رووداو دیجیتاڵ
ئالان عارف، هونەرمەند و ژەنیاری ناسراوی کورد، بڕیارە وەک سۆڵیستێکی کورد لەگەڵ ئۆرکێسترای فیلهارمۆنیکی برۆکسل؛ بەرهەمێکی میوزیکی کوردی بەناوی "هەورامان" پێشکێش بکات.
ئەو هونەرمەندە کوردە کە لە دیاسپۆرا دەژی، دڵخۆشە لە دوای ئەزموونی 40 ساڵ کارکردن لە دنیای میوزیکدا خەونەکەی بهێنێتە دی و وەک سۆلیستێکی کورد لەسەر شانۆ گەورەکانی جیهاندا میوزیک بژەنێت.
ئالان عارف، ئەمڕۆ چوارشەرممە 30ـی نیسانی 2025، میوانی بەرنامەی "رۆژی هیوا جەمال" بوو و رایگەیاند، مانگی ئایاری داهاتوو لە بەغدا، وەک سۆلیستێک لەگەڵ تیپی سیمفۆنیای نیشتمانی عێراق، لە لووتکەی وڵاتانی عەرەبی بەشدار دەبێت و میوزیک دەژەنێت.
هونەرمەند خۆشحاڵی خۆیشی بۆ بەشداریکردنی لەو لووتکەیەدا دەربڕی، گوتیشی، لە منداڵییەوە لە نێو دنیای میوزیکدا کار دەکات، ئێستا لە ئاستێکدایە بە شێوەیەکی ئەکادیمی ئاوازە جیهانییەکان دەژەنێت.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، کاتێک لەگەڵ ئۆرکێسترایەکی جیهاندا کار دەکات، حەز دەکات بەرهەمەکە رەنگ و شێوازی کوردی تێیدا بێت، "ئەمەش کارێکی ئاسان نییە".
لەبارەی بەشداریکردنی لە لووتکەی وڵاتانی عەرەبی لە بەغدا، گوتی، وەکو هونەرمەندێکی کورد بانگهێشتکراوە و دەیەوێت بە جلوبەرگی کوردییەوە بەشدار بێت. گوتیشی، لەو بۆنەیەدا دەیەوێت لە رێگەی هونەر و ئامێرە میوزیکییەکەیەوە ئەوە بخاتەڕوو کە کورد نەتەوەیەکی سەرەکییە لە عێراقدا، مێژوویەکی دێرینی هەیە، خاوەن هونەرێکی دێرینە و رەنگی جیاوازی تێدایە.
لەبارەی ئەزموونی 40 ساڵەی لە بواری میوزیکدا گوتی، لە تەمەنی نۆ ساڵییەوە سەرقاڵی میوزیکە و هەموو هیوای ئەوە بووە میوزیکی کوردی بگەیێنێتە جیهان و وەک سۆلیستێکی کورد میوزیک لە شانۆ بەناوبانگەکانی جیهان بژەنێت.
ئەوەشی ئاشکرا کرد، ماندووبوونێکی زۆری دەوێت تا بەو ئاستە دەگەیت، هەندێ جار رۆژانە 10 بۆ 12 کاژێر راهێنانی کردووە.
بڕیارە لە ئەیلوولی 2025، ئالان عارف وەک سۆلیستێک میوزیکی "هەورامان" بە هاوکاری و ئامادەکردنی د. قوتەیبە نعێمی و بە رابەرایەتیی داڤی ناڤارۆ، مایسترۆی جیهانی و لەگەڵ ئۆرکێسترای فیلهارمۆنیی برۆکسل بژەنێت.
ئەو میوزیسیانە کوردە دەڵێت، ڤایۆلێن ئامێرێکی ئەوروپاییە و مامەڵەکردن لەگەڵیدا ئاسان نییە بۆ ئەوەی رۆحێکی کوردیی پێبدەیت، ئاسان نییە لە نێو فەزایەکی ئەوروپاییدا جێگەی بکەیتەوە و ئەزموونی زۆری دەوێت. پێشتر لەگەڵ چەندین ئۆرکێسترای لۆکاڵیدا کاری کردووە، ئەمەش بووەتە ئەزموون بۆی بۆ ئەوەی لەگەڵ ئۆرکێسترای فیلهارمۆنیی برۆکسل کار بکات.
جگە لەو چالاکییەی، ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، سەرۆک وەزیرانی عێراق پێشنیازی کردووە بەغدا ببێتە پایتەختی گەشتیاریی وڵاتانی عەرەبی و بۆ ئەم مەبەستە سۆلیستەکانی هەموو وڵاتانی عەرەبی لە چالاکییەکانیدا بەشدار دەبن، ئەویش وەک هونەرمەندێکی کورد بەشدار دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ