رووداو - نەمسا
دڵشاد سەعید، هونەرمەند و میوزیکژەنی ناوداری کورد لە مەراسیمێکی بەرفراواندا، بڕوانامەی دکتۆرای لە بواری میوزیکی کوردی لە زانکۆی مۆزارت لە شاری ساڵزبورگی نەمسا وەرگرت.
نامەی دکتۆراکەی هونەرمەندی کورد دڵشاد سەعید لەژێر ناوی "لێکۆڵینەوەیەک لەسەر میوزیکی کورمانجی - لەبەرچاوگرتنی گۆرانییە ریتمییەکان" بوو، کە دوای گفتوگۆی تێزەکەی، دڵشاد سەعید بڕوانامەی دکتۆرای بە پلەی "زۆر باش" لە زانکۆی مۆزارت وەرگرت.
لە مەراسیمی وەرگرتنی بڕوانامەکەدا، سەرۆكی زانكۆی مۆزارت گوتی "بەڕێز دڵشاد توێژینەوەی دكتۆراكەت تەواوكرد، سەرەڕای پەیامەكەت بەڵگەیەكت پێشكەشكرد، كە توانات هەیە بەكارامەیی مامەڵە لەگەڵ پرسە زانستییەكان بەشێوەیەكی سەربەخۆ و تەواو بكەی. لە تاقیكردنەوە سەختەكان لەبەردەم نوێنەرانی زانكۆكان بەرگریم لە تێز و ئەنجامی كارەكانت كردوە و بۆ هەمووانم روونكردووەتەوە، كە تۆ توانا و شارەزایی فراوانت لەو بوارەدا هەیە، لەبەر ئەو هۆكارانە پلەی دكتۆرات پێبەخشرا".
دڵشاد سەعید بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، ئەوە یەکەمینجارە لێکۆڵینەوەیەکی ئەکادیمی بەوشێوەیە لەسەر میوزیکی کوردی - کورمانجی، لە زانکۆیەکی ئەوروپی ئەنجامدەدرێت، هەروەها باس لە ئاوێتەکردنی میوزیکی کوردی لەگەڵ دراوسێیەکانی دەکات.
دڵشاد محەممەد سەعید لە ساڵی 1958 لە دھۆک لەدایکبووە. دوای ئەوەی لە ساڵی 1977 بە پلەی "نایاب" پەیمانگەی ھونەرە جوانەکانی لە بەغدا تەواوکردووە، لە ئۆرکێسترای تەلەڤزیۆن و رادیۆ وەک ڤیۆلۆنیست و یاریدەدەری ئۆرکێسترا کاریکردووە. لە ساڵی 1979 گرووپی میوزیکی دھۆکی دامەزراندووە، کە بە فۆڕمێکی جیاواز لەڕێگەی تێکەڵکردنی میوزیکی نەریتی کوردی و شێوازی رۆژئاوایی کاریکردووە. لە ساڵانی 1984 تاوەکو 1988 لە زانکۆی وێڵز، ماستەری لە میوزیک وەرگرتووە، ئەمساڵیش بڕوانامەی دکتۆرای لە زانکۆی مۆزارت وەرگرت.
داڕشتنەوە: حەکیم داود
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ