43 ساڵ بەسەر کۆچی دواییکردنی حەسەن زیرەک تێدەپەڕێت

26-06-2015
چۆمان مەحمود
رووداو
رووداو
نیشانەکردن حەسەن زیرەک
A+ A-

 رووداو - سلێـمانی

 چایخانەیەک جیاواز لە چایخانەكانی دیكە بۆتە جێگەی كۆكردنەوەی وێنەكانی هونەرمەندێك كە توانی نێوبانگی خۆی لەتەواوی كوردستاندا بڵاوبکاتەوە، ئەوانەی لەنێو چایخانەکەشدا دانیشتوون بە دیار گۆرانییەكانی ئەو هونەرمەندەوە بەشێكی كاتەكانیان بەسەردەبەن و (ئەمڕۆش) 26ی حوزەیران 43 ساڵ بەسەر کۆچیدواییکردنی هونەرمەند حەسەن زیرەکدا تێپەڕدەبێت .

حەسەن زیرەك، ئەگەرچی ژمارەی گۆرانی و بەرهەمەكانی بە وردی دیار نییە، بەڵام هەندێك باس لەوە دەكەن كە زیاتر لە 700 گۆرانی تۆماركردووە و هەر لەتەمەنی 10 ساڵییەوە لە نێو شاییەكانی سەردەمی خۆیدا بەشداری كردووە، یەكەم گۆرانیشی لە ساڵی 1953 لە رادیۆی كوردی بەغدا تۆماركردووە.

گۆرانییەكانی حەسەن زیرەك بۆ هەندێك بوونەتە فێرگەیەكی گەورە بۆ هەندێكیش بوونەتە بژێوی ژیان، چونكە دەنگی گۆرانییەكانی بەردەوام لەگەڵەیاندایە، بەڵام وەك دەگێڕنەوە ئەو هونەرمەندە تەواوی ژیانی بە هەژاری بردۆتە سەر ئەوەش لە بەشێك لە گۆرانییەكانی رەنگی داوەتەوە.

حەسەن زیرەك، توانایەكی گەورەی هەبوو لە گۆرانیگوتن و دانانی ئاوازدا بۆیە  توانیویەتی بەرگێكی كوردی بەسەر چەندین ئاوازی فارسی، عەرەبی، ئەرمەنیدا بکات. دەنگە خاوێنەکەشی وایكرد لەگەڵ سەمفۆنیای تاراندا چەند كارێك تۆماربكات.

حەسەن زیرەك، لە ساڵی 1921 لە شاری بۆكانی رۆژهەڵاتی كوردستان هاتووەتە دنیاوە، لە ساڵی 1958 لەگەڵ خانمێك بەناوی میدیای زەندی هاوسەرگیری كردووە، دواجار لە تەمەنی 51 ساڵیدا بە نەخۆشی شێرپەنجەی جگەر لە 26 حوزەیرانی ساڵی 1972 كۆچی دواییكردووە لەسەر داوای خۆی لە داوێنی چیای ناڵەشكێنە لە بۆكان بەخاك سپێردراوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە