بەشی نوێی 'Mad Max' بە لاوازی دێتە نێو پێشبڕکێی فیلمەکانەوە

29-05-2024
پەسار فایەق
نیشانەکردن "Furiosa: A Mad Max Saga"
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

پشووی خوێندن دەستیپێکردووە و بازاڕی فیلم و سینەماکانی گەرم بووە، کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی فیلم بەهێزترین فیلمەکەنیان دەخەنە سینەماوە و چاویان لە بەدەستهێنانی داهاتە. لەم هەفتەیەدا پێشبڕکێیەکی بەهێزی فیلمەکەن لە سینەماکانی ئەمریکای باکوور هەیە، بەڵام بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی رابردوو، لە ئاستێکی نزمترە.
 
لەگەڵ ئەوەی رکابەرییەکی بەهێز لە نێو فیلمەکاندا هەیە، بەڵام بە بەراورد لەگەڵ دوو دەیەی رابردوودا، داهاتی فیلمەکان لە هەمان ماوەدا کەمتر بووە.
 
فیلمی "Furiosa: A Mad Max Saga" نوێترین بەشی زنجیرە فیلمی "Mad Max" توانی لە یەکەم هەفتەی پێشاندانی لە سینەماکانی ئەمریکای باکوور. 32 ملیۆن دۆلار بەدەست بێنێت.
 
یەکەم پێشاندانی ئەم بەرهەمە سینەماییە لە دەرهێنانی جۆرج میلەر، دەرهێنەری ئەمریکی، لە 77ـەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان بوو و تۆڕی میدیایی رووداو لە کانەوە رووماڵی چالاکییەکانی کرد.
 
رکابەری بەهێزی بەشی نوێی "Mad Max"، ئەنیمەیشنی "The Garfield Movie"یە کە داهاتی یەکەم هەفتەی 31 ملیۆن و 900 هەزار دۆلارە.
 
جگە لە داخستنی سینەماکان لە 2020 لە ئەمریکا، بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، لە ماوەی 29 ساڵی رابردوودا، لەو وەرزەدا فیلمی ریزبەندی یەکەمی لیستی فیلمە پڕداهاتی ئەمریکای باکوور، کەمترین داهاتیان بەدەستهێناوە. 
 
فیلمی "Casper" لە 1995 پێشاندرا و داهاتی یەکەم هەفتەی 22 ملیۆن و 500 هەزار دۆلار بوو. لە ماوەی 29 ساڵی رابردوودا، فیلمی "Top Gun: Maverick's" کە لە 2022 بڵاوکرایەوە، بەهێزترین دەستپێکی لە هەفتەدا هەبووە، ئەویش بە کۆکردنەوەی 160 ملیۆن دۆلار، لە 2023 فیلمی "The Little Mermaid" توانی هەمان داهات بەدەستبێنێتەوە.
 
"Furiosa: A Mad Max Saga" بە بودجەی 100 ملیۆن دۆلاری لەلایەن کۆمپانیای وۆرنەر برۆس بەرهەمهاتووە و سێ هەزار و 804 سینەمای ئەمریکا و کەندا پێشاندەدرێت، بەڵام داهاتی یەکەم هەفتەی پێشبینی نەکراو بوو، پێشبینی دەکرا لانی کەم 40 ملیۆن دۆلار بەدەست بێنێت.
 
پەیام سەربەست، نێردراوی رووداو بۆ فێستیڤاڵی فیلمی کان، لە دوای پێشاندانی ئەم بەرهەمە سینەماییە لە فێستیڤاڵەکەدا، بۆچوونی بەشێک لە بینەرانی لەبارەی فیلمەکە وەرگرتبوو، بەشێکیان نیگەران بوون کە بەشی نوێی لە ئاست بەشەکانی پێشوو نەبوو و هەڵگەری چیرۆکێکی نوێ و جیاواز نەبووە.
 
بەشی رابردووی زنجیرە فیلمەکە بەناوی "Mad Max: Fury Road" لە ئایاری 2015 بڵاوکرایەوە، داهاتی یەکەم هەفتەی 45 ملیۆن و 400 هەزار دۆلار بوو، کۆی داهاتی لە سینەماکانی جیهاندا 380 ملیۆن دۆلارە.
 
بودجەی ئەنیمەیشنی "The Garfield Movie" بە بەراورد لەگەڵ "Mad Max: Fury Road" بە بڕی 40 ملیۆن دۆلار کەمترە، بەڵام جیاوازی داهاتیان تەنیا 100 هەزار دۆلارە. بە گشتی فیلمە ئەنیمەیشنەکان لە پشووی هاوینەدا، پێشوازییەکی بەرچاویان لێدەکرێت، چونکە فیلمی خێزانین.
 
لە دووەم هەفتەی پێشاندانی فیلمی ئەنیمەیشنی "IF"، بەرەو ریزبەندی دووەمی لیستەکە دابەزی، داهاتی ئەم هەفتەیەی 16 ملیۆن دۆلارە، کۆی داهاتی لە ماوەی دوو هەفتەدا 65 ملیۆن دۆلارە، کۆی داهاتی لە سینەماکانی جیهاندا زیاتر لە 100 ملیۆن دۆلارە.
 
داهاتی فیلمی "Kingdom of the Planet of the Apes" زیاتر لە 13 ملیۆن دۆلارە و لە ریزبەندی چوارەمدا هات، کۆی داهاتی لە ماوەی سێ هەفتەدا لە ئەمریکای باکوور 127 ملیۆن دۆلارە، کۆی داهاتی لە سینەماکانی جیهاندا 294 ملیۆن و 800 هەزار دۆلارە، بەمەش دەبێتە چوارەم فیلمی پڕداهاتی 2024ـە. 
 
ستۆدیۆکانی بەرهەمهێنانی فیلم نیگەرانن لە کەمی داهاتی فیلمەکان لە 2024ـدا، ئەمساڵ داهاتی هیچ فیلمێک لە یەکەم هەفتەی پێشاندانی نەگەیشتووەتە 100 ملیۆن دۆلار. لە 2023 فیلمی "Dune: Part Two" دەستپێکێکی بەهێزی 82 ملیۆن دۆلاری هەبوو، بەڵام نەیتوانی بگاتە کاروانی ئەو فیلمانەی 100 ملیۆن دۆلاریان لە یەکەم هەفتەدا بەدەستهێناوە. کۆی داهاتی ئەم بەرهەمە سینەماییە لە جیهاندا 711 ملیۆن دۆلارە.
 
بڕیارە لە ماوەی داهاتوودا چەند فیلمێکی بەهێز بکەونە نێو سینەماکاندا، لەوانەش "A Quiet Place: Day One" بەرهەمی کۆمپانیای پارامۆنت (27ـی حوزەیران)، فیلمی "Despicable Me 4" بەرهەمی یونیڤێرساڵ لە (3ـی تەممووز)، "Twisters" لە (19 تەممووز) و دوو بەرهەمی کۆمپانیای دیزنی "Inside Out 2" لە (14ـی حوزەیران) و "Deadpool & Wolverine" لە (26ـی تەممووز).
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە