رووداو دیجیتاڵ
فیلمی سینەمایی (پەچە - The Veil)، کە نوێترین بەرهەمی دەرهێنەر محەممەد شێروانییە، لە بەشی پێشبڕکێی فیلمە کوردییەکان، لە 12یەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دهۆک بەشدارە.
فیلمەکە چیرۆکی کچێکی ئاوارە دەگێڕێتەوە کە بەدوای هەلی کاردا دەگەڕێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی پەچەی پۆشیوە، رووبەڕووی رەتکردنەوە و بەربەست دەبێتەوە.
محەممەد شێروانی، دەرهێنەری فیلمەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، فیلمەکە هەڵگری دوو رەهەندە؛ رەهەندێکی هونەری و رەهەندێکی پەیامئامێز.
شێروانی گوتی: "بابەتەکە بۆ من هەستیار بوو، نووسینی سیناریۆکە کاتێکی زۆری خایاند، چونکە لە ماوەی 73 خولەکی فیلمەکەدا بینەر تەنیا چاوی کارەکتەرە سەرەکییەکە دەبینێت، بۆ من وەک دەرهێنەر گرنگ بوو بتوانم لەو رێگەیەوە هەستەکان بگەیەنم".
دەرهێنەرەکە ئاماژەی بەوەش کرد، پەیامی سەرەکیی فیلمەکە بۆ خاوەنکار و کۆمپانیاکانە کە نابێت مرۆڤەکان لەسەر بنەمای جلوبەرگ، ئایین، یان مەزهەب هەڵبسەنگێنن، بەڵکو دەبێت تواناکان پێوەر بن.
گوتیشی: "ویستوومە بڵێم هەر کچێک ئەگەر پەچەپۆش بێت، باوەڕی وایە و دەبێت رێزی لێ بگیرێت، ناکرێت بەهۆی رووخسارییەوە دەرگای بەڕوودا دابخرێت، بەڵکو دەبێت هەلی پێ بدرێت تاوەکو کارەکەی دەبینرێت".
سەبارەت بە لایەنە هونەرییەکە، شێروانی ئاشکرای کرد، زۆرترین کاتی لە قۆناخی مۆنتاژ و دەنگدا بەسەر بردووە، چونکە فیلمەکە پشت بە دیالۆگی زۆر نابەستێت و زیاتر لە رێگەی وێنە و دەنگەوە پەیامەکەی دەگەیەنێت. گوتیشی: "فیلمەکە بەرهەمێکی سەربەخۆیە و زیاتر وەک فیلمێکی هونەری هەژمار دەکرێت، بەڵام هەوڵمداوە زمانەکەی بۆ بینەری ئاساییش روون بێت".
دەرهێنەری فیلمی (پەچە) باسی لەوە کرد، دوای نمایشکردنی لە فێستیڤاڵی دهۆک، پلانیان هەیە بۆ ساڵی بۆ فێستیڤاڵە جیهانییەکانی بنێرن، دواتر لە سینەماکانی کوردستان نمایش بکرێت.
هەروەها ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداوی کرد کە لە چالاکی و رووداوە هونەرییەکان هەیە، رۆڵێکی گرنگی هەبووە لە ناساندنی فیلمەکانی بە بینەران.
محەممەد شێروانی، لە 1990 لە هەولێر لەدایکبووە. وەک دەرهێنەر، نووسەر و ئەکتەر لە بواری سینەمادا کار دەکات. خاوەنی چەندین بەرهەمە، لە دوو ساڵی رابردوودا دەرهێنانی بۆ فیلمی سینەمایی (بەڕازیلییە شینەکە) کردووە، وەک ئەکتەر لە فیلمەکانی (هیچ)، (مەنهۆڵ) و (تیمساح) رۆڵی سەرەکی گێڕاوە.
ناوەڕۆکی فیلمەکانی شێروانی زیاتر تیشک دەخەنە سەر پرسەکانی مافی مرۆڤ، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و ژیانی توێژە پەراوێزخراوەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ