رووداو دیجیتاڵ
زانکۆی هەڵەبجە باوەشی بۆ کەسایەتییە ئەکادیمی، توێژەران، مێژووناسان، مامۆستا، پسپۆڕ، کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکان کردەوە لە رێگەی رێوڕەسمی ناساندن و تەواوبوونی پرۆژەی زانیارینامەی (ئینسکلۆپیدیای) پارێزگای هەڵەبجە.
ئەم پرۆژەیە لە ئەنجامی کاری زیاتر لە 100 کەسایەتیی ئەکادیمی، رۆشنبیر، توێژەر، مامۆستای زانکۆ هاتە کایەوە کە سەرجەمیان خەڵکی ئەو پارێزگایەن. ئامادەکارانی زانیارینامەکە لە ماوەی زیاتر لە 3.5 ساڵ ئەم کارەیان تەواو کرد. شێخ عەلی شێخ عیزەدین، کەسایەتیی بەناوبانگی هەڵەبجە، لەم سێ ساڵەدا سپۆنسەری سەرەکیی پرۆژەکە بوو لە هەموو روویەکەوە.
زانیارینامەی پارێزگای هەڵەبجە کە بەناوە ئەکادیمییەکەی بە ئینسکلۆپیدیا ناسراوە، لە نۆ بەرگ پێکهاتووە و هەموو روویەکی ئەم پارێزگا کوردستانییە لەخۆ دەگرێت.
زانیارینامەکە دەبێتە سەرچاوەی دایک بۆ ناساندی هەڵەبجە
پرۆفیسۆر دکتۆر بەمۆ پەروێز عەزیز، سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە لە رێوڕەسمەکەدا گوتارێکی پێشکێش کرد و بەمشێوەیە باسی زانیارینامەکەی کرد. "زانیارینامەی پارێزگای هەڵەبجە، کاری هاوبەشی نێوان زانکۆی هەڵەبجە و رێکخراوی خاڵە بۆ هزر و رۆشنبیری. زیاتر لە 3 ساڵ و نیوە گرووپێک لە مامۆستایان و توێژەران و پسپۆڕان بەشێوەیەکی ئەکادیمیانە کاریان لەسەر کردووە. سەرۆکایەتیی زانکۆی هەڵەبجە وەک ئەرکی یاسایی و ئەکادیمی خۆی بە گرنگییەوە دەڕوانێتە ئەم کارە زانستییە."
سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە لە باسی زانیارینامەکەدا رایگەیاند، پێمانوایە ئەم بەرهەمە رەسەنە زیادکردنێکی چۆنایەتیی زانستی و مەعریفییە دەبێتە سەرچاوەی دایک و بنەمایەکی سیستماتیک بۆ رێکخستن و پێناسەکردن و نیشاندانی هەڵەبجە وەک شارێک، وەک کولتوورێک، وەک توانا و بەرهەمێکی هزری. ئەمەش لە رێگەی بەڵگەنامەییکردنی مێژووی شارەکە و شوناسە شارستانی و زانستی و کولتوورییەکانی.
لەبارەی گرنگی زانیارینامەکەش گوتی، ئەوەی گرنگە لەم زانیارینامەیەدا، هەڵەبجە بە زمانی زانست و راست بەدەستی خۆی، خۆی لە رووی مێژوویی، جوگرافیا، کولتوور و زمان و فەرهەنگ و پەروەردە و فێرکردن و کەسایەتییەکان و بوارە کۆمەڵایەتییەکان دەناسێنێت.
پلانی زانستییە بۆ کاری داهاتووی فرەرەهەند
بەمۆ پەروێز، لە پەسنی کتێبەکەدا دەڵێت، زانیارینامەی هەڵەبجە دەکرێ ببێتە بنچینەیەک بۆ پلانی زانستی و کاری داهاتوو فرەرەهەند بۆ خزمەتی خەڵک و خاکی دەڤەرەکە و نیشتمان. کاتێک زانیارییەکان بەشێوەیەکی رێکخراو کۆدەکرێنەوە بۆ وەسفی راستییەکان، بەرپرسان و توێژەران و ئەکادەمییەکان دەتوانن لەسەر بنەمای زانیاریی پشتڕاستکراوە پەرە بە کارەکانیان بدەن. بەمشێوەیە زانیارینامەکە دەبێتە بنەمای پشتیوانیکردنی بەردەوام.
پێشنیاز دەکات، هەر بەمە نەوەستێت بگرە پەرەی زیاتری پێ بدرێت و دەلێت، پێویستە ئەم زانیارینامەیە ببێتە سەرچاوەیەک ماوە ماوە پێداچوونەوەی بۆ بکرێت بۆ دەوڵەمەندکردن و پشت پێبەستنی لەلایەن توێژەران و ئەکادەمییەکان و خوێنەرانی. شێخ عەلی شێخ عیزەدین سپۆنسەری ئەم پرۆژەیە بووە.
زانیارینامەکە مشتێکە لە خەرواری مێژووی هەڵەبجە
تۆفیق کەریم، سەرپەرشتیاری گشتی پرۆژەی ئامادەکردنی زانیارینامەکە میوانی بەرنامەی رۆژی هیوا بوو لە تەلەڤزیۆنی رووداو. لەگەڵ هیوا جەمال گفتوگۆیان لەبارەی ئەم ئینسکلۆپیدیا کوردییە کرد.
تۆفیق کەریم بە رووداوی گوت، "زانیارینامەی هەڵەبجە کە ئینسکلۆپیدیای زانیارییە ئەمڕۆ بڵاوکرایەوە. تایبەتە بە هەڵەبجە و لە نۆ بەرگ پێکهاتووە. مشتێکە لە خەرواری مێژوو، جوگرافیا، هونەر و هەموو بوارە تایبەتەکانی هەڵەبجە لەخۆ دەگرێت."
ئەم زانیارینامەیە بریتییە لە سەرجەم زانیاریی مێژوویی، جوگرافی، کولتووری، رۆشنبیری، سرووشت و هەموو دیوەکان کە راستەوخۆ پەیوەندییان بە هەڵەبجەوە هەیە. زۆر بە کورتی و بە شێوەیەکی زانستی لەخۆ گرتووە و هەر بەرگێکیشی تایبەتکراوە بۆ بەشێک لەم بابەتانە.
سەبارەت بە مێژووی پارێزگاکە، باسی لەوە کرد کە "ئێمە ئەو سنوورەی ئێستا پێی دەگوترێت پارێزگای هەڵەبجە کە بریتییە لە ناو هەڵەبجە خۆی، هەورامان بەهەموو بەشەکانییەوە بە تەوێڵە، بیارە، خورماڵ و ئەو بەشەی شارەزوور تاوەکو نزیکی سەید سادق دەبێتەوە واتە تاوەکو گردەنازێ لەم لایشەوە ناحیەی بەمۆ-یشی گرتووتەوە."
راشیگەیاند، هەڵەبجە لەوەتی هەبووە یانی زۆر پێش ئێوەی ئاوەدان بکرێتەوە رەنگ بێ روودای وای تێدایە کە بۆ هەزار ساڵ بەر لە ئێستا دەگەڕێتەوە. پێش ئەوەی هەڵەبجە وەکو شار هەبێت چەند جارێک ئاوەدان کراوەتەوە و بەتایبەتی دەڤەری هەڵەبجە واتە ناوچەی هەورامان و ئەمانە پێش چەند هەزار ساڵێک لەمەوبەر شوێنەواری لێ بەجێ ماوە بۆیە ئێمەش هاتووین هەر لێوە دەستمان پێکردووە.
هەڵەبجە وەکو شار دوای هاتنی حەمە پاشای جاف و دوای ئەوەی لە ناحیەی گوڵ عەنبەرەوە و گواستراوەتەوە بۆ هەڵەبجە. پێشتر لە خورماڵەوە هاتووە و دواتر بووەتە قەزا، لەوێوە ئیدی دەکرێت بڵێین شارە.
سەرپەرشتیاری گشتی پرۆژەی ئامادەکردنی زانیارینامەکە ئەوەشی خستەڕوو کە نزیکەی سێ ساڵ و نیوە واتە لە مانگی هەشتی 2022 خەریکی ئەم زانیارینامەیەین بە بەشداری رێکخراوی خاڵ و زانکۆی هەڵەبجە، زیاتر لە 100 کەس بەشداربوون لە داڕشتنی ئەم شاکارە. لە راستیدا زۆر ماندووبوون ئەو بەڕێزانە لیژنەی باڵای هەبووە دەستەی کارگێڕی هەبووە. کاک شێخ عەلی شێخ عیزەدین سەرمایەداری نیشتمانی دەستی کردینەوە لە رووی ماددیەوە نەیهێشت هیچ کەموکوڕییەکمان هەبێت لە ماوەی ئەم سێ ساڵ و نیوە. هەروەها شێخ تایەر نووسینگەکەی خۆی پێداین و لەم سێ ساڵەدا هەر لەوێ بووین و کارەکانمان بەڕێوەدەبرد.
زیاتر لە 500 کتێب لەسەر هەڵەبجە نووسراوە
تۆفیق کەریم جەختیکردەوە، بە ئەندازەیەکی تێروتەسەل و زۆر بە وردییەوە کارەکانمان رادەپەڕاند و بەدوای زانیاری زیاتر دەگەڕاین. "ئەوەی زۆر سەرنجی راکێشاوم بەپێی ئەوەی هەڵەبجە بچووکترین پارێزگای کوردستانە، تێگەیشتم لەوەی کوردستان زۆر دەوڵەمەندە. دەوڵەمەندە لە رووی کولتوورییەوە، لە رووی فەرهەنگییەوە، لە مێژووە، لە سرووشتدا، لە زۆر شتدا."
تۆفیق کەریم گوتی: "ئەوە ئێمەین ئەوەندە خۆمانمان شکاندووەتەوە ئێمە چیمان هەیە و کەی ئەوەندە رووداو هەیە لە کوردستانە و کەی ئەوەندە هەیە من سەرنجی راکێشام لە راستیدا شانازی بکەم بە وڵاتەکەی خۆمەوە. ئێمە دەڵێین نووسین زۆر کەمە لەسەر شار و گوند و وڵاتەکەمان، بەڵام کە دواتر کۆی دەکەیتەوە پێچەوانەکەیت بۆ دەردەکەوێت. ئەوەی ئێمە کۆمان کردووەتەوە و لای خۆمان تۆمارمان کردووە، تەنیا لەسەر پارێزگای هەڵەبجە ئەوەی بەدەستی ئێمە گەیشتووە زیاتر لە 500 کتێبی لەسەر نووسراوە بە زمانە جیاوازەکان. تەنیا کتێبی کوردی و عەرەبی و فارسیمان تۆمار کردووە ئەو دەوڵەمەندییە لەڕاستیدا سەرنجی منی راکێشا."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ