رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی نەخۆشییە دەروونییەکان چەند رێنوێنییەک بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12 رادەگەیێنێت و دەڵێت: نابێت خێزانەکان بۆ بەدەستهێنانی نمرەی بەرز گوشار بخەنە سەر خوێندکاران، هەروەها بۆ پاراستنی تەندروستی و دەرووندروستییان پێویستە ژینگەیەکی لەباریان بۆ بڕەخسێنن.
رۆژی پێنجشەممە 1-6-2023 دکتۆر جەعفەر عومەر، پسپۆڕی نەخۆشییە دەروونییەکان لە بووڵتەنی نوورۆژدا رایگەیاند، ئاساییە خوێندکاران لەکاتی تاقیکردنەوەکاندا دووچاری ترس و دڵەڕاوکێ ببن، بەڵام پێویستە کۆنتڕۆڵی بکەن بۆ ئەوەی کاریان لێ نەکات.
دکتۆر جەعفەر روونی دەکاتەوە، هەر خوێندکارێک تووشی 'دڵەڕاوکێ، هەناسەتەنگی، تێکچوونی خەو و خۆراک، کەمبوونەوەی توانای بیرکەوتنەوە و ناڕێکی لە ئەزبەرکردنی وشەکان' بوو، ئەوا دەرخەری ئەوەیە کە لە حاڵەتێکی نائاساییدایە و پێویستە بە رێگەی گونجاو کۆنتڕۆڵیان بکات.
پسپۆڕەکە دوو خاڵی بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتن لە تاقیکردنەوەکاندا پێشنیازکرد و گوتی، بیرکردنەوەی ئەرێنی و دیاریکردنی ماوەی پشووەکان بۆ حەسانەوەی دەروون هۆکارن بۆ باشترکردنی حاڵەتی خوێندکاران لە کاتی تاقیکردنەوەکانیان و رووبەڕووبوونەوەی ترس و دڵەڕاوکێیان.
هەروەها ئاماژەشی بەوەکرد کە پێویستە خوێندکاران پلانێکی دیاریکراویان هەبێت و بەرچاوڕوونبن لە ئەنجامدانی کارەکانی رۆژانەیان و خوێندنی وانەکانیان.
لە بارەی بایەخی خەوی پێویست لەکاتی تاقیکردنەوەکاندا گوتی، یارمەتیی باشتربوونی فەرمانەکانی مێشک دەدات، هەروەها پێشنیازدەکات کە خوێندکار لە سەرەتای تاقیکردنەوەکانەوە دووربکەوێتەوە لە مۆبایل و ئامێرە زیرەکەکان''.
رێنوێنییەکانی دکتۆر جەعفەر بۆ دایک و باوکان ئەوەیە کە گوشار خستنە سەر منداڵەکانیان بۆ بەدەستهێنانی نمرەی بەرز دەشێت هۆکاربێت بۆ زیادبوونی دڵەڕاوکێیان، ئاشکراشی دەکات، پێویستە ژینگەیەکی لەباریان بۆ بڕەخسێنن تاوەکو دەروونیان ئاسوودەتر و تەندروستییان باشتربێت.
لە کۆتاییدا پسپۆڕەکە رێنوێنیی خوێندکاران دەکات کە بایەخ بە رێگەکانی وەکو 'خواردنی خۆراکی تەندروست، دوورکەوتنەوە لە خۆراکە چەور و قورسەکان، بایەخدان بە چەرەس، وەرزشی رۆژانە بۆ ماوەی 30 خولەک و زۆر خواردنەوەی ئاو و شلەمەنییەکان' بدەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ