تەندروستی
چێشتخانەیەکی خواردنە خێراکان لە هەولێر. وێنەکە بۆ روونکردنەوە لەسەر هەواڵەکە دانراوە: بڵند تاهیر - رووداو
رووداو - تەندروستی
ناوەندی کۆنتڕۆڵکردن و پێشگیری لە نەخۆشییەکان لە ئەمریکا رایدەگەیێنێت، کارمەندە نەخۆشەکانی نێو رێستورانت و چێشتخانەکان هۆکاری 40٪ـی تووشبوونن بە ژەهراویبوونی خۆراک.
راپۆرتێکی نوێی ناوەندی کۆنتڕۆڵکردن و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان CDC لە ئەمریکا دەریدەخات، زۆربە ژەهراویبوونی خۆراک بەهۆی گواستنەوەی ''میکرۆبەکان"ی ئەو کارمەندە نەخۆشانەوە بووە، کە لە چێشتخانەکان کار دەکەن.
ناوەندی CDC لە راپۆرتەکەیدا ئاماژەی بە زانیاریی 800 راپۆرتی ژەهراویبوونی خۆراک کردووە کە لە 25 ویلایەت کۆکراونەتەوە و دەرکەوتووە، کارمەندە نەخۆشەکانی چێشتخانەکان باوترین هۆکاری ژەهراویبوونەکان بوون.
هەروەها لە راپۆرتەکەدا هاتووە، هۆکاری زۆرترین ژەهراویبوونەوەکان بەهۆی ڤایرۆسی نۆرۆ و بەکتریای سالمۆنێلاوە بووە.
ناوەندەکە پێشنیاز دەکات رێگە بەو کارمەندە نەدرێت کار بکەن، کە نەخۆشن. پسپۆڕێکی بەکتریۆلۆژیش دەڵێت: ''ئەو کەسانەی هەوکردنی کۆئەندامی هەناسەیان هەیە یاخود نیشانەکانی وەکو 'پژمە، کۆکە و تا'ـیان هەیە پێویستە نەچنە شوێنی کارەکەیان''.
بەگوێرەی خەمڵاندێکی ناوەندەکەش، ساڵانە لە شەش ئەمریکی یەکێکیان تووشی ژەهراویبوونی خۆراک دەبێت کە چێشتخانەکان شوێنی سەرەکی ژەهراویبوونەکەن، رێکخراوی تەندروستیی جیهانیش رایدەگەیێنێت، ساڵانە زیاتر لە 100 هەزار کەس بەهۆی ژەهراویبوونی خۆراک لە نەخۆشخانەکان دەخەوێندرێن و لەو ژمارەیەش سێ هەزاریان گیانلەدەستدەدەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ