رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای ئیمپایەر ئینتەرتەینمێنت، مافی بڵاوکردنەوەی فیلمی سینەمایی (ئەگەر ژنێک بتکوژێت، بەهەشت نابینی) (No Paradise If You Are Killed by a Woman)ـی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا کڕی. بڕیارە فیلمەکە بە شێوەیەکی بەرفراوان لە 16 وڵات و هەرێمی کوردستان نمایش بکرێت.
زانیاریی لەبارەی فیلمەکە
فیلمەکە، کە لە نووسین و دەرهێنانی دەرهێنەری کورد، هەڵکەوت مستەفایە کە چیرۆکی کچە نیشانشکێنێکی پێشمەرگە دەگێڕێتەوە کە بە نهێنی دەڕواتە نێو داعش لە مووسڵ، بۆ رزگارکردنی خوشکە بچووکەکەی.
خانمە ئەکتەری کورد (ئاڤان جەمال) و ئەکتەری نەرویجی (تۆربیان هار) رۆڵی سەرەکیی تێدا دەگێڕن. هەڵکەوت مستەفا بە رووداوی گوت: فیلمەکە بەرهەمی هاوبەشی وڵاتانی نەرویج، سوێد، فەرەنسا، ئەمریکا، ئیمارات و هەرێمی کوردستانە.
هەڵکەوت مستەفا، ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، فیلمەکە وێنەیەکی شیعریی ژنە پێشمەرگەیەک دەگێڕێتەوە کە رەتی دەکاتەوە "لەبەردەم تاریکیدا سەر دابنەوێنێت". بۆ ئەم بەرهەمە، لەگەڵ چەندین ژن گفتوگۆ و دیداری کردووە.
دوای پێشوازیی گەرمی فیلمی دۆکیۆمێنتاریی پێشووی هەڵکەوت مستەفا (شاردنەوەی سەدام حوسێن)، کە بە پڕبینەرترین فیلمی دۆکیۆمێنتاریی مێژووی بۆکس ئۆفیسی عەرەبی دانراوە، ئێستا ئیمپایەر ئینتەرتەینمێنت پلانی بۆ نمایشێکی بەرفراوانی فیلمە نوێیەکەشی دادەنێت.
کۆمپانیای ئیمپایەر ئینتەرتەینمێنت یەکێکە لە گەورەترین، کۆنترین و ناسراوترین کۆمپانیاکانی کات بەسەربردن، پێشاندان و دابەشکردنی فیلم لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا.
بنکەی سەرەکیی کۆمپانیاکە لە بەیرووتی لوبنانە و لە هەریەک لە دووبەی و قاهیرەش لقی هەیە و، هاوبەشی گەورە کۆمپانیای سۆنیی ئەمریکاییە.
جۆن جاکۆبسن، بەرهەمهێنەری نەرویجی دەڵێ، "کاتێک ئەم پرۆژەیەم پێشکێشکرا، دەستبەجێ زانیم دەمەوێت بەشێک بم لێی. چەند جار شتێک دەبینیت کە هەم سەرسوڕهێنەر بێت و هەم بە تەواوی نوێ بێت؟"
پاسکال رەحمە، لە کۆمپانیای ئیمپایەر ئینتەرتەینمێنت رایگەیاند، "زۆر دڵخۆشین کە جارێکی دیکە لەگەڵ هەڵکەوت مستەفا کاردەکەینەوە دوای سەرکەوتنی نایابی (شاردنەوەی سەدام حوسێن) لە سەرانسەری ناوچەکەدا. پێمانوایە (ئەگەر ژنێک بتکوژێت، بەهەشت نابینیت) فیلمێکی بەهێز و سۆزدارانەیە کە بە باشی پەیوەندی لەگەڵ بینەراندا دروست دەکات."
(شاردنەوەی سەدام حوسێن)، دوایین بەرهەمی ئەو دەرهێنەرە کوردە بوو کە وەک پڕداهاتترین بەڵگەفیلم لە مێژووی بۆکس ئۆفیسی وڵاتانی عەرەبیدا دەناسرێت، تەنیا لە 17 رۆژدا یەک ملیۆن دۆلاری بەدەستهێنا و رووداو بەشدارێکی سەرەکیی بەرهەمهێنانەکەی بوو.
هەڵکەوت مستەفا کێیە؟
هەڵکەوت مستەفا خەڵکی باشووری کوردستانە و لە نەرویج نیشتەجێیە، لە 2016 بە فیلمی سینەمایی (کلاسیکۆ) توانی ناوبانگێکی نێودەوڵەتی بەدەستبێنێت و فیلمەکەی زیاتر لە 56 وڵات بڵاوکرایەوە و چەندین خەڵاتی نێودەوڵەتیی بەدەستهێنا.
لەلایکی دیکەوە، هەڵکەوت مستەفا کار بۆ بەڵگەفیلمی (فارووق) دەکات کە چیرۆکی زانایەکی عێراقی دەگێڕێتەوە کە بە کلیلی سەرکەوتنی نەرویج لە بەڕێوەبردنی وزەی وڵاتەکە دەناسرێت و تۆڕی میدیایی رووداو یەکێک لە بەرهەمهێنەرانییەتی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ