یەكەمین ماچی ناودەم لە فیلمێكی كوردیدا

28-10-2013
هیوا سەڵاح
نیشانەکردن هێرۆ حەسەنزادە محەممەد شێروانی
A+ A-
رووداو - هەولێر

هەردوو ئەكتەری كورد هێرۆ حەسەنزادە و محەممەد شێروانی، بوونە خاوەن یەكەم ماچی ناودەم لە فیلمی سینەمایی كوردیدا، ئەویش لە فیلمی (سیمای خۆڵەمێش). ئەكتەرە كچەكە دەڵێت هیوادارم توانیبێتم رێگایەكی باشم لەبەردەم سینەمای كوردی كردبێتەوە.

لەبارەی ئەو ماچەوە هێرۆ حەسەنزادە بە (رووداو)ی راگەیاند “بەڕای من ئەمە شتێكی زۆر ئاساییە و بەشتێكی خراپی نابینم، گوێش بەو گلەیی و رەخنانە نادەم كە بەهۆی ئەو ماچەوە ئاراستەم دەكرێن، لەبەرئەوەی بەڕاستی نامەوێت تەنیا لە چوارچێوەی سینەمای كوردیدا بمێنمەوە، بەڵكو روئیایەكی جیهانیم بۆ سینەما هەیە و ئەم كارەشم بۆ ئێستا نەكردووە، بۆیە لام گرنگ نییە خەڵكی چی دەڵێن و چۆن لێكیدەدەنەوە، ئەوەی لای من بە هەند وەردەگیرێت بۆچوونی هونەرمەندان و رۆشنبیرانە.”

محەممەد شێروانی، وەك یەكەم ئەكتەری كوڕ كە دەمی كچێك ماچ بكات، لە فیلمی سینەمایی كوردیدا ناوی دەچێتە مێژووەوە، شێروانی بە (رووداو)ی گوت “من حەزناكەم لە رێگای ئەم ماچەوە بناسرێم، لەبەر ئەوەی یەكەمجارم نییە لە فیلمدا رۆڵ دەبینم، من چوار ساڵ بەشی نواندم لە زانكۆ خوێندووە و لە چەندین فیلمی كوردی بەشداریم كردووە، هەڵبەتە ئەم كارە زۆر بە ئاسایی دەبینم، لەبەرئەوەی تەواوی ژیانی خۆم تەرخان كردووە بۆ سینەما، بۆیە ئامادەم هەرچییەكم لێ داوا بكرێت جێبەجێی بكەم، بەلاشمەوە گرنگ نییە خەڵكی چی دەڵێن.”

پێشتریش شوان عەتوف، ئەكتەری بواری سینەما لە فیلمی شیرین و فەرهاد ماچی ئەكتەری كچی كردووە، بەڵام ماچی روومەت بوو نەك ناودەم.
هێرۆ حەسەنزادە دەربارەی رەخنەی خەڵكی گوتی” ئەگەر خەڵكی ئەم كارەیان پێ خراپە و هونەریان پێ باش نییە با پەیمانگە و زانكۆ هونەرییەكانی كوردستان دابخەن، هەڵبەتە من وایدەبینم كارێكی باشم كردبێت، بۆیە من ناتوانم بیروباوەڕی خۆم بەسەر خەڵكیدا بسەپێنم، بەو خەڵكانەش كە كۆمێنتی جۆراوجۆریان بۆ نووسیوم دەڵێم ئێوە رێزتان هەیە”.

ماچەكە 6 جار دووبارە كرایەوە

دەربارەی ئەوەی ئایا ساتی ماچكردنەكە محەممەد شەرمی نەكردووە یاخود هەستی بە چی كردووە، محەممەد گوتی “لەكاتی وێنەگرتنی ئەو گرتەیە نزیكەی 40 كەس لە دەوروبەرمان بوون، بەڵام من تەنیا بیرم لە نواندنەكەم دەكردەوە، لەگەڵ ئەوەشدا تاوەكو ماچەكە بەدڵی دەرهێنەر بوو نزیكەی 6 جار ماچەكەمان دووبارە كردەوە”. گوتیشی “دەبێت ئەكتەر هیچ كات شەرم نەكات، دواتریش دەبێت وانیشانی بدات كە كارەكەیان راستەقینەیە، نەوەك دروستكراو”.

هێرۆ حەسەنزادە گلەیی لە چەند ماڵپەڕێك هەیە و دەڵێت”بەشێك لە ماڵپەڕە كوردییەكان بێ ئەوەی قسەی من وەربگرن بەناوی منەوە لێدوانیان نووسیوە، بۆیە من لە رێگای ئێوەوە رایدەگەیەنم بۆ هیچ دەزگا و ماڵپەڕێكی راگەیاندن لە بارەی ماچەكەم قسەم نەكردووە.”

لەبەر ماچەكە 5 كچ فیلمەكەیان رەتكردەوە

محەممەد شێروانی سەبارەت بەوەی ئایا ئەم ماچە سەرەتا لە نێو سیناریۆكەدا هەبووە یان دواتر بۆی زیاد كراوە، گوتی “بەڵێ لە سیناریۆكەدا هەبوو، من كاتێك خوێندمەوە پرسیارم كرد، ئاخۆ هیچ كچێك هەیە ئەم رۆڵە ببینێت، دیاربوو زیاتر لە پێنج ئەكتەری كچ قسەیان لەگەڵ كرابوو، بەڵام لەبەر ماچەكە رەتیانكردبووەوە، دواتر لەگەڵ هێرۆ خان قسەكرا و ئەو قبوڵی كرد.”

سەبارەت بە تێڕوانینی خێزانەكەی بۆ ئەو كارە، كە ئایا هیچ رێگرییەكیان لێنەكردووە، هێرۆ حەسەن گوتی “ ئەگەر لە ئاسمانەوە ئازادی ببارێت، ئەوانەی حەزیان لە كۆیلایەتیە چەتر دەنێنە سەر سەریان، خێزانەكەی من هیچ رێگرییەكیان لە كارەكانم نەبووە و ئازادیان كردووم.”

فیلمی سینەمایی (سیمای خۆڵەمێش) لەسیناریۆ و دەرهێنانی شاخەوان ئیدریسە و بەرهەمی بەڕێوەبەرایەتی سینەمای هەولێرە. چەندین ئەكتەری بەناوبانگی شاری هەولێر رۆڵی تێدا دەگێڕن وەك ناسر حەسەن و غازی غەفوور، ئەنوەر شێخانی و گۆڤار ئەنوەر. فیلمەكە لە كۆتایی وێنەگرتندایە و زۆربەی دیمەنەكانی لە دەوروبەری شارۆچكەی كۆیە وێنەگیراون























کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە