میران عەلی: گۆرانیی سلێمانی شۆكی كردم

28-07-2016
پشتیوان جەمال
نیشانەکردن میران
A+ A-

رووداو- سلێمانی

پێش جەژنی رەمەزان یەكەم ئەلبوومی گۆرانی بەنێوی (جەژنی مەرگ) بڵاوكردەوە، بەڵام بەر لە ئەلبوومەكە بە گۆرانیی (سلێمانی) ناوبانگێكی زۆری پەیدا كرد. میران محەممەد عەلی پێیوایە بە تەمەنێكی كەمەوە توانیویەتی پێگەیەكی باش لە هونەری گۆرانیی كوردیدا بۆ خۆی بگرێ‌.

میران ساڵی 1995 لە شاری سلێمانی لەدایك بووە. ساڵی 2013 بەشداریی بەرنامەی خۆشترین دەنگی كرد، بەڵام نەیتوانی سەربكەوێت. لەم هەڤپەیڤینەدا لەگەڵ (رووداو) باسی وردەكاریی ئەلبوومە نوێیەكەی و ژیانی تایبەتیی خۆی دەكات.
 
رووداو: هاوتەمەنەكانی تۆ زانكۆیان تەواو كردووە، بەڵام تۆ تازە لە پۆلی شەشی ئامادەییت، بۆچی وا دواكەوتی؟

میران: بەداخەوە بەهۆی هاتنە نێو بواری هونەرەوە، ماوەی سێ ساڵ لە پۆلی شەشی ئامادەیی دەرنەچووم. 

رووداو: لە خێزانەكەت تەنیا تۆ بە كاری هونەرییەوە سەرقاڵی؟

میران: دەنگخۆشمان زۆرە، بەڵام تائێستا وەكو دەركەوتن هەر منم، برایەكی دیكەشم بەنیازە لە بەرنامە نوێیەكەی كوردسات بەنێوی كورد ئایدڵ بەشداریی بكات.

رووداو: زۆرتر كاریگەریی چ هونەرمەندێكت لەسەر بووە؟

میران: هەر لە منداڵییەوە حەزم لە گوتنی گۆرانی بوو، بەڵام لەگەڵ گەورەبوونم كاریگەریی هونەرمەندان مامۆستای خوالێخۆشبوو حەمەجەزا و ئیبراهیم تاتڵیساسم لەسەر بوو، ئەوان لەڕووی مەقامات و چۆنیەتی گوتنی گۆرانیەوە وەكو قوتابخانەیەك بوون بۆ من.

رووداو: بە گوتنەوەی گۆرانیی سلێمانی كە پێشتر عەتا قەرەداغی گوتبووی زیاتر ناسرایت، چۆن بوو ئەو گۆرانییەت گوتەوە؟

میران: تێكستی ئەو گۆرانییە لەلایەن ئیسماعیل محەممەدەوە دانراوە، راستە پێشتر هونەرمەند عەتا قەرەداغی گوتوویەتی، بەڵام من بە مەقامێكی جیاوازتر گوتوومە و گۆران دڵشادی هاوڕێم میلۆدی بۆ داناوەتەوە. دەتوانم بڵێم بەو گۆرانییە چەند پلەیەك چوومە پێشەوە. بۆ هەڵبژاردنی ئەو گۆرانییەش جیاواز لە خۆشەویستیم بۆ سلێمانی، سەرەتا شارەزای هونەر نەبووم و نەمدەزانی چ كارێك باشە، لەبەرئەوە گۆران دڵشاد گۆرانییەكەی هەڵبژارد، پاشان پەیوەندیم بە عەتا قەرەداغییەوە كرد كە لەسەر میلۆدیی جیاوازتر دەیڵێم و ئەویش رازی بوو.

رووداو: پێشبینی سەركەوتنی ئەو گۆرانییەت بەو شێوەیە دەكرد؟

میران: بۆ سەركەوتنی گۆرانییەكە تووشی شۆك بووم، چونكە سەرەتا بڕوام وا بوو تەنیا لە سلێمانی دەنگدانەوەی دەبێت، بەڵام لە دەرەوەی وڵاتیش دەنگدانەوەی زۆری هەبووە.

رووداو: لەنێو خەڵكدا دەگوترێت گۆرانییەكەت گوتووەتەوە؟

میران: نەخێر، دەمەوێت لەو رووەوە روونكردنەوەیەك بدەم، من تەنیا تێكستەكەم وەرگرتووە بە مەقام و میلۆدییەكی دیكە گوتوومەتەوە، نەك بەهەمان میلۆدی. 

رووداو: گۆرانییەكی دیكەت لەگەڵ هونەرمەند كەمال محەممەد گوت، كاركردن لەگەڵ ئەو هونەرمەندە بۆ تۆ قورس نەبوو؟

میران: ئەو بەرهەمە پێشنیازی من بوو، چونكە لەو بەرنامەیەی بەشداریم كرد چەند گۆرانییەكی كاك كەمالم گوتەوە و ئامادەبووان گوتیان دەنگت لەوەوە نزیكە، دواتر پێشنیازی ئەو بەرهەمەم بۆ كاك كەمال كرد و ئەویش رەزامەندی نیشاندا.

رووداو: بەرهەمە نوێیەكەت 13 گۆرانییە، لەم كاتەدا كە زۆربەی هونەرمەندان ئەلبووم بڵاوناكەنەوە، 13 بەرهەم زۆر نییە؟

میران: راستە زۆرە، بەڵام سوپاس بۆ خوا لەماوەیەكی كەمدا توانیم پێگەیەكی باش بۆ خۆم جێگیر بكەم، كاتێكیش كەسێك دەیەوێت گوێگری كارەكانم بێت رەنگە ئەو چەند گۆرانییەی پێشتر كەم بووبێت، لەبەرئەوە 13 گۆرانیم بڵاوكردەوە، بەڵام پێنجیان بەرهەمەكانی پێشترن.

رووداو: دوو بەرهەمی ئەلبوومەكە گەشتن، بۆچی وات لێكردووە؟

میران: ئەوە یەك بەرهەمە و هەشت خولەكە، گەشتێكە بەنێو گۆرانییە فۆلكلۆرییەكاندا و بیرۆكەیەكی جوان بوو ئیشیان تێدا بكرێتەوە. هەر لەو گەشتەشدا دوو گۆرانی حەمەجەزا و دوو گۆرانی عوسمان عەلیم گوتووەتەوە، لە داهاتووشدا كلیپ بۆ بەرهەمێكی ئەلبوومەكە دەكەم.

رووداو: دەڵێن براكانت بۆ ئەلبوومەكە هاوكارییان كردووی؟ 

میران: راستە براكانم و چەند كەسێكی نزیكم پاڵشتییان كردم و لە ئەلبوومەكەشدا زەرەر دەكەم، بۆیە داوا لە حكومەت دەكەم رێ لە كۆپی بگرێ‌، چونكە بەو هۆیەوە زەرەر دەكەین.

رووداو: دەگوترێت كەسێكی كەمدوویت؟

میران: بۆ كەسێك كەمدووم ئەگەر نەیناسم، بەڵام ئەو كەسانەی لێمەوە نزیكن ئەوەندە قسە دەكەم لێم بێزار دەبن، بە گشتیش حەزم لە قەرەباڵغی نییە و شەرمنم، وا هەست دەكەم دەچمە شوێنێكەوە هەمووی سەیرم دەكەن تەنانەت پێش كاری هونەرییش هەروا بووم.

رووداو: دەڵێن زۆر رقت لە سواربوونی فڕۆكەیە؟

میران: راستە، لەبەرئەوەی جارێك سەفەرم كرد لە كاتی گەڕانەوەدا و كاتێك فڕۆكەكە ویستی بنیشێتەوە زۆر ناخۆش بوو لەوەشەوە زۆر ترسام، بۆ لەمەودواش هەتا زۆر ناچار نەبم بە فڕۆكە گەشت ناكەم.

رووداو: خۆشەویستت نییە و باوەڕیشت پێی نییە، وایە؟

میران: راستە، لەبەرئەوەی پێشتر خۆشەویستم هەبووە و جێیهێشتم، ئیدی دووبارەی ناكەمەوە.

رووداو: ئەی ئەگەر ویستت هاوسەرگیری بكەیت؟

میران: بەدڵی دایكم هاوسەرگیری دەكەم، لەبەرئەوەی زۆرم خۆشدەوێت و لە منداڵییەوە بەڵێنم پێداوە بە دڵی ئەو ژن بهێنم.

میران: واتە هەر كچێكی بەدڵ بێت، لای تۆش پەسەندە؟

میران: بێگومان و بێ دوودڵی، چونكە هیچ پێوەرێكم نییە بۆ خۆشەویستی دایكم بیڵێم، بەنیازیشم گۆرانییەكی زۆر باش بۆ دایك بڵێم.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە