوەی تیرۆر لە ناوچەی پەرتەکی دێرسم لە باکووری دەستبەسەرکرا.
هێزێکی ئەمنی لە تورکیا لە ژێر رۆشنایی مادەی لێپرسینەوەی تیرۆر لەسەر داوای دادگای کۆماری لە ئامەد، دەرهێنەری کورد کازم ئۆزی دەستبەسەرکرد.
لەو کاتەی ئەم دەرهێنەر لەرێگابوو لە دێرسمەوە بۆ شاری ئەلعەزیز دەچوو، لەلایەن هێزێکی ئەمنیەوە دەستبەسەرکراو بۆ وەرگرتنی ئیفادە رەوانەی بەڕێوەبەرایەتی ئەمنی ناوچەی پەرتەکی کراو دواتریش رەوانەی شاری ئامەدیان کردووە.
دەرهێنەری ناوداری کورد،کازم ئۆز لە ساڵی 1973 لە شاری دێرسم لە باکووری کوردستان لە دایکبووە، لە ساڵی 2003 خوێندنی لە بواری سینەما تەواوکردووە، خاوەنی چەندین فیلمی بەناوبانگە، نوێترین فیلمیش بەناوی زەر بوو، كە بەرهەمی ساڵی 2016ی وڵاتی توركیایە و دوای چەند مانگێك لە نیشاندانی لەو وڵاتە، بەیەکجاری قەدەغە كرا.
چیرۆکی فیلمی زەر باسی دروستبوونی گۆرانییەكی فۆلكلۆری كوردی لە باكووری كوردستان دەکات، كە گەنجێكی نائومێدی بێشوناسی كورد لە ئەمەریكاوە دەهێنێتەوە بۆ گوندە دوورەدەست و پەروێزخراوەكانی باكووری كوردستان و ئومێد و شوناسی خۆی تێدا بە دەست دەهێنێتەوە.
ئەم دەرهێنەرە کوردە، یەکێکە لە دەستەی دامەزرێنەری ئاژانسی فیلمی سینەمایی مێزۆپۆتۆمیایە، کە لە هەموو فیلمەکانی تیشکی خستووەتە سەر کێشەی کوردانی باکووری کوردستان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ