رووداو - تەندروستی
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا رایگەیاند، بۆ ساڵی 2026 پلانیان هەیە نەخۆشخانەیەکی گەورەتر بۆ تووشبووانی شێرپەنجە دروست بکەن و جەخت دەکاتەوە، بینای ئێستای نەخۆشخانەکە شوێنی پێویستی تێدا نییە.
د. یاد نەقشبەندی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا لە رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی شێرپەنجە رایگەیاند: "پلانی نوێمان هەیە بۆ ئەو کەموکوڕییانەی کە ساڵی رابردوو هەمانبووە، بۆ ساڵی 2026 رژد دەبین لەسەر دروستکردنی نەخۆشخانەی هیوای گەورە، چونکە ئەو بینایەی ئێستا هەیە شوێنی تووشبووانی شێرپەنجە نییە."
سەبارەت بە ئامارەکان، د. یاد نەقشبەندی گوتی: "لە مانگی یەکی ساڵی 2026ـدا 285 حاڵەتی نوێی شێرپەنجە تۆمارکراون، بەڵام بەپێی ئاماری یەک مانگ دەرناکەوێت کە رێژەکە زیادی کردووە یان کەم، نزیکەی 20%ی ئەو تووشبووانە خەڵکی پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستان و عێراقن و هەموویان هاونیشتمانی شاری سلێمانی نین."
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا ئاماژەی بەوەشکرد، هەنگاوی دووەمیان "دروستکردنی سەنتەرێکی گەورەی دەستنیشانکردنی پێشوەختەی شێرپەنجەیە."
د. یاد نەقشبەندی داوای پاڵپشتیی زیاتری بۆ نەخۆشخانەکە کرد و گوتی: "دەرمان هەیە تەنیا یەک حەبی نرخەکەی 300 هەزار دینارە، بۆیە داواکارین پاڵپشتیی زیاتری نەخۆشخانەکان بکرێت."
لە پەیامێکیشدا بەبۆنەی رۆژی جیهانیی شێرپەنجەوە، د. یاد نەقشبەندی پیرۆزبایی لەو تووشبووانە کرد کە چاکبوونەتەوە و گوتی: "تووشبوون بە شێرپەنجە یەکسان نییە بە مردن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ