رووداو دیجیتاڵ
هونەرمەند میران عەلی، لە نوێترین کاری هونەرییدا، بەرهەمێکی بەشێوەی ڤیدیۆکلیپ بەناوی "وای لە تۆ دنیا" بڵاودەکاتەوە، کە دوێتێکە لەگەڵ ئەردەڵان بەکر، هونەرمەندی کۆچکردوو و ژیریی دەستکرد بەرهەمهێنراوە.
میران عەلی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بیرۆکەی بەرهەمەکە هی خۆیەتی و بەردەوام ویستوویەتی "بە شانازییەوە" کارێکی هاوبەشی لەگەڵ ئەردەڵان بەکر، هونەرمەندی کۆچکردوو هەبێت. ئەو دەڵێت: "خۆشبەختانە ژیریی دەستکرد ئەو دەرفەتەی پێدام بتوانم ئەم بەرهەمە دروست بکەم. لە تێکست و میلۆدی خۆمە و تێکستەکە لە ناخی دڵمەوە نووسیومە و لەگەڵ ژیانی ئەم سەردەمەدا گونجاوە".
سەبارەت بە چۆنییەتیی دروستکردنەوەی دەنگی ئەردەڵان بەکر، ئەو هونەرمەندە ئاشکرای کرد، دەنگی گۆرانیبێژێکی دیکەیان وەک بنەما بەکارهێناوە و گوتی: "ئەو دەنگەی ئامادەمان کرد بۆ هونەرمەندی خوالێخۆشبوو ئەردەڵان بەکر، دەنگی کاک دڵزار بوو. توانیمان سوود لە دەنگی ئەو وەربگرین و بە شێوەیەکی کوالیتی بەرز و سەردەمیانە، دەنگەکەمان بۆ دەنگی خوالێخۆشبوو ئەردەڵان بەکر بەکارهێنا".
میران عەلی سوپاسی ماڵباتی ئەردەڵان بەکری کرد بۆ پاڵپشتییان، بەتایبەتی گۆران بەکر کە دەکاتە برای ئەردەڵان بەکر و گوتی: "کاک گۆران زۆر یارمەتیدەر و پاڵپشتمان بوو بۆ دروستکردنی ئەم کارە".
هەروەها ستایشی ڤیدیۆکلیپی بەرهەمەکەی کرد و رایگەیاند: "ڤیدیۆکلیپێکمان کردووە دەتوانم بڵێم لە ئاستی جیهاندایە و زۆر گرنگە بۆ کورد". کلیپەکە لەلایەن وەلید جاف و زرینگەوە کاری دەرهێنانی بۆ کراوە.
ناوەڕۆکی گۆرانیی "وای لە تۆ دنیا" باس لە ناخۆشییەکانی ژیان و لەدەستدانی ئازیزان دەکات. میران عەلی دەڵێت: "گۆرانییەکە باسی ئەوە دەکات کە ئێمە زۆرجار تاوەکو کەسە خۆشەویستەکانمان لە ژیاندان قەدریان نازانین، بەڵام کاتێک لەدەستیان دەدەین، ئاواتەخوازین تەنیا بۆ یەک باوەش بگەڕێنەوە".
ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئێستاوە بیری لە داهاتووی بەرهەمەکەی کردووەتەوە و هیواخوازە دوای چەندین ساڵیش وەک بەرهەمێکی بەنرخ و کاریگەر بمێنێتەوە.

کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ