گالەری

پێشانگەی تایبەتیی شێوەکار حەمە هاشم بە ناونیشانی (یادەوەرییەکانی بەرد)، لە هۆڵی میدیای هەولیر کرایەوە و بۆ ماوەی 10 رۆژ بەردەوام دەبێت. پێشانگەکە لە 24 تابلۆی قەبارە گەورە و کارێکی ئینستالەیشن پێکهاتووە، هەڵگری پەیامێکی قووڵ و بەرپرسیارانەیە سەبارەت بە یادەوەرییە ناخۆشەکان و قوربانییەکانی کۆمەڵگە.
 
پێشانگەکە بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 21ـی تشرینی یەکەمی 2025 کرایەوە و حەمە هاشم بە رووداوی راگەیاند: "بەردم وەکو ناسنامەیەک بەکارهێناوە کە لە یادەوەری مرۆڤدا کۆمەڵێک چیرۆکی نەهامەتی و ناخۆشی هەیە". یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکان بریتییە لە قوربانییانی تووندوتیژیی دژی ژنان، بەتایبەتی ئەو کچانەی لەسەر شەرەف و داب و نەریت دەکوژرێن. گوتیشی: "دەمەوێت وەکو شکۆمەندییەک بۆ ئەو مرۆڤانەی لە پێناو هیچدا دەکوژرێن، وەکو مۆنۆمێنت و رێزگرتنێک، شکۆیان بۆ بگەڕێنمەوە لەنێو رەنگ، تابلۆ و جوانی".
 
بەشێکی دیکەی کارەکانی پێشانگەکە تایبەتە بە رێزگرتن لە کرێکارانی کەرتی بیناسازی بوون، بەتایبەت ئەو کرێکارانەی لە پێناو دابینکردنی بژێویی منداڵەکانیان گیانیان لەدەستداوە. حەمە هاشم چەندین پارچە کۆنکرێتی گەورەی لە کارەکانیدا بەکارهێناوە کە نانی لە نێواندا داناون، وەکو ئاماژەیەک بە قوربانییانی چینی کرێکار.
 
هونەرمەند حەمە هاشم، جەختی لەوە کردەوە، هونەرمەند دەبێت بەرپرسیار بێت بەرامبەر بەو رووداوانەی لە دەوروبەری روودەدەن. ئەو پێی وایە ئەم بەرپرسیارێتییە لەسەر شانیەتی و دەیەوێت لە رێگەی هونەرەوە ئەو ئایدیایانە بە بینەر بگەیێنێت، بە شێوەیەکی جوان و وەکو دەربڕینێک کە بینەر بتوانێت بە ئاسانی لە دۆخەکە تێبگات.
 
پێشانگەی (یادەوەرییەکانی بەرد) بانگەوازێکە بۆ بیرکردنەوە لە قوربانییە بێدەنگەکان و هەوڵێکە بۆ بەخشینی شکۆ و رێز بەوانەی ژیانیان لەدەست داوە، هەروەها وەکو یادخستنەوەیەک بۆ بەرپرسیارێتیی مرۆڤایەتی.
 
حەمە هاشم، لە 1973 لە کۆیە لەدایک بووە، دەرچووی پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی هەولێرە. 16 پێشانگەی تایبەتیی کردووەتەوە و بەشداریی لە زیاتر لە 100 پێشانگەی هاوبەشدا کردووە، هەروەها 10 کتێبی تایبەت بە هونەری شێوەکاری، پەیکەرسازی و ئەبستراکتی نووسیوە.