پەرستارێک: دەبێت رێکلام بۆ شیری قوتوو بوەستێندرێت

06-08-2025
شکار رێبوار
شکار رێبوار
هیوا جەمال - هاوناز حەمەڕەشید
هیوا جەمال - هاوناز حەمەڕەشید
A+ A-
رووداو - تەندروستی

پەرستارێک کە خاوەنی بۆردی نێودەوڵەتیی راوێژکاریی شیردانی سرووشتییە لە سلێمانی رایدەگەیێنێت: هەر دایکێک نەتوانێت شێری خۆی بە منداڵەکەی بدات، دەبێت چارەسەر وەربگرێت و راوێژ بە کەسانی پسپۆڕ لە بوارەکەدا بکەن.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 6-8-2025 هاوناز حەمەڕەشید، پەرستار و خاوەنی بۆردی نێودەوڵەتی لە راوێژکاریی شیردانی سرووشتی لە بەرنامەی رۆژی هیوا جەمالدا گوتی، دەبێت رێکلام بۆ شیری قوتوو بوەستێندرێت و نابێت بە ئاسانی لە مارکێتەکاندا شیری قوتوو بفرۆشرێت.
 
هاوناز حەمەڕەشید روونی دەکاتەوە، ئەگەر کۆرپە مەمکی دایکی نەگرت و شیری دایکی نەخوارد، ئەوا پێویستە دایکان ئەو کێشەیە چارەسەر بکەن و بزانن کە کێشەکە لەکوێوەیە بۆ ئەوەی بە زووترین کات چارەسەری بکەن و منداڵەکەیان بێبەش نەکەن لە شیری خۆیان.
 
هاوناز حەمەڕەشید پێشنیاز دەکات، خانمان پێش منداڵبوون پێویستە بزانن کە چۆن شیر بە کۆرپەکەیان دەدەن و هەمیشەش پشت بە لەدایکبوونی سرووشتی ببەستن بۆ ئەوەی راستەوخۆ دوای لەدایکبوونی منداڵەکەیان، شیری خۆیانی پێبدەن.
 
هەفتەی جیهانیی شیرپێدانی سرووشتییە و رووداو رووماڵی هەفتەیی بۆ هۆشیارکردنەوەی دایکان لە بایەخی شیری خۆیان بۆ کۆرپەکانیان بەردەوامە، لێدوان لە چەند دایکێک وەرگیراوە و یەکێکیان دەڵێت: ''هەموو منداڵەکانم شیری خۆمیان خواردووە، دانەیەکیان دوو ساڵ پێم دا و وریاترە لەو منداڵەی دیکەم کە ساڵێک شیری خۆمم پێی دا''.
 
سوودەکانی شیری دایک بە هەفتەیەک تەواو نابن، بەڵام لە دێسکی تەندروستیی رووداو هەوڵدەدەین نوێترین زانیارییەکان لەسەر شیری دایک رابگەیێنین و هەفتەیەک رووماڵمان بۆ ئەو بابەتە داناوە بە ناوی ''شیری دایک، ڤاکسینێک لە بەهەشتەوە''.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە